پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هونەرمەند غەفوور عەبدوڵا: پێشنیار دەكەم شارێكی هونەری بۆ دراما دروست بكرێت

هونەرمەندی بەئەزموون غەفوور عەبدوڵا كە تائێستا وەك بەڕێوەبەری بەرهەم، كاری بۆ بەرهەمهێنانی چەندین دراما كردووە پێشنیار دەكات كە شارێكی هونەریی بۆ بەرهەمهێنانی دراما دروست بكرێت، چونكە زۆربەی دراماكان بۆ بەرهەمهێنان كێشەی شوێنیان هەیە.

غەفوور عەبدوڵا، هونەرمەندی ناسراو و بەڕێوەبەری بەرهەمی بەشێكی زۆر لە دراما كوردییەكان بە (هەولێر)ی راگەیاند، كێشەی نەبوون یان كەمی شوێن بۆ كاتی بەرهەمهێنانی دراما یان فیلمەكان (راستگۆییە)، چونكە كاتێك بەڕێوەبەری بەرهەم یان بەرهەمهێنەر سەردانی شوێنێك دەكات دەبێت بە بەرپرسانی ئەو شوێنە بڵێیت ئەو شوێنەیان بۆ ئەوەندە كاتژمێر دەوێت و ئەوەندە رۆژ.
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، گرفتێكی سەرەكی لە بەرهەمهێنانی دراماكان نەبوونی شوێنی پێویست و شوێنەواری و مێژووییە بۆ وێنەگرتنی دیمەنەكان، بۆیە گرنگە لایەنە پەیوەندیدارەكان بتوانن شارێكی هونەریی دروست بكەن كە پێداویستییەكانی وێنەگرتنی درامای تێدابێت.
ئێستا لەبەشێك لەناوچەكانی كوردستان گرفتی شوێنی شوێنەواری و مێژوویی هەیە بۆ وێنەگرتن، ناوبراو وتی “بۆ وێنەگرتنی دیمەنێكی مێژوویی ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ حەفتاكان، دەبێت شارێك دروست بكرێت، ئەگەر شارێكیش دروست نەكەین دەبێت پەنا بۆ لادێكان ببەین ئەوێش سیمای شاری پێوە دیارە، بۆیە ئەگەر شارێكی تایبەت بۆ كاری هونەریی دروست بكرێت زۆر باشترە”.
هەندێجار جیا لەو گرفتانە، كێشەی بەشێك لەئەكتەرانیش درەنگ ئامادەبوونیانە لە شوێنی وێنەگرتن كە ئەوەش رووبەڕووی بەڕێوەبەری بەرهەم دەبێتەوە.
غەفور عەبدوڵا دەڵێت “هەندێك هونەرمەند پابەندبوونی هونەرییان نییە، هەیانە دوادەكەون، لای من ئەوە عەشق و خۆشەویستییە پابەندبوون بە كات بۆ ئیشەكە، پێویستە ئەكتەریش لەگەڵ دابینكردنی پێداویستییەكان بۆی، پابەندبوونی هەبێت بۆ كاتی وێنەگرتنی”.
ئەم هونەرمەندە جگە لە ئەركی نواندن لە درامای سەمەرە، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی دراماكەشە، روونیكردەوە، دراماكە لەڕووی بەرهەمهێنان لە ئاستێكی زۆر باشدایە و تائێستا هیچ گرفتێك نەهاتۆتە بەردەمیان، درامایەكەش كۆمەڵایەتی كۆمیدییە و باس لە كێشەكانی ناو كۆمەڵگە دەكات، ئەمڕۆش بینەران تام و چێژێكی باشیان بۆ دراما كوردییەكان هەیە، بۆیە (سەمەرە) بینەری زۆر باشی دەبێت لەبەرئەوەی هونەرمەندی زۆر باشی تێدایە، هەم دەرهێنەرەكەش زۆر بەتوانایە و ستافی پشت كامێراش لەئاستێكی زۆر باشدان.
ئەم هونەرمەندە لە یەك كاتدا بەڕێوەبەری بەرهەم و ئەكتەریشە، لەو رووەوە وتی “هەرچەندە لای من هیچ شتێك موستەحیل نییە، چونكە گوێ بە كات نادەم، بەڵام بەڕێوەبەری بەرهەم قورسە لەڕووی دیاریكردنی كات بۆ ئامادەبوونی هونەرمەندان و ستاف، هەروەها ئامادەكردنی شوێنی وێنەگرتنی دیمەنەكان، بەڵام توانیومە كارەكان بە باشی بكەم”.