بۆ پێکناساندنی هونەرمەندانی شاری سلێمانی و پارێزگاكانی دیكەی عێراق، پێشانگای شێوەكاریی پێكەوەژیانی ئاشتیانە كرایەوە و سێ رۆژ بەردەوام بوو.
پێشانگای پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەلایەن لقی سلێمانیی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و دامەزراوەی عەشتار لە رێکەوتی ١ تا ٣ی ئەم مانگە لە مۆزەخانەی نیشتمانی ناسراو بە ئەمنە سوورەكە بەڕێوە چوو کە زیاتر لە ١٠٠ هونەرمەندی شێوەكاری شاری سلێمانی و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق تابلۆی خۆیان لێ رانابوو. هونەرمەندانی هەردوو لا پێشانگاكە بە هەنگاوێكی باش دەزانن بۆ لێکنزیكکردنی زیاتری هەردوو لا.
رۆژگار كەمال، سەرۆكی لقی سلێمانیی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بە (هەولێر)ی راگەیاند، كردنەوەی ئەم پێشانگایە یەكێك بوو لە پڕۆژەكانی لقەكەیان و بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندییان بە دامەزراوەی عەشتار كردووە بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی هونەریی لە نێوانیاندا. ل ەپێشانگاكەدا بەشێكی زۆری هونەرمەندانی ناوەڕاست و باشوور بەشدارن. جگە لەوەش مەبەستیان بووە پەیوەندییەكی دۆستانە و برایانە دروست بكەن تا ئاگاداری كارە هونەرییەكانی یەکتر بن.
ناوبراو وای روون کردەوە کە هیچ مەرجێكیان بۆ رانانی تابلۆی هونەرمەندان دانەناوە، بەڵكو وایان كردووە هونەرمەندان ئازاد بن لە دیاریكردنی تابلۆكانیان، هەربۆیە تابلۆكان جۆرەها ماتریاڵی تێدایە.
رۆژگار كەمال روونی كردەوە، كارەكانی هەردوو لا زۆر باشن، بە تایبەت بەرهەمی هونەرمەندانی سلێمانی لەسەر ئاستی كوردستان و وڵاتانی دەرەوە ناسراون.
باقر نیعمە، سەرۆكی دامەزراوەی هونەریی عەشتار بە (هەولێر)ـی راگەیاند کە خۆشحاڵن لەم پێشانگا هاوبەشەدا بەشدارن و مەبەستیان بووە لەم رێگەیەوە تێكەڵاوییەك لەنێوان هونەرمەندانی هەردوو لا دروست ببێت، بەتایبەتیش شاری سلێمانی كە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستانە. هونەرمەندانی عێراقی دەزانن شاری سلێمانی تایبەتمەندیی خۆی هەیە و زیاتر لە شارێكی ئەوروپی دەچێت.
ناوبراو جەختی كردەوە كە بەرهەمی هونەرمەندە كوردەكان جێی پێزانینن و دەستخۆشیان لێ دەكەن، ئەوانیش هەوڵیان داوە كاری هونەرمەندەکانیان لە ئاستی پێشانگاكەدا بێت.
هونەرمەند حیكمەت هیندی، یەكێك لە بەشداربووانی پێشانگاكە روونی کردەوە، بەگشتی هەندێك تابلۆ زۆر لاوازن و هەندێكیشیان زۆر بەرزن، بەڵام بەگشتی كردنەوەی ئەم پێشانگایە زۆر باشە بۆ گۆڕینەوەی فكر و بیرۆکەی رۆشنبیری و یەكترناسین.
هەروەها وسام دبونی، هونەرمەندی شێوەكار كە خەڵكی پارێزگای بەغدایە ئاماژەی بەوە كرد، ئەم پێشانگایە هەوڵێكی باش بوو بۆ ئاشنابوونی هونەرمەندی ناوەڕاست و باشووری عێراق و شاری سلێمانی پێكەوە، چونكە هەمووان لە نیشتمانێكدا دەژین و جیاوازی لەنێوان كورد و عەرەبدا نییە، پێشانگاكەش دەبێتە بناغەی كارێكی جوان بۆ داهاتوو.
شوێنی پێشانگاكە ئەمنە سوورەكە، لە سەردەمی رژێمی بەعسدا شوێنی بەڕێوەبەرایەتیی ئیستیخبارات بوو كە لەو شوێنەدا هاووڵاتیان و سیاسیانی كوردیان ئازار و ئەشكەنجە دەدا، بەڵام ئێستا بۆتە مۆزەخانە تا ئەو كەسانەی سەردانی شوێنەكە دەكەن بزانن کاتی خۆی چۆن بووە.
سەبارەت بەهەڵبژاردنی ئەم شوێنەش بۆ پێشانگاكە، رۆژگار ئاماژەی بەوە کرد، كاتێك ئەم هونەرمەندانە دێنە ئەم شوێنە، بە شوێنەكانی دیكەشی دەگەڕێن و دەزانن شوێنی چەندین چیرۆكی تراژیدییە هی سەردەمە رووخاوەکەی بەعس، بەڵام هەر لێرەدا شێوازێكی نوێی ژیان دەستی پێ كردووەتەوە.
هەر لەو بارەیەوە بافر نیعمە وتی “دیارە سەردەمی رژێمی پێشوو سەردەمی ستەم و زۆرداری و چەوسانەوە بوو، بەڵام ئێستا سەردەمێكی نوێی پێكەوەژیان و ئاشتیانەیە، دوور لە توندوتیژی و دەمارگیری”.