بەكر مستەفا: ئەگەر پاڵپشتیی دارایی هەبێت، ئەكتەری باشمان هەیە بۆ كاری درامی

هونەرمەند بەكر مستەفا، پێی وایە ئەگەر لە كوردستان پاڵپشتییەكی باشی دارایی هەبێت، ئەوا ئەكتەری زۆر باش هەیە بۆ ئەوەی كاری نواندن بكەن تا هونەری دراماش زیاتر پێش بكەوێت.

هونەرمەندی ناسراو بەكر مستەفا كە یەكێكە لە هونەرمەندە دیارەكانی بواری هونەری كۆمیدییە و چەندین ساڵە بەشداری لە دراماكاندا دەكات و ئێستاش یەكێكە لە ئەكتەرە دیارەكانی درامای (سەمەرە) كە بڕیارە ل ەمانگی رەمەزاندا لە كەناڵی كوردساتەوە پەخش بكرێت.
بەكر مستەفا، لە درامای (سەمەرە)دا رۆڵی (كامەران) بەرجەستە دەكات و رایگەیاند، بێگومان بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە درامایانە زۆر باشن و ئەم درامایەش سەرجەم پێداویستییەكانی بۆ دابین كراوە و تائێستا كارەكان زۆر باشن بەقەد ئەوەی خۆیشمان هەوڵ دەدەین كارێكی باش بێت.
سەبارەت بە رۆڵەكەیشی وتی “شۆفێری تەكسیم و لە ماڵی خەزورمدا دەژیم، تەكسیەكە تەواو پەكی كەوتووە و تووشی چەند ئاستەنگێك دەبێت و ئەم شۆفێرە بە گوێرەی چیرۆكەكە دەڕوات تا ئاستەنگەكانی زیاد دەكات، بەڵام بۆ زانینی تەواوی رۆڵەكە با چاوەڕوانی تەواوبوونی دراماكە بین”.
بەكر مستەفا لەسەرجەم كارە هونەرییەكانیدا رۆڵی كۆمیدی بەرجەستە دەكات و وتی “خۆم زیاتر حەزم لە بواری كۆمیدییە، چونكە لەم بوارەدا دەركەوتووم، بەڵام بەو مەرجەی كۆمیدیایش ئامانجێكی لە پشتەوە بێت، نەك ئەو كۆمیدیایەی لە هەندێك كەناڵەوە نیشان دەدرێت، لە جیاتی بەرەو پێشبردنی كۆمیدیا، بەڵام دوای خستووە”.
دەربارەی ئەوەی بۆچی كۆمیدیای هەڵبژاردووە دەڵێت “ئێمە لەناو كۆمەڵگەیەكدا دەژین، ژان و خەمی قورسە، كۆمیدیایش ل ەخۆیەوە دروست نەبووە، بەڵكو ئەگەر مێژووەكەی بزانین لە سەردەمی رۆمانەكانەوە هەیە، كۆمیدیا بۆ هێوكردنەوەی دەروونی هاووڵاتیان گرنگە”.
ئەم هونەرمەندە بەلایەوە گرنگە لەگەڵ بەردەوامی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كارە هونەرییەكانیش دەستیان پێكردۆتەوە و دەڵێت “هونەر ژیانە و نابێت بوەستێت، كۆرۆنا هۆشیارییەكی لای خەڵك دروست كردووە كە خۆیان، خۆیان بپارێزن”.
بەكر مستەفا روونی كردەوە، درامای كوردی پێویستە هەنگاوی باشتر ببڕێت و جێی خۆیەتی ئیدی درامای كوردی جێی دراما دۆبلاجكراوەكان بگرێتەوە، بەڵام ئەوەش بە پاڵپشتیی دارایی و كادیری باش دەكرێت، لە كوردستان هونەرمەندی زۆر باش هەیە، بەڵام لایەنی دارایی گرفتە و چۆنیەتیی پەیداكردنی.
زۆرجار بەشێك لە هاووڵاتیان دەڵێن ئەگەر پاڵپشتیەکی باشی دارایی هەبێت و تەكنیكی باشیش، ئایا هونەرمەندی باش هەیە تا بتوانن ئاستی دراماكان پێش بخەن؟ بەكر مستەفا وتی “ئەو تەكنیكیەی باسی دەكەن ل ەهەموو شوێنێك دەتوانرێت هەبیت، بەڵام لەبەرئەوەی ل ەوڵاتانی دیكە ئەكتەر و تەكنیككار وەزیفەی خۆیان ئەو پیشەیەیە، بۆیە كاری باش دەكەن، بەڵام لێرە هونەرمەند هونەر پیشەی سەرەكیی نییە و دەبێت بەدوای بژێوی دیكەی ژیانیدا بگەڕێت، بۆیە ئەو جیاوازییە دروست بووە”.
لەم ساڵانەی دواییدا هەندێك لە ئەكتەرەكان كاری دەرهێنانیش بۆ بەرهەمی هونەری دەكەن، ئایا ئەو هونەرمەندانە لەو بوارەدا تا چەندێك سەركەوتوون، ئەم هونەرمەندە روونیكردەوە، لێرە كێشەكە ئەوەیە جۆری پیشەكان تێكەڵ بوون، ئەگەر هونەرمەند خۆی بە دەرهێنەرێكی باش دەزانێت با لەبوارەكەی خۆیدا كار بكات، چونكە هەتا كاری دراما هەبێت پێویستی بە دەرهێنەر و ئەكتەر و تەكنیككاری باش هەیە، بۆیە ئەگەر هونەرمەندێكیش حەزی لە دەرهێنان هەبێت ئەوا دەتوانێت لەو بوارەدا پەرە بە كارەكەی خۆی بدات.

ھەواڵی زیاتر