پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مەحسون قرمزگوڵ بۆمبەکەی تەقاندەوە

دوای ١٦ ساڵ دابڕان لە گۆرانیگوتن، هونەرمەندی ناوداری کورد (مەحسون قرمزگوڵ) لە کۆنسێرتێکی فراواندا و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس دەستی کردەوە بە گۆرانیگوتن و چەند گۆرانیەکی نوێشی لەم کۆنسێرتەدا چڕی. مه‌حسون قرمزگوڵ، كه‌ به‌ ڕەچەڵک كورده‌ و خه‌ڵكی دیاربه‌كره‌، له‌ په‌یجه‌كانی خۆی له‌ سۆشیاڵ میدیا “فه‌یسبووك و ئینستاگرام” بڵاوی كرده‌وه‌، دوای 16 ساڵ دابڕان له‌ گۆرانیگوتن، جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌م بواره‌ و ئه‌لبومێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

مه‌حسون ڕایگه‌یاندووه‌، دوای 16 ساڵ دابڕان، به‌ 16 گۆرانی نوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ 2022، ئه‌لبومه‌كه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌. قرمزگوڵ، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناودارترین هونه‌رمه‌نده‌كانی توركیا و باكووری كوردستان، جه‌ماوه‌رێكی زۆری هه‌یه‌ و به‌ كوردی و توركی گۆرانی ده‌ڵێت. مه‌حسون له‌م ساڵانه‌ی له‌ گۆرانی دابڕا، خه‌ریكی كاری سینه‌ما بوو، چونكه‌ خۆی جگه‌ له‌ موزیك، سینه‌ماشی خوێندووه‌، له‌ ماوه‌ی رابردووشدا چه‌ندان فیلمی سه‌ركه‌وتووی به‌رهه‌م هێنا، كه‌ وه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و سیناریست كاری تێدا كردوون، له‌وانه‌ش فیلمه‌كانی “موعجیزه‌، گونه‌شی گۆردم، به‌یاز مه‌له‌ك و 5 تاوه‌ری نیویۆرك”. قرمزگوڵ، كه‌ له‌ 1969 له‌ دیاربه‌كر له‌ دایك بووه‌، له‌ ساڵی 1984ـه‌وه‌ گۆرانی ده‌ڵێت و تا ئێسته‌ 17 ئه‌لبوومی گۆرانیی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌لبوومه‌كانی هه‌موو گۆرانییه‌كانی كوردین.