دەرگاژەنانەی پێنجەم جەژنەفیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی

پێنجەم جەژنەفیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستی پێکرد کە 35 وڵات تێیدا بەشدارن و ماوەی حەوت رۆژ دەخایەنێت، هونەرمەندانیش بە بایەخەوە باس لە گرنگی فیستیڤاڵەکە دەکەن.

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 17ی 12ی 2021 لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، پێنجەم فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد، چالاکییەکان ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا 143 فیلم لە 35 وڵاتەوە بەشدارن و 116 فیلم لە کێبڕکێدان.
لە فیلمە بەشداربووەکان 57 فیلمی کوردی هەن، 21 فیلمی سینەمایی هەیە و ئەو فیلمانەی بە زمانی ئینگلیزی ژێرنووسی کوردییان بۆ کراوە، فیلمە بیانییەکانی بە زمانی دیکەن، وەک فارسی و فەرەنسی، ژێرنووسی کوردی و ئینگلیزییان بۆ کراوە.
شەهێن سابیر، بەرپرسی راگەیاندنی فێستیڤاڵەکە بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو لەسەر دوو پرس کاریان کردووە یەکێکیان هۆشیاری ژینگەییە، دووەمیش تراژیدیای کۆچە، فیلمەکان لە چوار بەشدا نمایش دەکرێن، فیلمی سینەمایی کە ژمارەیان 21 فیلمە و چوار لەو فیلمانە کوردین، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن، دوو لە بەڵگەفیلمەکانیش لەبارەی ژینگەن.
خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ بریتین لە، خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ لە ناوخۆ و دەرەوە (زێڕین)، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر (زێڕین)، خەڵاتی داوەران بۆ فیلمی درێژ (زێڕین)، خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی بۆ فیلمی درێژ (زێڕین)، خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ فیلمی درێژ (زێڕین)، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ بۆ فیلمی درێژ (زێڕین)، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بۆ فیلمی درێژ (زێڕین)، خەڵاتی رەخنەگران بۆ فیلمی درێژ لە ناوخۆ و دەرەوە (زێڕین)، خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی کوردی (زێڕین)، خەڵاتی داوەران بۆ کورتەفیلمی کوردی (زێڕین)، خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی دەرەوە (زێڕین)، خەڵاتی داوەران بۆ کورتەفیلمی دەرەوە (زێڕین)، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کوردی (زێڕین)، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی دەرەوە (زێڕین)، خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشنی ناوخۆ و دەرەوە (زێڕین)، خەڵاتی بینەران (زێڕین)، خەڵاتی شکۆمەندی (زیووین) و خەڵاتی رەخنە.
لە دەستپێکی فیستیڤاڵەکەدا حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێویستە فیستیڤاڵەکان گشتی بن نەک فیستیڤاڵی دەستە و تاقم و گروپ، بۆیە وەزارەتەکەیان دەیەوێت هاوکاری فیستیڤاڵەکان بکات و لە بێسەروبەری ڕزگاریان بکات و ساڵانە یەک فیستیڤاڵ دەکرێت لە هەر بوارێکدا بەم شێوەیە (شانۆ لە هەولێر، جینۆساید لە گەرمیان، شێوەکاری لە زاخۆ، کولتووری گەلان لە ڕاپەڕین، کورتەفیلم لە هەڵەبجە، سینەما لە دهۆک، ژن و یەکسانی جێندەری لە کۆیە، پێکەوەژیان لە سۆران، شانۆی سەرشەقام لە دەربەندیخان، گۆرانی و موزیک و ئەدەب لە سلێمانی”.
ئەو قسەیەی وەزیری رۆشنبیری، تاڕادەیەک بەشێک لە هونەرمەند و رێکخەرانی فیستیڤاڵەکەی نیگەران کرد؛ هونەرمەند ئەمیر غوڵامی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەک بەشی رەخنەگری فیستیڤاڵ بانگهێشت کراوە بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەگەر ئەو قسەیەی وەزیری رۆشنبیری راست بێت و فیستیڤاڵ بەپێی شارەکان جیا بکرێتەوە کارێکی زۆر هەڵە و خراپە، چونکە ئێستا لە هەموو شوێنێکی دنیا، لە گەڕەکەکانیش فیستیڤاڵی تایبەت بە خۆیان دەکەن، چونکە لەو فیستیڤاڵانەدا کولتووری جیاواز دێننە پێشەوە و پیشەسازی فیلمیش بەرهەم دەهێنێت و خەڵک فێری فیلمسازی دەکات.
هەوراز محەمەدی هونەرمەند کە لەسەرجەم خولەکانی ئەم فیستیڤاڵەدا بەشداربووە بە (هەولێر)ی راگەیاند، دروستکردنی فیلم هاوشان لەگەڵ فیستیڤاڵ دەتوانن بزووتنەوەی فیلمسازی کوردی بەرەو پێش ببەن، رێکخستنی فیستیڤاڵەکان گرنگی خۆیان هەیە، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی بۆ بەرەوپێشچوونی کاری هونەرییان گرنگە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش سلێمانی زیاتر دەکاتە ناوەندێکی گرنگی رۆشنبیری، بۆیە ئاوڕدانەوە لە بەرهەمهێنانی فیلم بە قەد ئەنجامدانی فیستیڤاڵ گرنگە.
هەروەها هونەرمەند واحید کفری کە هەموو خولەکانی فیستیڤاڵەکەی بینیوە بۆ (هەولێر) روونی کردەوە، دەستپێکی فیستیڤاڵی ئەمساڵ زۆر باش بوو لەڕووی دیکۆر و سیناریۆوە، بۆیە سازکردنی ئەم فیستیڤاڵانە بۆ بەرەوپێشچوونی کاری هونەری، گرنگە، چونکە ئەگەر سینەما نەبێت وڵات پێش ناکەوێت، بە قەد نان و ئاو، سینەماش گرنگە.

ھەواڵی زیاتر