ئەرسەلان دەروێش: “سەباو” ئەو ڕۆڵەی هەتاهەتایە لە مێژووی ھونەری کوردیدا درەوشاوەیە
دەرھێنەری ناسراوی بواری شانۆ و درامای کوردی ھونەرمەند “ئەرسەلان دەروێش” خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەند و ئەفرێنەرانەیە لەمیانەی بەخششە ھونەرییەکانیدا کە “چوار دەیە” و “حەفتا” بەرھەمی ھونەریی رەد داوە، ئەو وەک دەرھێنەرو ئەکتەرو سینارێست و سینۆگرافەر لەبوارەکانی “شانۆ و فیلمسازی و درامای تەلەفزیۆنی و رادیۆیی”ـدا جێ دەستی دیارەو نەخشی خۆی داناوە لە ھونەری کوردیدا، کوا ھەیە چەند جارێک تەماشای زنجیرە درامای “ئارەزوو”ـی نەکردبێت کە وێڕای کاری دەرھێنان وەکو “ئەکتەر”ـیش رۆڵێکی سەرەکی تیادا گێڕاوە، دراماکانی “خەرەند”و “رۆژمێری شارێک”و “شەوچەرە”و”گێلە پیاو”و “مناڵەکانمان”و “مەرگی فریشتەکان”، چەندین پرسی گرنگی نێو کۆمەڵگای کوردی بەرجەستەکردووەو رۆشنی کردووەتەوە.
خۆ لەبواری شانۆدا تەواوی ھۆڵەکانی شانۆی کوردستان لە شارەکانی سلێمانی و ھەولێرو دھۆک گەواھی بۆ کارو نمایشە گرینگ و بایەخدارەکانی ئەم دەرھێنەرە کوردە دەدەن و تەنانەت سەدای بەشێک لە کارەکانی بینراوە، کوردییەکەی لەمەڕ خۆمانی بواردووە، وێرای ئەم ئەزموونە دیارەش یەکێک لە ئاکارو خەسڵەتە دیارەکانی مامۆستا “ئەرسەلان دەروێش” پشتیوانییە بەردەوامەکەیەتی لە گەنجان، جا لە ھەر کونج و دەڤەرێکی نیشتیمان بن چ بە ئامادەبوون لە بەردەم بەرھەمەکانیاندا، یان بە ھاوکاریکردنیان لە تێزەکانی خوێندنی باڵا و دابین کردنی سەرچاوەو زانیاریی پێویست بۆیان، ئێمە لە ڕۆژنامەی “هەولێر” دەرفەتی سازدانی ئەم دیالۆگە ھونەرییەمان بۆ رەخسا لەگەڵ ئەم ھونەرمەندە پڕ بەرھەمە بۆ ئاشنا بوونی زیاتری خوێنەران بە دیدو ڕوانین و راوبۆچوونەکانی، سەرەتا بەم پرسیارەش گفتو گۆکەمان دەست پێ کرد:
٭ ئەزموونێکی فرە بەخششتان لە ھونەری کوردی بەگشتی و بواری شانۆ و درامادا ھەیە، سەرەتا لە باسی شانۆ وە دەست پێ دەکەین، ئێوە 40 ساڵی بەردەوامە شاکاری جیھانی و تێکستی کوردی لەسەر تەختەی شانۆکانمان لە سلێمانی و ھەولێرو دھۆک و شارەکانی تری کوردستان و ھەندێک لە وڵاتانی تری وەک ئێران و ئەڵمانیا و سوێد نمایش دەکەن، رایەڵی سەرەکی نێو ئەم ئەزموونانە چییەو جەمسەرەکان لە چیدا یەک دەگرنەوە؟
ـ داکۆکی کردن لە مرۆڤبوونمان بە پلەی یەکەم، ھەروەھا پرسەکانی ژیانی تاکی کورد وەک پرسی شوناس و کورد بوون، پرسەکانی ئازادی تاک، قسەکردن لەمەڕ “حەق” و “ماف” ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە دۆزینەوەی رەھەندە بەرفراوانەکانی و کارکردن لەنێویاندا. ئەوەیش، لەلایەک بەزیندوو راگرتنی سروت و ترادسیۆنە کوردییەکان لەنێو نەخشەیەکی یونیڤێرساڵیەدا کە وێنەکانی بوونی نەتەوەیەک لەسەر گۆشەیەکی ئەو ئەستێرەیە روونتر بکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە بە قسەکردن لەسەر ئەو دیاردانەی کە ئەمڕۆ ھەن، ژیانی ئێستاو ئایندەمان دەخەنە بەر مەترسییەوە و زەین و دەروونمان ھەراسان دەکەن، ئەوەش بە رەخنە لێ گرتنیان لەمیانەی گوتارێکی ھزریی و ھونەریی ئەوتۆدا کە تیایدا “وەرگر” پاڵەوان و خاوەنی دوا قسە بێت.
٭ کەواتە ھەڵبژاردنت بۆ دەقەکان زادەی قوڵبوونەوەیە لە ژیانی تاکی کورد؟
ـ بێگومان ئەو ھەڵبژاردنانە ھەر لەو ئامانجەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک بەتەنھا لە کارکردنم لە دەقە کوردییەکاندا، بە ڵکو لە ھەڵبژاردنی دەقە عەرەبی و جیھانییەکانیشدا، بە نموونە کارکردن لە “دوژمنی گەل”ـی ھێنریک ئێپسن، “ماڵی برناردا ئەلبا”ـی “لۆرکا”، “ھێرۆسترات لە یادکەن”ـی “گریگۆری گۆرین”، شەوی بکوژان”ـی “خۆزییە ترییانە”، “لەمردن گەڕایەوە”ـی “فیکتۆر ئێمفیتیۆ”، “شورەی چین”ـی “ماکس فریش”، “مرۆڤە باشەکەی سیتزوان و بازنەی تەباشیری قەوقازی”ـی “برتۆڵد برێشت”، “ئازارەکانی نووسەرێک”ـی “ئەنتوان چێخەف”، “مۆزارت و سالێری”ـی “پۆشکین”، “ئۆدیبۆس بەپادشایی”ـی “سۆفۆکلیس”، ھەروەھا “گوڵەکان بۆ کێ”ـی “محێددین زەنگەنە”، “سەبری ئەیوب”ـی “محەمەد مسکین”، “گوێ بکرە عەبدولسەمیع”ـی “عەبدولکەریم بەرشید”، “دەستبەسەراگرتن”ـی “ھۆشەنگی وەزیری” “بەسەر شۆستەی نەویستنەوە”ـی “حەمدە خەمیس”، لە ھەموو ئەم کارانەدا لە ھەوڵی دواندنی ھزری وەرگرو بەرجەستەکردنی خەم و خولیاو ئازارو خەونەکانی مرۆڤی کوردبووم، بەڵێ لەگەڵ تێکڕای ھاوەڵە ھونەرمەندە بەشداربووانەکانی ئەم بەرھەمانەدا ئەو ئاراستەیەمان بە ئامانج گرتووە.