پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ژیانە تەمومژاوییەكەی بڵند ئارسۆی دەكرێتە بەڵگەفیلم

ئەو بەرگرییەی لە كوردی كرد هەرگیز بیر ناچێتەوە

بڵند ئارسۆی، ئەو گۆرانیبێژە توركەی ناوبانگێكی گەورەی لە توركیا و دەرەوەی توركیا هەیە، ژیانە تەمومژاوییەكەی دەكرێتە بەڵگەفیلم و بۆ ئەو بەڵگەفیلمەش، زیاتر لە چوارملیۆن دۆلاری وەرگرتووە.

ژیانی ئارسۆی، تاوەكو ئێستا بۆ هاووڵاتیانی توركیا و لایەنگرانی روون نییە، ئەو فیلمی هەیە پیاوە و فیلمیشی هەیە ئافرەتە، بەڵام تاوەكو ئێستا بە تەواوی ژیانی ئەو هونەرمەندە گەورەیەی توركیا ئاشكرا نەكراوە و بۆ خۆشی حەزی نەكردووە بیدركێنێت.
رۆژنامەی (حوڕیەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانی فیلم، گرێبەستیان لەگەڵ ئارسۆیدا كردووە، تا بەڵگەفیلمێك لەسەر ژیانی دروست بكەن.
سەرەتا پێشنیاری دوو ملیۆن دۆلاریان بۆ ئارسۆی كردووە، بەڵام بەو رێژەیە رازی نەبووە و بۆ ٤ملیۆنو٥٠٠هەزار دۆلار بەرز بووەتەوە.
لەو بەڵگەفیلمەدا، هەموو شتێك لەبارەی ئارسۆیەوە ئاشكرا دەكرێت، ئارسۆی بۆ ئەو بەڵگەفیلمە تەواوی وردەكارییەكان روون دەكاتەوە.
ئارسۆی بە جۆرێك لایەنگری زۆرە، تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ١٥ملیۆن ئەلبوومی لێ لە توركیا و دەرەوەی توركیا فرۆشراوە و هێشتاش ئەلبوومی لێ دەفرۆشرێت.
ئەوەی ئارسۆی لای كوردەكان خۆشەویست كرد
لە یەكێك لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەكانی توركیا، ئارسۆی داوای لە توركیا كرد، هیچی تر جەرگی دایكی كورد نەسووتێنن و شەڕ كۆتایی پێ بێت.
ئارسۆی لەو بەرنامەیەدا گوتی: ”نابم بە دایك، بەڵام لە هەستی ئەو دایكە كوردانە تێدەگەم كە جەرگیان دەسووتێت و بە هۆی شەڕەوە رۆڵەیان لێ دەکوژرێت. با چیتر جەرگی دایكان نەسووتێت و شەڕ ببڕێتەوە“.
لەسەر ئەو گوتانە، شکاتی لێ كرا، بەڵام توانیی لە دادگا رزگاری ببێت و دۆسیەكەی داخرا.