شانۆی سوڵتان سەلاحەدین ئەیوبی

هونەرمەند و میدیاکار (زیاد کەریم)، دوای بەرجەستە کردنی ڕۆڵی دیڤۆ لە شانۆی (سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبی)، کە یەکێک بوو لە نمایشەکانی ١٠٠ ساڵەی شانۆی هەولێر، دەربارەی ڕۆڵ و ناوەرۆکی شانۆگەرییەکە بەمشێوەیە بۆ (هەولێر) دوا و گوتی:

دوای 100 ساڵ ژمارەیەک شانۆکاری دێرین و بە ئەزموون و ئەکادیمی شاری هەولێر، ڕۆڵیان لە شانۆگەریەکی دیرۆکیدا بینی (سەلاحەدین ئەیوبی)، ئەو شانۆگەریەی 100 ساڵ لەمەوبەر تورکەکان لە هەولێر نمایشیان کرد، بەڵام ئەوکات سەلاحەدین وەک سەرکردەیەکی عەرەب نیشان درا، بەڵام ئەمجارە دوای ئامادەکردنەوەی دەقەکە، پشتبەست بە چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی، سەلاحەدین وەک خۆی کە کوردە نیشان درا، بۆیە هەڵوێست و سەخاوەتی سەلاحەدین وەک کوردێک بەرجەستە کرا، بۆیە لە یەکێک لە دیالۆگەکان لەسەر زاری دیڤۆ کە من ڕۆڵەکەم دەگێڕا، ئاراستەی ڕیچارد پاشای ئینگلترا دەکات و دەڵێت: سەلاحەدین دەڵێ دادپەروەری نیە، دوژمنەکەت نەخۆش بێ و هێرشی بکەیتە سەر، لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کەخودی سەلاحەدین کوردانە بیردەکاتەوە، بەرامبەر دژمنەکەی، لە شوێنێکی تر بەفر و میوەجاتی بۆ دەنێری کاتێک دەزانێ دژمنەکەی نەخۆشە، یان ڕێگە بە شاژنی ئینگلتەرا دەدات بێتە عەین جدە تا نزا بۆ پادشا بکات تا چاک بێتەوە. ڕۆڵی من لەم شانۆگەریە کارەکتەری دیڤۆیە، کە یاوەری نزیک و باوەڕپێکراوی پاشای ئینگلتەرایە، هەمیشە لە نزیک پادشاوە دەبینرێ و جێگای متمانەیەتی، کەسایەتی دیڤۆ لای میر و پاشایانی مەسیحییش زۆر گرنگ و دیارە، هەربۆیە جۆرێک ململانێی هەیە لەگەڵیاندا؛ دیڤو بەردەوام ڕاوێژی پێ دەکرا لەلایەن پادشا و سەرچاوەی هەواڵ بوو. شانۆی سەلاحەدین لە ڕۆمانی (تەلیسمی) سێر والتەر سکۆت و شانۆی سەلاحەدین ئەیوبی و چەند سەرچاوەیەکی مێژووییەوە وەرگیراوە، کە ئامادەکار موحسین محەمەد ئامادەی کردبوو، لەلایەن دەرهێنەر یونس عوسمان کاری دەرهێنانی بۆ کرابوو.

ھەواڵی زیاتر