تیپــی شـــانۆی گـــەزیزە

(دۆزەخێك بوو) ژیانی ژنە ئێزدییەکانی بە شانۆ پێشکەش کرد
تەنها سێ ژنە ئەكتەر لەسەر سێ كورسی لەسەر تەختەی شانۆیەك دانیشتن و باسی چیرۆكی ژیانی خۆیان دوای رزگاربوونیان لە دەستی داعش كرد، ئەوان دەیانەوێت بەم شێوەیە پەیامی ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش بگەیەننە جیهان.

ئەمجارە تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە، شانۆیەكی جیاوازیان لە شانۆیەكانی دیكە پێشكەش كرد، (دۆزەخێك بوو) لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند (گەزیزە عومەر) و لە نواندنی (گەزیزە عومەر، میدیا رەئوف بێگەرد، شیلان عەبدوڵا) و هونەرمەندی موزیسیان (نەوژین محەمەد) بە موزیك، یەكەم رۆژی شانۆیەكە رۆژی نۆی ئەم مانگە بوو لە شاری سلێمانی، بڕیاریشە شانۆیەكە لە شارەكانی كوردستان و دەرەوەش نمایش بكرێت.
ئەم سێ ئەكتەرە هەریەكەو لەسەر كورسییەك دانیشتون و باسی ژنانی ئێزدی دەكەن كە بە چ شێوازێك كەوتنە دەستی رێكخراوی داعش و پاشان رزگاریان بووە.
سەرەتای مانگی 8ی ساڵی 2014 رێكخراوی داعش قەزای شنگالی داگیركرد و بە هەزاران ژن و منداڵ و پیاوی ئاوارە كرد و بە سەدان ژنیشیان لەگەڵ خۆیان برد و مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان پێوە كردن.
هونەرمەند گەزیزە عومەر بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەم شێوازە لە شانۆیی، شێوازێكی نوێیە و بە خەڵك دەڵێن شانۆ تەنها جووڵە و راكردن نییە، بەڵكو دەتوانن لەڕێگەی دانیشتن و بە هونەری وتاربێژیش، پەیامیان بگەیەنن، ئەم شێوازە لە جیهانیشدا دەكرێت، بۆیە رەنگە لەمەودوا لەسەر هەندێك كەیس بەم شێوەیە پێشكەش بكەن، چونكە بەلای ئەوەوە ئازاری ژنانی ئێزیدی ئەوەندە قوڵە، جگە لەم شێوازە، پەیامەكە شێوەی دیكەی تیا نەدەبوو بۆ نمایشكردن.
ناوبراو روون یكردەوە، ناوی شانۆیەكەش لەوەوە هاتووە، بۆ ئەو ژنانەی لەو دۆخەدا ژیان كە لە چ ناڕەحەتی و ژیانێكی نەهامەتیدا بوون، چۆن كڕین و فرۆشتنیان پێوە كرا، ئەو مامەڵەیەی كە خوا و مرۆڤایەتی پێی ناخۆشبوو پێیانەوە كرا.
هەروەها میدیا رەئوف بێگەرد، ئاماژەی بەوە دا كە ئێستا نمایشی شانۆیی لە جیهاندا ستایڵی جیاوازی وەرگرتووە و شانۆكار دەتوانێت بە فیكرەیەكی ئاسان پەیامی خۆی لەسەر تەختەی شانۆ بگەیەنێت.
میدیا وتی “جوانییەکەی ئەم شانۆیەش ئەوەیە نووسینەكە دانراوە، بۆیە ئەگەر بە دانیشتن و بێ جووڵە بێت یان بە جوڵاو پەیامەكە دەگات، واتە ئەكتەر چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە، ئێمەش بە جددی ئیش بۆ مەبەستەكەمان دەكەین”.
بەبۆچوونی شیلان عەبدوڵای ئەكتەریش، بیرۆكەی ئەم شانۆییەیان نوێ بووە، هیوادارین پەیامەكەیان گەیاندبێت، چونكە ئەوانیش یەكەمجارە لەم شێوە شانۆیەدا كار بكەن، لەبەرئەوەی هیچ جوڵەیەكی تیا نەبوو، بەڵكو بە دانیشتن لەسەر كورسییەك دەتوانن پەیامەكەیان بگەیەنین.
نمایشكردنی شانۆییەكە لە هۆڵی تەوار بوو لە تەلای هونەر لە شاری سلێمانی كە هەرچەندە هۆڵێكی تاڕادەیەك بچووك بوو، بەڵام خەڵكێكی زۆر ئامادەبوون و بە تاسەوە چووبوونە نێو شانۆییەكە.
شیروان محەمەد، یەكێك لە ئامادەبووانی شانۆییەكە روونی كردەوە، لای ئەوانیش پێشكەشكردنی ئەم جۆرە لە شانۆ، كارێكی نوێ بووە، بەڵام ئەكتەرەكان توانیبوویان پەیامەكەیان بگەیەنن كە باسی ئازارەكانی ژنانی رزگاربووی دەستی داعش بووە، چونكە ئەو رووداوە هەرگیز لە مێشكی مرۆڤی كورددا دەرناچێت.

ھەواڵی زیاتر