پاشای گه‌وره‌ی هــــونه‌ر جێی هێشتین

ڕواندز یه‌ك پاشای گه‌وره‌ی نه‌بوو، مــــــــــــــــــــــــامۆستا زراریش پاشای نه‌مره‌‌..

كۆچی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد (زرار رواندزی) كۆستێكی گه‌وره‌ی دنیای هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی بوو. خزمه‌تی ئه‌و بێ نمونه‌ بوو، ئه‌و به‌هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و كوردانه‌ نۆته‌ی وه‌ك باران ده‌به‌خشیه‌ قوتابیه‌كانی، نزیكه‌ی نیوسه‌ده‌بوو، به‌ نۆته‌و تیۆرو هارمۆنیاوه‌، ئاوازه‌كانی خه‌می نیشتمانی به‌ كۆڵدا دابوو، ئه‌م شار و ئه‌و شار، ده‌گه‌ڕا و ته‌مه‌نی پاشای گه‌وره‌ی درێژ كرده‌وه ‌و نه‌یهیشت مێژووی رواندزیان كوێر بێته‌وه‌…
رۆحی ئه‌و وه‌ك خه‌ره‌ند ناسک و پڕ جوانی بوو بۆ هونه‌رخوازه‌كانی، گیانی ئه‌و هه‌رگیز سارد نه‌ده‌بۆوه‌ له‌ هه‌ستی نیشتمان، هه‌رگیزیش مامۆستا زرار نه‌ وون ده‌بێت، نه‌ له‌ بیرده‌كرێت…
بۆ ئه‌و كۆست و كۆچه‌ هونه‌رمه‌ندان (مامۆستا ووریا ئه‌حمه‌د،، مامۆستا سه‌فین ساڵح، مامۆستا باپیر ڕواندزی) به‌ ووشه‌ی ناخ هه‌ژێن و به‌ ڕسته‌ی خه‌مباره‌وه‌، بۆ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر نووسیان:

بۆکۆچی دوایی هونەرمەند و مامۆستا (زرار محەمەد مستەفا)
وریا ئه‌حمه‌د
ساڵی (١٩٧٥) دوای شۆڕشی ئەیلوول و گەڕانەوەمان بەناچاری بۆ ناو شارەکان، ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەند لەڕێزی شۆڕشی ئەیلوول و ئەندامی (تیپی مۆسیقای شۆڕش) بووین، هاوینی ساڵی (١٩٧٥) لە کۆیەوە لەسەر داوای چەن دانەیەک لەهونەرمەندانی هەولێر بۆ (چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر) گوێزرامەوەو وەک (سەرۆکی تیپی موزیک) له‌هه‌ولێر دەستبەکار بووم، سەرەتاییترین کارمان لەوڕۆژە رەشانەدا، دیارە بەندە خاوەنی بیرۆکەی پرۆژەکە بووم، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هونەرمەندان دەستمان بە فێرکردنی موزیک بۆمنداڵانکرد، دوای دەوری ساڵێک و سەرکەوتنی کارەکەمان بەدوای مامۆستایانی هونەرمەند (سەردار باب سەردار) و(زرار محەمەد مستەفا)ماندا نارد و ویستمان ئەوانیش لە شارەکانی (کۆیە) و (رواندز) هەمان کار بکەن و، بۆ ئەو مەبەستە چەندین ئامێری موزیکی منداڵانمان پێدان، شایانی باسە بیستبوومان مامۆستا زرار خەریکی فێرکردنی منداڵانی رواندز بووە، بەو مەرجەی کاتێک منداڵەکان فێری موزیکبوون، لەگەڵ منداڵانی هەولێر ببن بەیەک (تیپی مۆسیقای منداڵان)، ئەمەش بۆ بەشداریکردن لە میهرەجانی ساڵانەی چالاکی سەرتاسەری قوتابخانەکانی هەموو عیراق، لێرەوە برادەرایەتی ئێمە واتە بەندە لەگەڵ مامۆستا زرار دەستی پێکرد، کە ئەوساڵانە بۆ رواندز دەچووم و لە قوتابخانەی پاشای گەورە، لەگەڵ قوتابیانی مامۆستا زرار کۆدەبوومەوە و (نۆتە)ی بەرهەکانم لەسەر تەختەڕەشێکی ئامادەکراو بۆ دەنووسینەوە وچەند رۆژێک دەمامەوە بۆ دڵنیابوون لە ژەنینی موزیک و گۆرانییەکان، لەراستیدا قوتابیانی رواندز کە مامۆستا زرار پەروەردەی کردبوون، لەرادەبەدەر زیرەکبوون و بەبێ ماندووبوون و بەرێنمایی کەم فێری ئاوازەکان دەبوون و بەلێهاتوویی دەیانژەنی. دیارە ئەو ساڵانە سەردەمی رژێمی گۆڕبەگۆڕبوو، لەهەموو سەفەری میهرەجانەکان پێکەوە بووین، هەرکاتێکیش مامۆستا زرار بۆ هەولێر بۆهەر کارێک بهاتایە سەردانی دەکردم و ئێوارەکان بۆ یانەی مامۆستایان دەچووین و هەتا درەنگانی شەو هەر باسی هونەر و هەم ستەمی رژێمی گۆڕبەگۆڕمان دەکرد و شەوانیش بۆ ماڵی مامی دەمبردەوە، هەر لەسەره‌تای دامەزراندنی (یەکیەتیی هونەرمەندانی کوردستان)ەوە لە ساڵی (١٩٨٣) ئێمە لەگەڵ مامۆستا زرار ئەندامی ئەو رێکخراوەبووین و، دواتریش وەک ئەندامی دەستەی باڵای ئەو رێکخراوە چەندین ساڵ دەستبەکاربووین و پێکەوەبووین.
سەربەرزی کاری فێرکردنی منداڵانمان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کەماوەی (4) ساڵ (تیپی مۆسیقای منداڵانی هەولێر) کە منداڵانی شارەکانی (رواندز) و (کۆیە)شی لەخۆگرتبوو، ماوەی چوارساڵ لەسەر تیپەکانی مۆسیقای منداڵانی هەموو عیراق بەیەکەم دەرچوون، ئیتر لەوساوە ئێمە برادەربووین، کاتێکیش لە راپەرینی بەهاری ١٩٩١ لەگەڵ هەموو خەڵکی شاری هەولێر و دەوروبەری بەرەو سنوورەکان بەناچاری رێمان گرتەبەر، بەندە خۆم و هاوسەر ومنداڵەکانم لە رواندز ماینەوە و میوانی مامۆستا زرار بووین، کە دواتر هەر لەسەر بڕیاری مامۆستا زرار لەگەڵ دەستەیەک لە هونەرمەندانی پێگەیشتووی رواندز بۆ هێنانی کەرەستەی دروستکردنی (ستۆدیۆ) بۆ تۆمارکردنی سروود، بۆسەر شاخی (کوڕەک) چووین و بەداخەوە لەڕووداوێکی هاتووچۆدا بەندە بەسەختی برینداربووم و بێهۆش کەوتم، دواتر زانیمەوە کە مامۆستا زرار هەتا سنووری (حاجی هۆمەران) کەدیارە بەمەبەستی چارەسەری بردوویانم وەک برایەک لەگەڵمدا هاتبوو.
تەنانەت چوار رۆژ پێش کۆچکردنیشی تەلەفۆنی بۆکردم و گوتی: ئێستا لەگەڵ ناساغی چۆنیت؟ ئەوە جاری دووەمبوو تێڵم بۆبکات و لە تەندروستیم بپرسیت، هەتا پێشنیاری بۆکردم بۆلای دکتۆرێکی پسپۆڕی بڕبڕەی پشت بچم کە خەڵکی رواندزە و ناوەکەشی پێدام و فەرمووی: سڵاوی منی پێبگەیەنە و هیوادارم سوودی هەبێت.
مامۆستا زرار ساڵی (٢٠١٣) کتێبی (هونەر لە رواندز)ێی بەچاپ گەیاند، دامەزرێنەری (تیپی پاشای گەورەی رواندز) بوو وەهونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز و راستگۆ و پاکبوو، لێرەوە هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی دەنێرم.

به‌ داخه‌وه‌ (پاشای گەورەی هونەر) جێی هێشتین …..
سه‌فین ساڵح
بەر لە هەموو شتێ سەری ڕێز و نوازش بۆ گیانی پڕ لە پاکی و ڕۆحی تەژیی لە جوانی و میهرەبانیی مامۆستای مەزنی ڕێی ڕزگاری نیشتمانی کوردستان، ڕابەری مەزنی هونەر لە ڕواندز ی پایتەختی جوانی و تەواوی نیشتمانی کوردستان، گەورەو سەروەرمان (زرار مەحەمەد مستەفا) ی هەردەم لەدڵدا زیندوو، ئەستەمە بتوانین مێژووی پڕ لە سەروەری پتر لە شەست 60 ساڵی چرکە بە چرکەو سات بەساتی تەمەنی پڕ لە خەبات و دڵسۆزیەکی به‌رزی بێ وێنه‌! بەچەند دێڕێک بخەیتە ڕوو، ئەوساڵ من ئەبم بە پەنجا ساڵ ئەو زاتە بەرزە بە دەساڵ بەر لە بونی من و زۆرێک لەو ئەزیزانەی هاو تەمەنی من کە لە نەوەی دووهەمی فێرگە مەزنەکەی ئەو کەڵە پیاوە پڕ لە ویقار و سەراپا لە جوانییە ی کە لە ئەزەلەوە گشت گیانی داپۆشی بو، لە ساڵی 1985 یەک بەیەک ی بەهرەمەندانی لە کوڕان و کچانی شار بەو دڵە پڕ لە میهرەبانی و هەستە بەرزە مرۆڤایه‌تیه‌ی توانا شارەوەکانی هەر یەکێک لە ئێمە مانان دەدۆزیەوەو، دەست پێکی ئەو دەیان ساڵەی نێو هونەرمان لەوێڕۆژێ دەست پێدەکا، بەر لە ئێمەش بە هەشت ساڵێک یەکەم وەرچەرخانی گەورەی لە مێژوی تەواوی کوردستان هێنایە کایه‌وه‌ بە دامەزرادنی (تیپی پاشای گەورە) کە لە دوایدا بوە هەرە گرنگ ترین و نایابترین و ناودارترینی ئەو تیپە موزیکیانەی تەواوی کوردستان! بەر لەوەش بە بیست ساڵ و بگرە پتریش واتا لە ناوەڕاستی پەنجاکان وەک مامۆستایەکی پەروەردکار (ئەلفوبێی) زانست و زانینی لە قوتابخانە فێرکاریەکانی ناوچەکە لەپاڵ پێشمەرگایەتی و خەباتی کوردانەی تەواوی خزمەتە گەورەکانی کردۆتە هەوێنی ئەو مرۆڤە مەزنەی کە ئەوڕۆ بە جێهێشتنی ئەزیزانی تەواوی کوردستان ماتەمبارە.
وەک ئەوەی دوێنێ بێ! لە ڕۆژێکی پڕ لە ژیانی مانگی پێنجی ساڵی 1985 سەرپەرشتیاری قوتابخانەکەمان (مژدە ی سەرەتایی تێکەڵاو) لە ڕواندزی هەواری جوانی هاتە پۆلەکەمان مامۆستای گەورەی بەخێر هێنا ئێمە بەو تەمەنە بچوکە ئەو کەڵە پیاومان دەناسی وەک ڕۆژێکی ئەفسوناوی بوو بۆ ئێمە کە بتوانین ببینە جێی ڕەزامەندی مامۆستای گەورەو بمان کاتە یەکێک لە ئەندامانی ئەو تیپە موزیکیەی کە بۆ ئەوە هاتبوو، ئەوڕۆژە من و پۆلێ لە هاوڕێیان زۆر بەباشی صۆلفێجی ئەو دەنگانەمان بڕی کە مامۆستای ئەزیزمان بە ئاوازو شێوازێکی تایبەت لەبه‌رامبه‌رمان دەی چڕین، هەر ئەو ڕۆژە دەستەیەکی هەڵبژارد و خۆشبەختانە من و چەند هاوڕێیەکم دەستنیشان کراین، هەڵبەته‌ لەچەند قوتابخاەیەکی دیکەی شاریش کچان و کوڕان بەو شێوەیە، لە کۆتادا دوای مانگێک لە و بەروارە کە باسم کرد لە پشوی هاوین هەرهەموومان نزیک چل بۆ پەنجا لەو کچ و کوڕە تازە پێگەیشتوانە بوین لە چوار چێوەی (تیپی منداڵانی ڕواندز) کە هەر زوو ئەو تیپە کەوتە سەر پێ و هەموو ڕۆژ چەندین کاتژمێرله‌ پڕۆڤەی بەردەوام، هەڵبەت بە شێوازی ئاکادیمی، ساڵی ١٩٨٦ یەکەم نمایشی جەماوەریمان بوو، ئای چ ڕۆژێکی سەخت بوو یەکەم جار بوو، ئیدی ترس و دڵە ڕاوکێ و…، هێندە جوان بوو ئەو تیپە نازدارە، خەڵکی بە باوەشی پڕ لە خۆشەویستی و پشتیوانیەکی زۆر گەورە ئێمەیان سەرسام کرد، کاروانەکە لەوێ دەستی پێکرد. هەنگاوی گەورەتر ساڵی ١٩٨٧ لە ڕۆژی جیهانیی موزیک لە هەولێری پایتەخت بۆ یەکەم جار خەڵکی ئەو شارە چاویان بە تیپێکی جیاواز لە هەموو ڕویه‌که‌وه، پێکهاتەی تیپەکە نیوەی کچان و نیوەکەی دی کوڕان، ئەو بەرهەمەی پێی بەشدار بوین پارچە موزیکی (کۆنە هەوای سکۆتلاندا) زۆر بەباشی پیشكه‌شمان كرد، لەهەر هەمووی گرنگتر شێوازی جل و بەرگمان تەواو کوردی و جلی پێشمەرگەمان پۆشی ئەویش بە داواکاری مامۆستای گەورەو، پشتیوانی دایکان و باوکان، مامۆستا هێندە گەورە بوو لە بیرکردنەوەدا حسێبی وردترینی دەکرد، چۆن چۆک بە دوژمن دابدات، ئای لەو هەموو حەماسەتە خەڵکی دەستەبژێری هونەرمەندانی کورد و ڕۆشنبیرانی کورد لەبەردەم جەلادەکانی بەعس ی دۆڕاو، چۆن ئێمەیان بەسەر شانیانه‌وه‌ بردە سەر شانۆ، هیچ کات ئەوەم بیر ناچێ!
کاروانەکە بەردەوام بو تا ڕاپەڕین ی ساڵی ١٩٩١ جارێکی دی و بە فۆرمێکی دیکەو هەڵبەت تەمەنێکی جیاوازتر تیپی (شەهید ڕابەر) مان لەسەر دەستی مامۆستای گەورە (زرار مەحەمەد مستەفا) دامەزراند و لە چەندین ڤیستیڤاڵی گەورەی کوردستان هەردەم بە پلەی یەکەم دەگەڕاینەوە ڕواندز.
سەرەتای هەرە بەهێزی بە جەماوەری بونی تیپی (پاشای گەورە) بۆ ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکان ده‌گه‌رێته‌وه‌، گرنگیەکی زۆر بەو تیپە دەدرا، چونکە لە دوای ڕاگەیاندنەوە خۆیان سه‌پاندبوو، کە باشترینی کوردستانن، چەندین پڕۆگرام و دەیان گۆرانی تۆمارکراو، دوایی وێنەیان دەگیرا و خەڵکی لە تەواوی کوردستان و تەواوی ناوچەکەش ئەو تیپە به‌رزه‌یان ناسیبوو، هەڵبەت ئه‌مه‌ش ڕۆلی مەزنی مامۆستای تێداهەبوو، زۆربەی ئەندامانی ئەو تیپە ئەو کات قوتابی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی مووسڵ بوون کە ناوو ناوبانگێکی هاوشێوەی (ئۆکسفۆرد)ی بەریتانی هەبوو، ئەو موزیکژەنە بلیمەتانەی پاشای گەورە لە یەکەمینی یەکەمەکانی ئەو پەیمانگەیه‌ هەڵکەوتووە بوون، ئەوەش هێندەی دی ناو ناوبانگی ئەو تیپەی
زێتر کردبوو، فۆکەسی ڕاگەیاندن و داوای بەردەوامیان لە سەر بوو. (Tv)
یەکانی ئەوسا بەردەوام بەدوای ئەو ناوو ناوبانگەوە بون،مامۆستای هێژامان زۆر وورد بوو لەسەر ئەوە کوردیانە و کوردستانیانە هونەری بەرزی کوردی و جوانی کوردستان لەڕێی ئەو پڕۆگرامانەوە پیشان بدا. کە زۆر کاریگری لەسەر هزری هەتا غەیرە کوردیش کردبوو، ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار دەهاتنە هاوینە هەوارەکانی ڕواندز،بوونی ئەو پڕۆگرامانە کاریگەری زۆر ئەرێنیان دروست کردبوو، هەروا بێتەوە چەندین هونەرمەندی نێوداری کورد ج پێش ڕاپەڕین چ دوای ئەوە له‌ ستۆدیۆ سادەو لە هەمان کات ناودارەکەی ڕواندز بووه‌ کوانوی خوڵقانی دەیان ئەلبومی هونەری، ئەوسا بە (بەکرە)دەهاتنە تۆمار کردن،
نمونەش هونەرمەندانی کورد (نەجمەی غولامی، بەکری لەگزی، کاڵێ، فاتمە خانم، هتد…).
لە مانگی یەکەمی ڕاپەڕینی کوردستانیش یەکەم کۆنسێرتی هەرە فراوانی جەماوەری لە سەرەتای مانگی چواری ساڵی 1991 بۆ هونەرمەندی کورد (شڤان پەروەر) و دوایش زنجیرەیەک کۆنسێرتی جەماوەریمان بۆ هونه‌رمه‌ند (ناسری ڕەزازی) لە شارکانی ڕواندز و سۆران و ڕانیە پێشکەش کرد. کە هێندەی دی ئەو تیپە نایابە بوە جێی بایەخی خەڵکی.
بەداخەوە شەڕی ناوەخۆ کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەبوولەسەر بەردەوام نەبونی ئەو تیپەو، لەیەک هەڵوەشانی و پەرتەوازە بوونی ئەندامە سەرەکیەکانی کە ئەو بار و دۆخە زۆر کاریگەری خراپی دروست کرد لەسەر دەرونی مامۆستای گەورەمان.

كۆچت كۆچیكی جه‌رگبڕ بوو مامۆستا زراری هه‌میشه‌ مامۆستام
باپیر رواندزی
لە ساڵی ١٩٧٨-١٩٧٩ مامۆستا زرار لەناو قوتابخانەکەمان کۆمه‌ڵێک قوتابی دەست نیشان کرد بۆ خولی مۆسیقا، منیش یەکێک بووم لەو قوتابیانە، ئەو کات تەمەنم ٨ ساڵان بوو، زۆریشم حەز لە ئامێری کەمان بوو، بەڵام ئەو پێی گوتم: دەبێ تۆ بچیتە سەر ئامێری ئوکۆردیۆن، منیش گوتم بۆ مامۆستا؟ من حەزم لە ئامێری کەمانە. گوتی: تۆ بۆ کەمان نابیت پەنجەکانت بچوکن منیش رازی بوم و، خۆش بەختانە زۆر سەرکەوتوش بووم، كەجێی ڕەزامەندی ئەو بووم، تاکو ئیستاش ھەر بەردەوامم لەسەر ئامێری ئوکۆردیۆن.
مامۆستا زرار زۆر لە خۆبوردوانە خزمەتی ھەمومانی دەکرد، زۆر پێمانەوە ماندو بوو منیشی زۆر خۆش دەویست، گرنگی زۆری پێدەدام، دوو ئامێری ئوکۆردیۆنی پێدابوم یەک لەماڵەوە پڕۆڤەم پێ دەکرد، ئەویتریان لە بارەگای لاوانی ئەو کات، لە زۆربەی فیستڤاڵەکان چ لەسەر ئاستی کوردستان چ لە سەر ئاستی عیراق.
مامۆستا زرار سەرپەرشتی و ڕابه‌رێتی دەکرد، لەگەڵمان بوو بۆ پەیداکردن و ھێنانی نۆتەی مۆسیقاش زۆربەی شارەکان دەگەڕا، بۆ فێرکردنی ئێمە وەکو ھەڵوێستی کوردانەش ھەمیشە ھەڵوێستی ھەبوو، ھەوڵی لەگەڵ ئێمە دەدا، کە ھونەرو کەلتورو نیشتمانی خۆمان خۆش بوێت، لە بۆنە نیشمانیەکان بەشداری پێدەکردین زۆربەی سروودە نیشتمانیەکانی فێر کردبووین، لە یەکەم فیستڤاڵ کە کردمان لە شاری سلێمانی، مامۆستا زرار سۆڵوی دابوو بە من لە ھەموو ئەندامانی تیپ بچووکتر بووم و، پێیەکانم نەدەگەیشتنە سەرزه‌وی لە و فیستیڤاڵە پلەی دووەمان بەدەست ھێنا لە فیستڤالێکی تر کە لە ھەولێر ئەنجام درا ئەو کات لەسەر شانۆ من ئامێری خۆم بیر چوو، ئوکۆردێونەکەم بزر بوو. مامۆستا زرار گوتی کوا ئامیره‌كه‌ت؟ منیش گوتم لەسەرشانۆ نەمھێناوه‌ته‌ خوار بەجێم ھێشت. گوتی: بۆ نەتھێناوە؟ كه‌میك توڕە بوولێم و یەکێکی نارد بیھێنێتەوە، بەڵام دیار نەمابوو، ئیتر گەراینەوە راوندز، پاش ماوەیەک مامۆستا سەید ئەحمەد دۆزیەوە.
بەدڵنیاییەوە ھەموو ئەو فەزڵە گەورەیە بۆ مامۆستا زرار دەگەرێتەوە، بەش بەحاڵی خۆم زۆر قەرزداری ئەو زاتە گەورەیەم دڵنیام ئەگەر مامۆستا زرار نەبوایە لەوانە بوو ببم ب ەکەسێکی لادەر و لاسار، دروود بۆ گیانی پاکی ماموستا و رابەر و رێنیشاندەرم ھەمیشە لەناو دڵ و دەروونمدایت، رۆحت شاد مەرگ و ژین مسلی سێبەر و تاوە ئەوی باقی بمێنێ ھەر ناوە.

ھەواڵی زیاتر