پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كاوە فەقێ ‌زادەخەڵاتی ساڵانەی محەمەدی ماملێ پێ بەخشرا

لە ڕێوڕەسمێكدا لە شاری مەهاباد لەلایەن مەڵبەندی هونەریی “محەمەدی ماملێـ”ـیەوە بەرێوەچوو خەڵاتی ساڵانەی ئەو مەڵبەندە درایە “كاوە فەقێ‌ زادە”، هونەرمەندی ئاوازدانەر و ژەنیاری ناسراوی كورد.

ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداری و ئامادەبوونی كۆمەڵێكی بەرچاو لە هونەرمەندان، نووسەرانی كورد و بنەماڵەی محەمەدی ماملێ لە شاری مەهاباد بەڕێوەچوو و خەڵاتەكە پێشكەش بە كاوە فەقێ‌ زادە كرا و پاشان لە چەند بڕگەیەكی ئەدەبی و هونەریدا شیعر و گۆرانی و وتار پێشكەش كرا.
مالپەری ماملێ راگەیەنراوێكی لەم بارەیەوە بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوە داوە كە خەڵاتی ماملێ، وەك هێمایەكی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی كورد، ماوەی ١٣ ساڵە چالاكە و لەلایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێیەوە ساڵانە پێشكەش بەو هونەرمەندە ماندوونەناس و تێكۆشەرانە دەكرێت كە خزمەتی هونەری كوردییان كردووە و گەشەیان پێ بەخشیوە.
كاوە فەقێ ‌زادە، هونەرمەندی ئاوازدانەر، ژەنیار و مامۆستا و توێژەری مۆسیقایە و ساڵی ١٩٧١ی زایینی، لە شاری مەهاباد لەدایكبووە و شارەزاییەكی زۆری لە بواری ئاواز و مۆسیقای كوردیدا هەیە و بە شێوەی ئەكادیمی زۆر كاری لەسەر ئاواز و مۆسیقای فۆلكلۆر “بەیتە كوردییەكان” كردووە، هەروەها خاوەنی چەند كتێبێكی بواری مۆسیقایە.