ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
وا بڕیارە لە شاری كەركووكدا ناوەندێكی كولتووری و ڕۆشنبیری بە ناوی نووسەر و سیاسەتمەداری كۆچكردووی كورد فەلەكەدین كاكەیی بكرێتەوە، ڕۆشنبیرێكی ناوداری كوردیش لە شاری كەركووك زانیاریی زیاتر لە بارەی ئەو ناوەندە بۆ هەولێر دەخاتە ڕوو.
تاریق كارێزی، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری كورد لە لێدوانێكدا بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: “خەیریە خان كە خوشكی سیاسەتمەداری كۆچكردووی كورد فەلەكەدین كاكەییە لەسەر ئەركی خۆی ناوەندێكی كولتووری و ئەدەبی لە شاری كەركووك بە ناوی فەلەكەدین كاكەیی دروست دەكات.
ئەو نووسەرە گوتیشی : “خەیریە خان و ئێمە و ژمارەیەكی نووسەری دیكەی ڕاسپاردووە كە تاوتوێی دۆزینەوەی شوێنێكی باش لە شاری كەركوك بكەین تا ناوەندەكەی لێ دروست بكرێت
ئاماژەی بەوەش كرد، کە ناوەندەكە دەبێتە شوێنێكی ئەدەبی و ڕۆشنبیری سوودی بۆ هەمووان دەبێت و كتێبخانەیشی تێدا دەبێت و چالاكی جۆراجۆری ئەدەبی لێ دەكرێت.
كارێزی گوتیشی: “خەیریە خان كە گشت ئەرشیفی ئەو نووسەر و سیاسەتمەدارە كۆچكردووەی كوردستانی لا پارێزراوە، پاڵپشتییەكی تەواوی ئەو پڕۆژەیە ڕۆشنبیرییە دەكات و زۆر جەختمان لێ دەكاتەوە كە زووتر ئەو پرۆژەیە تەواو بكرێت. ئەگەر خودا یار بێت، ساڵی دابێتەوە پرۆژەكە دەكرێتەوە.
فەلەكەدین كاكەیی، نووسەر و سیاسەتمەدار و رۆشنفكرێكی ناوداری كوردە و یەكێك بووە لەسەركردە دیارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ماوەی چوار ساڵیش وەزیری ڕۆشنبیری بووە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا. لە ڕێكەوتی 31/7/2013دا كۆچی دوایی كرد.