سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئێستاکە هونەری میللی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە، چونكە بەشێكی زۆری چالاكییەكان ئەوان ئەنجامی دەدەن و تەنانەت هەندێكیشیان خۆبەخشانە كار دەكەن، بۆیە ئەوەی بەجوانی و راستەقینەیی ماوەتەوە هونەری میللییە”.
كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان چەندین ساڵە دامەزراوە و بەپێی دواین ئاماریش، زیاتر لە هەزار و 400 ئەندامیان هەیە، موزیسیان جەزای ساز، سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان بە “هەولێر”ـی راگەیاند: “دۆخی ئێستای هونەری میللی لەئاستێكی زۆر بەرزدایە و لەهەموویان زیاتر لە برەودایە، لەبەرامبەردا تیپە هونەرییەكانی دیكە زۆر چوونەتە دواوە، لەبەرئەوەی حكوومەت پاڵشپتیان ناكات و بەرهەمیان نییە، بۆیە ئەوەی ئێستا لەگۆڕەپانەدا كار دەكات هونەرمەندی میللییە و هەرچی چالاكییە
هونەرمەندی میللین”.
زۆرجار بە هونەرمەند و هونەرمەندانی میللی دەوترێت “ئاست نزم یان بازاڕی”، لەبەرئەوەی هونەرەكەیان لەئاستێكی بەرزدا نییە، بەڵام جەزای ساز پێچەوانەی ئەو قسەیەی هەیە و دەڵێت: “لای ئێمە پێچەوانەكەی راستە، لەهونەری شانۆشدا جۆرێك هەیە پێی دەڵێن بازاڕی، لەشێوەكاریشدا شێوەكارێك لەسەر شەقام دادەنیشێت تابلۆ دەكێشێت و پارەی پێ پەیدا دەكات، راستە هونەری میللیش ئاست بەرز و ئاست نزمی هەیە، ئێمە بە ئاست نزمەكان ناڵێین هونەری میللی”.
سەبارەت بەوەی كە ئەوان بە چ هونەرمەندێك دەڵێن “میللی”، سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی روونیكردەوە: “ئێمە جگە لە هونەری میللی و فۆلكلۆری، هونەری دیكەمان نییە، ئەوەی دیكە چەند ساڵێك لەمەوبەر شەپۆلێك هەبووە زۆربەی لاساییكردنەوەی هونەری ئەرەبیسك بووە، بەڵام ئەوەی بەجوانی و راستەقینەیی ماوەتەوە هونەری میللییە”.
ماوەی چەند ساڵێكە دوو جۆر ئاهەنگی شەوانە لە ماڵ و ئوتێلە پێنج ئەستێرە و چوار ئەستێرەییەكاندا ئەنجام دەدرێن، ئەوەی ماڵەكان زیاتر هونەرمەندانی میللین، بەڵام لایڤ موزیكەكان هونەرمەندانی دیكەن.
جەزای ساز هۆكاری بەشداری هونەرمەندانی میللی لەو ئاهەنگانە كە زیاتر بە “گەعدە” ناو دەبرێن بۆ بژێوی ژیان دەگەڕێنێتەوە و وتی: “ئەو هونەرمەندە میللیانەی لەبەر بژێوی ژیان ئەو كارە دەكەن، چونكە ئەگەر ئەو ئاهەنگانە نەكەن بژێویان نابێت، لە وڵاتانی دیكەش هونەرمەندی میللی بە هونەرەكەی دەژیێ، تەنانەت ئێستا هەندێك لە هونەرمەندانی ناوداریش دەڕۆنە لایڤ موزیكەوە”.
بەوتەی سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی، هونەرمەندانی میللی جگە لەبڵاوكردنەوەی ئەلبوم و كلیپ، بەپێچەوانەی هونەرمەندانی دیكەوە، سیفاتی خۆبەخشانەیان تێدایە، بۆ بەڵگەش لە هەموو بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا بە خۆبەخشانە كار دەكەن، بەپێچەوانەی هونەرمەندانی دیكە كە ئەگەر پارەیان پێنەدرێت كار ناكەن.
بەپێی ئاماری كۆمەڵەی هونەری میللی كە بە “هەولێر” دراوە، تا ساڵی 2018، بە شاری سلێمانی و دەوروبەری و ناوچە دابڕاوەكان و رۆژهەڵاتی كوردستانیش، نزیكەی هەزار و 480 ئەندامی ئەو كۆمەڵەیە بە (فەخری و كارا و ئاسایی) تۆمار كراون، وەك جەزای ساز ئاماژەی پێ كرد، لەو ژمارەیە زیاتریش هەیە، بەڵام لەكوردستان بەحوكمی جوگرافیای سیاسی ئەو دابەشبوونە هەیە.