بڕینەوەی دوو ساڵ زیندانی بۆ هونەرمەندە بەناوبانگەكەی توركیا

ئلیاس سەلمان، هونەرمەندی بواری نواندن، كە هاووڵاتیانی توركیا، بە تورك و كوردەوە یادگاری زۆریان لەگەڵ فیلمەكانیدا هەیە و بە هونەرمەندێكی گەورە و بەناوبانگی توركیا ناوزەد دەكرێت، داواكاری گشتی داوا دەكات دوو ساڵ زیندانی بكرێت.

بە تۆمەتی ئەوەی گوایە لە سۆشیال‌میدیا و لە رێگەی گرتە ڤیدیۆیەكەوە، سووكایەتیی بە حكوومەت و میللەت و پەرلەمانی توركیا كردووە، داواكارە گشتییەکەی ئەنادۆڵ، داوا دەكات ئلیاس دوو ساڵ زیندانی بكرێت. وەزارەتی دادی توركیاش رێگەی دا كە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت.
ئلیاسی تەمەن ٦٧ ساڵ، هونەرمەندێكی كۆمیدی چەپە و بەردەوام رەخنە لە سیستەمی سیاسیی توركیا دەگرێت و بە شۆڤێنی ناوی دەبات، لە گرتە ڤیدیۆیەكیشدا كە ساڵێك لەمەوبەر بڵاوی كردووەتەوە، رەخنە لە حكوومەت و میللەتی توركیا دەگرێت.
داواكاری گشتی ئەنادۆڵ، بە تۆمەتی ئەوەی ئیلیاس، سووكایەتی بە میللەتی توركیا و حكوومەت و پەرلەمانەكەی كردووە، داوا دەكات ٢ ساڵ زیندانی بكرێت، ئلیاسیش هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە و دەڵێت لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕێن رەخنەم گرتووە.
ئلیاس دەڵێت: ”من هونەرمەندێكی رەخنەگرم، لەو گرتە ڤیدیۆیەشدا سووكایەتیم بە كەس نەكردووە و مەبەستیشم هیچ كەسایەتییەكی دیاریكراو نەبووە. ئەوەی كردوومە بۆ ئاییندەی توركیا بووە و لە چوارچێوەی ئازادیێ رادەربڕیندا بووە“.
ئلیاس، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی بڕوای تەواوی بە مافی كورد هەیە و بەردەوام لە میدیاكانەوە پشتگیری خۆی بۆ كورد و دۆزەكەی دەربڕیوە.
پێشتریش، نووسەر و تەنزنووسی بەناوبانگ و كۆچكردووی تورک، عەزیز نەسین، بە تۆمەتی گوایە سووكایەتی بە گەلی توركیا، دادگایی كرا.
نەسین لە نووسینێكدا گوتبووی ”80%ی گەلی توركیا گەمژەن“ لەسەر ئەو گوتەیە رەخنەی زۆری لێ گیرا و داواكاری گشتیی توركیا هاتە سەرهێڵ بۆ دادگاییكردنی و پاشان گوتیان دەبێت داوای لێبوردن لە گەلی توركیا بكەیت.
نەسین، بەمەبەستی داوای لێبوردن وتارێكی نووسی و ئاماژەی دابوو، كە داوای لێبوردن لە گەلی توركیا دەكات كە تۆمەتباری كردبوون بەوەی 80%یان گەمژەن، چونكە دەركەوت زیاتر لە 90%ی گەلی توركیا گەمژەیە.

ھەواڵی زیاتر