چین دەرهێنەرێكی كورد خەڵات دەكات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

“توورج ئەسڵانی” بە فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی خۆی، خەڵاتی “دەرهێنەری نوێخواز” و کۆتەڵی “ڕێگای هەورێشمی زێڕین”ی لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڕێگای هەورێشم” لە وڵاتی چین بەدەست هێنا.

فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماكاری كورد “توورج ئەسڵانی لە نوێترین و سێیەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕكێی سەرەكی” هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڕێگای هەورێشم” Silk Road لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین نمایش كرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییەوە خەڵاتی “دەرهێنەری نوێخواز” و هەروەها تەندیسی “ڕێگای هەورێشمی زێڕین” بە “توورج ئەسڵانی” دەرهێنەری ئەم بەرهەمە كوردییە بەخشرا.

“توورج ئەسڵانی” لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا بۆ ڕێوڕەسمی كۆتایی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڕێگای هەورێشم”ی چین گوتی: “سڵاو و سوپاس بۆ ئەندامە بەڕێزەکانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڕێگای هەورێشم”ی وڵاتی چین، بۆ گرینگیدان بە فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان”. ناونیشانی ئەم خەڵاتە (دەرهێنەری نوێخواز)؛ وەبیرهێنانەوەی جێگەی باوەڕیی هونەر لە سینەمادایە و هەروەها بۆ من، ئەنگێزەیە بۆ درێژەپێدانی تێڕوانینی دژەباوم دەبێت.”
” هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڕێگای هەورێشم”، بە سەرۆكایەتی لێژنەی دادوەرانی “هوانگ جیانشین لە ڕۆژانی 8 تا 12ی دیسەمبەری 2021 شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین بەڕێوە چوو.