هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا: درامای كۆمیدی لە كاری جددی زەحمەتترە

ئەو هونەرمەندێكی ناسراو و بەناوبانگی هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر و زیاتر لە چوار دەیەیە خزمەتی بواری شانۆ و دراما و فیلم دەكات، بەڵام پێیوایە كاركردن لە بواری درامای كۆمیدی لە كاری جددی زەحمەتترە.

هونەرمەندی بەناوبانگی بواری دراما و شانۆ، زاهیر عەبدوڵا لە چاوپێكەوتنێكی (هەولێر)ـدا دەڵێت، كاری ساڵانی رابردوو لەگەڵ ئێستا زۆر جیاوازترە، چونكە ئەو ساڵانە تەكنیك وەك ئێستا پێشكەوتوو نەبوو بۆ نموونە بە كامێرایەكی زۆر سادە ئیش دەكرا، بەڵام ئێستا تەكنیك و ماكیاجیش زۆر پێشكەوتووترە، بێگومان كارەكانیش باشتر دەبن.
هەرچەندە ئێستا بەهۆی زۆربوونی میدیا و كاریگەری سۆشیاڵ میدیاوە، هاوڵاتیان زووتر پەیامەكانیان پێدەگات، بەڵام ئەم هونەرمەندە ئاماژەی بەوەكرد، لەڕووی گەیاندنی پەیامی دراماییەوە جاران باشتر بوو، چونكە پێشتر بە ئیشی جددی دەستیان پێدەكرد و كێشەی گەل و میللەت بوو رەنگی دەدایەوە، بەڵام ئێستا خەڵك و بینەر كێشەی دیكەیان هەیە ئەوانیش نەبوونی و بارگرانی گوزەرانە.
زاهیر عەبدوڵا دەڵێت “ئێستا پەیامەكانمان گرانتر دەگاتە بینەر، بێگومان سۆشیاڵ میدیا كاریگەری زۆرە بۆ درەنگ گەیشتنی پەیام بە بینەران، هەروەها دراما بیانییەكان لەهەموو روویەكەوە لەگەڵ كۆمەڵگەی ئێمە جیاوازن”.
درامای (سەمەرە) لە نووسین و سیناریۆی ئومێد كەمال، دەرهێنانی جەمیل مەفاخیری، بەرهەمی كەناڵی كوردسات و بەرهەمهێنانی ناوەندی هونەری (زەنێ)یە، دراماكە لە 40 ئەڵقە پێكدێت و بڕیارە لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ پەخش و بڵاو بکرێتەوە
زاهیر عەبدوڵا، یەكێكە لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی دراماكە روونیكردەوە، تائێستا زۆر لە دراماكە رازین، چونكە هەم كۆمیدییە و هەمیش ئامانجدارە و خاوەنی پەیامێكی جددییە، ژمارەیەك هونەرمەندی زۆر باشی هەولێر و سلێمانی تێدایە.
وەك ئەم هونەرمەندە ناسراوە باسی كرد، تێكەڵاوكردنی ئەكتەرانی شارەكان لەم درامایەدا كارێكی و جوانە و دەبێتە بناغەیەك بۆ كاری باشتریش، جگە لە تێكەڵاوبوونی هونەرمەندان، هونەرمەندی دیكەی زۆر باشیشی تێدایە كە ئەوەش دەبێتە لایەنێكی دیكەی سەركەوتنی دراماكە.
زاهیر عەبدوڵا جگە لە بەشداریكردن لە دراما، یەكێكە لەئەكتەرە سەرەكییەكانی بەرنامەی (مقۆمقۆ) بەرنامەیەكی كۆمیدییە، ئەو هونەرمەندە روونیكردەوە، پێویستە هونەرمەند لەزۆربەی بوارەكاندا بەشداری بكات، ئەو بەرنامەیەش چەند ساڵێكە بەردەوامە و ئەزموونێكی سەركەوتووە لەبواری هونەردا كە بەشێوەی كۆمیدی كێشەكانی خەڵك دەخاتە ڕوو.
ئەم هونەرمەندە ناسراو لەزۆر كاری جددی بەشداریكردووە، بەڵام پێیوایە كاری كۆمیدی زەحمەتترە و وتی “بێگومان هونەری كۆمیدی زەحمەتترە، چونكە هونەرمەند نابێت لاسایی كەسی دیكە بكاتەوە و كاری دروستكراو نەكات، بەڵكو دەبێت سروشتی بێت”.

ھەواڵی زیاتر