کــتێبی “ھـونەری ئەبستراکت” دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ھونەری ئەبستراکت

کتێبی (هونەری ئەبستراکت) کتێبێکی تازەی ھونەرمەند و نووسەر (حەمە ھاشم)ە، کتێبەکە دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ھونەری ئەبستراکت، بایەخی ئەم کتێبە لەوەدایە کە وەڵامی کۆمەڵێ پرسیاری گرنگە لەسەر ھونەری ئەبستراکت، ھونەری ئەبستراکت چییە؟ بنەما گرنگەکانی ئیستاتیکا و ئەبستراکت لەکوێ بەیەک دەگەن، ئایا ھەرکەس چەند رەنگێک تێکەڵبکات و ناوی لێ بنێت تابلۆ ھونەرە؟ ئەبستراکتی دەربرینخوازی چیە؟ مێژووی ئەبستراکت لەکوێوە دەست پێدەکات، ئایا پەیوەندی ھەستەوەرە ئیستاتیکیەکانی بینین و نەستی مرۆڤ بۆ شێوە چۆنە؟، ئەمانە و چەندین بابەتی دیکەی گرێدراو بە بینین و تێڕامانی جیاوازی بینین بۆ شێوە لە کتێبی ھونەری ئەبستراکتدا دەبینرێن. ھەرچەندە کتێبێکی دەستەبژێرییە بۆ خوێندنەوە، بەڵام گشتگیرە بۆ خوێنەری ئاسایی تا لە رواڵەتەکانی ھونەری مۆدێرن دەستەوەستان نەبێت و بتوانێت چێژ لە بینین وەربگرێت، ئەم کتێبە پراوەیەکە بۆ ئەزموونکردنی بینینی شتە نا مەئلووفەکانی دەورووبەرمان، ئەو شتانەی رۆژانە بەلایاندا تێدەپەڕین و وەک ئەبستراکتێک جوانییەکانیان نابینین و فەرامۆشیان دەکەین. تێکڕای بابەتەکانی ناو کتێبەکە پەلکێشمان دەکەن بۆ ھەندێ ڕامانی مۆدێرنانە بۆ ھونەر، . ئەم کتێبە لە ١٢٨ لاپەڕەی رەنگاورەنگ پێکدێت کە لە چاپێکی بژاردەی ناوازەدا چاپ کراوە کە دیزاینی گشتی کتێبەکە، لوقمانی رەشی کردوویەتی.

ھەواڵی زیاتر