شانۆیی (وەك قەقنەس دەسووتێم) لە شاری سلێمانی نمایشكرا

گروپی شانۆیی هەوار بە شانۆیی (وەك قەقنەس دەسووتێم) ئامادەبووانیان بردەوە نێو چەند دنیایەكی جیاواز لە خۆشەویستی و عەشق و گریان و سووتان.

شانۆیی (وەك قەقنەس دەسووتێم) لە نووسینی هونەرمەند گەزیز عومەر، لەلایەن گروپی شانۆیی هەوار كاری تێداكراوە، سینۆگرافیا و دەرهێنانی هونەرمەند نەژاد نەجم و نواندنی هەوار فارس، شانۆییەكە تائێستا حەوت جار لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی نمایشكراوە و چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێناوە، شانۆییەكە رۆژانی 28-29—11-2021 لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی نمایشكرا.
گەزیزە عومەر، نووسەری شانۆییەكە بە (هەولێر)ی راگەیاند، بۆ نووسینی شانۆییەكە سوودی لە هۆنراوەیەكی شاعیری گەورە مەولەوی وەرگرتووە كە خۆشەویستەكەی بەجۆرێكە قەت لە بیری ناكات، واتە ئەوەندەی خۆش دەوێت بۆی دەسووتێت، شانۆییەكە باس لە ئەزموونی ئەو خاتوونە دەكات كە هەموو ژیانی بۆ شانۆ تەرخانكردووە و بەجۆرێكیش خزمەتی شانۆی كردووە ئەو خۆشەویست و هاوكارییەی بۆ شانۆی داوە وەرینەگرتۆتەوە.
ناوبراو دەستخۆشی لە گروپی شانۆییەكە دەكات و بەتایبەتیش هەوار فارس كە توانیبوی بە باشی رۆلەكە بەرجەستە بكات.
هەوار فارس، ئەكتەری سەرەكی كە رۆڵی لە شانۆییەكەدا دەبینی توانی لەماوەی نمایشەكەدا چەندین رۆڵ بەرجەستە بكات و رایگەیاند، شانۆیی مۆنۆدراما قورسە و ئەویش لە مانگی شوباتەوە پڕۆڤە دەكات و پاشان بەهۆی نمایشەكانی دیكەوە شارەزایی زیاتری بەدەستهێناوە.
هەوار روونیكردەوە، سیفاتێكی مۆنۆدراما ئەوەیە هەموو بینەر چاویان لەسەر ئەو ئەكتەرەیە، بۆیە ئەویش لە ماوەی 40 خولەكدا زیاتر لە 8 كارەكتەری گۆڕیوە، بۆیە ئەگەر ئەكتەرێك شارەزاییەكی باشی نەبێت ناتوانێت مۆنۆدراما بكات.
هەروەها نەژاد نەجم، سینۆگرافیا و دەرهێنەری شانۆییەكە كە ماوەی 14 مانگە كاری لەسەر دەكات روونیكردەوە، مۆنۆدراما شێوازێكە لەشانۆ هەموو كەس خۆی لێنادات، چونكە كارێكی قورسە بەتایبەتی یەك ئەكتەر لەسەر شانۆ ئەو هەموو رۆڵە ببینێت، بۆیە ئەویش سوودی لە شانۆیی وێنەیی و چەند دەقێكی دیكە وەرگرتووە و هەوڵی داوە بینەر تووشی بێزاری نەكات.
رۆژانی نمایشی شانۆییەكە هاوكات بوو لەگەڵ تێپەڕینی خۆپیشاندانەكانی شاری سلێمانی، بۆیە لە یەكەم رۆژی نمایشەكەدا كەمی ئامادەبووان بووە جێی سەرنج، لەو بارەیەوە نەژار باسی لەوەكرد كە هەرچەندە ئەوان 10 رۆژ ریكلامیان بۆ شانۆییەكە كردبوو، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكاندانەوە خەڵكێكی كەم هاتبوون.
شاڵاو محەمەد، ئامادەبوویەكی شانۆییەكە بوو ئاماژەی بەوەكرد كە خەڵكی شاری سلێمانی پێویستییان بە بەرهەمی هونەرییە و ئەم شانۆییەش چێژێكی تایبەتی هەبوو، چونكە بەشێوەیەكی گشتی باسی لە خەم و ئازارەكانی عەشق و خۆشەویستی دەكرد، جگە لەوەش ئەكتەرەكە توانیبووی بە حەماسەت و چێژەوە ئەو دەورانە بەرجەستە بكات.

ھەواڵی زیاتر