(بەیان عەلی) ئەكتەری بەئەزموونی بواری دراما دەڵێت، ئێستا بەهۆی زۆربوونی درامای دۆبلاج و لە سۆشیاڵ میدیاوە دەبێت قەناعەت بە بینەر بكرێت سەیری كاری هونەری بكا.
بەیان عەلی، ساڵانێكی زۆرە لە بواری هونەریدا خزمەت دەكات و یەكێكە لە ئەكتەرە تواناكان كە بەشداری دەیان كاری هونەریی كردووە، بەیان عەلی بۆ (هەولێر) رایگەیاند، بۆ بەرهەمهێنان و باشتركردنی كاری هونەری، كەوتۆتە سەر حكومەتی هەرێم، ئێستا كۆمپانیایەك دێت كار بكات، بەڵام پشتگیری زیاتری ناكرێت بۆ كاری جوانتر، ئەگەر بودجەیەكی باش هەبێت بێگومان كاری باشتر دەكرێت، ئەگینا ئەكتەری ئێستا هەر ئەوانەی پێشترن.
ساڵانە ئەكتەری گەنج دێنە بواری نواندنەوە و لەگەڵ هونەرمەندانی بەئەزمووندا رۆڵ دەبینن، بەڵام ئەو ئەكتەرە گەنجانە چۆن سوود لە بەئەزموونەكان وەربگرن، بەیان وتی ئێمە پێشتر تەمەنامان دەكرد لەگەڵ ئەكتەرە بەئەزموونەكان ئیش بكەین بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگرین، بەڵام ئایا ئێستا گەنجەكان دەتوانن ئەو سوودە لە بەئەزموونەكان ببینن؟ ئەوە دەبێت خۆیان وەڵام بدەنەوە.
ئەم ئەكتەرە بە ڕوخساریدا وا دەردەكەوێت كەسێكی تووڕە بێت، بەڵام كاتێك كەسێك لە نزیكەوە دەیناسێت رەنگە بۆچوونی بگۆڕێت، لەو رووەوە بە پێكەنینەوە وتی زۆر كەس وام پێ دەڵێن، راستی من خۆم هەمیشە هەر تووڕەم (عەسەبیم)، رەنگە ئەزموونی ژیانیش وای لێ كردبێتین زۆر شتمان بەدڵ نەبووبێت، ئەو كەسانەی دەڵێن زۆر تووڕە دیاری، لە كاتی تێكەڵاوبووندا بۆچونیان دەگۆڕێت، بەڵام خۆیشم حەز دەكەم هەمیشە لەگەڵ هەموو كەسێك بگونجێم.
سەرەتای ئەمساڵ بەیان عەلی، بە چەند رۆژێك، دایك و برایەكی لەکیس چوو؛ ئەوە بووە خەمێكی گەورە بۆ ئەو و خانەوادەكەشیان، بەڵام تائێستاش ئەم هونەرمەندە لە هونەر دانەبڕاوە و، دەڵێ هۆكارە سەرەكییەکەی بەردەوامبوونم لە كاركردندا ئەوەیە دەمەوێت خۆم لەو مەسەلەیە دوور بخەمەوە، ئەگینا بیركردنەوە لەو مەسەلەیە زۆر قورسە بۆم.
لە كاری هونەریدا دەوترێت پیاو دەبێت پاڵپشتی ژنەكەی بێت، دیارە ئەوەش لە ژیانی بەیان عەلی و هاوسەرەكەی و منداڵەكانیدا رەنگی داوەتەوە و هاوكاری دەكەن، لەو بارەیەوە وتی ئەو ئازایەتییەی لە بواری هونەردا پەیدام کردووە هی هاوسەر و منداڵەكانمە و سوپاسیان دەكەم و بەبێ ئەوان هیچم پێ ناكرێت.
بەیان عەلی یەكێكی لە ئەكتەرە دیارەكانی درامای (سەمەرە) كە بڕیارە مانگی رەمەزان لە كەناڵی كوردساتەوە پەخش بكرێت و گوتی ئەو درامایەدا دەورێكی سەرەكیم هەیە، بەڵام نامەوێت ئێستا وردەكارییەكانی ئاشكرا بكەم، ئەوەی گرنگە بە لای ئێمەوە بتوانین كارێكی هونەریی باش بكەین و بەرهەمی خۆماڵی پەرە پێ بدەین.