پەیامی کۆتایی یادی ١٠٠ ساڵەی سەرهەڵدانی شانۆ لە هەولێر

ڕێوڕەسمی دوو ڕۆژەی یادی ١٠٠ ساڵەی سەرھەڵدانی شانۆ لە ھەولێر، کە پارێزگای ھەولێر بە ھەماھەنگیی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بە چاودێری و ئامادەبوونی رێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە رۆژانی ٨ و ٩ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان ئەنجامیدا، سەرکەوتووانە کۆتایی پێھات.

لێرەوە و لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە، بە ناوی لیژنەی باڵای یادی ١٠٠ ساڵەی سەرھەڵدانی شانۆ لە ھەولێر، ڕایدەگەیەنین، کە:

  • بەر لە ١٠٠ ساڵ و لە پایزی ساڵی ١٩٢١، لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، یەکەم نمایشی شانۆ، یەکەم دەستپێکی شانۆیی، یەکەم چرای ئەم ھونەرە مەزنە دادەگیرسێت و تا ئەو ڕۆژەی بەڵگەیەکی تر دەدۆزرێتەوە، قوتابخانەی (ئەربیل ئولا) و شانۆگەریی (سەڵاحەدین ئەیوبی) و (شاری ھەولێر)، یەکەم چرای ئەو مێژووە پر لە ئیفتیخارەن.
  • ھونەری شانۆ لە ھەولێر و لە تەواوی کوردستان لە قەیرانێکی قووڵدایە، قەیرانی دەق، قەیرانی دەرھێنان، قەیرانی نمایش، قەیرانی ھۆڵ و تەنانەت قەیرانی تێگەیشتن لەو ھونەرە مەزنەی، کە دەکرێ کۆکەرەوەی ھەمووان بێت لە پێناو ژیانێکی باشتر.
  • کەلتوور و سەرجەم کایەکانی کەلتوور پێویستیان بە بایەخی پتر و بگرە پێویستیان بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و لێتێگەیشتنێکی نوێ و سەردەمیانە ھەیە، ئێمە باش لە ڕەوشی گرفتداری کوردستان تێدەگەین، بەڵام لەو ڕاستییە ڕۆشنە سەلمێنراوە زانستییەش تێدەگەین، کە ئەوە کەلتوور و ھێزی کەلتوور و ڕووناکییەکانی کەلتوورە، دەتوانێ گرفت و تاریکی و لاوازییەکان، بە گرفت و تاریکی و لاوازییە سیاسی و جڤاکی و ئابوورییەکانیش چارەسەر بکات.
  • بە ڕێز و پێزانینەوە لە مێژووی ١٠٠ ساڵەی کاروانی شانۆ لە کوردستان دەڕوانین و، لە ئاست ڕۆحی بەرزەفڕی شەھیدە شانۆکارەکان سەر دادەنوێنین و، باش لە خەمی ڕاستیی شانۆکاران و تەواوی ھونەرمەندانی کوردستان تێدەگەین و، لە پێناو ژیانێکی باشتر بۆ ھونەر و ھونەرمەندان، دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگیان و پشتگیریی ھەموو ھەوڵ و گروپ و تیپە شانۆییەکان دەکەین.
  • ساڵانە و لە وەرزی پایزدا ئەم یادە مانادارە بەرز ڕادەگرین و بەنێوی (یەکەم چرا) ڕێوڕەسمی شایستە و گشتگیر، تایبەت بە ھونەری شانۆ و پرسە پێونددارەکانی ساز دەکەین و تا بکرێت دیدگا و بەرھەمەکان فراوانتر دەکەین، بەجۆرێک کە ببێتە بەشێک لە چارەسەر بۆ گرفتی قەیرانی شانۆ لە کوردستاندا.
    لیژنەی باڵای یادی ١٠٠ ساڵەی سەرھەڵدانی شانۆ لە ھەولێر
    کوردستان، ھەولێر / کانوونی یەکەمی ٢٠٢١
ھەواڵی زیاتر