شوان قەرەداخی: هونەر بەهرەیەکی خۆڕسکانەیە و خوای گەورە دەیبەخشێتە مرۆڤەکان

دەنگێکی پڕ چێژ و بەناوبانگ، هونەرمەند شوان قەرەداخی یەکێک لە دەنگە زۆر بەتواناکانی کورد، ساڵانێک خزمەت و کاری باش بۆ هەوادارو هونەری کوردی، لە دیدارێکی تایبەتدا وەڵامی چەند پرسیارێکی هەولێردەداتەوە.

٭ ساڵانێکی زۆرە لە بواری هونەریدا کار دەکەیت و چەندین گۆرانی لەڕوی تێکست و میلۆدییەوە جوان بەرهەمهێناوە، بەڵام بە ڕاددەیەکی زۆرلەچاو ئەو بەرهەمانەتدا چەند بەرهەمێکی کەمت بەڕاددەیەکی زۆرچووەتە نێو جەماوەر، بەبۆچوونی خۆت هۆکاری ئەمە چییە و چ پێشهاتێک لە بەرهەمە نوێکانتدا هەیە؟
ـ کاتێک دەست دەکەم بە کارێکی هونەری زۆرتر جەخت لە کوالیتی وڕەسەنایەتی و هەستی کارەکە دەکەمەوە، بێ گوێدانە ئەوەی تا چ ڕاددەیەک دەچێتە ناو خەڵکەوە، چونکە لە کۆتاییدا هەر کەسەو گوێ لەو گۆرانییە دەگرێ کە دڵی دەیخوازێ، ئەوەی کاری ڕەسەن و هونەرییانەی لا پەسەندبێ گوێ لەکارەکانم دەگرێ و جەماوەریش ئازادە گوێ لە کێ دەگرێ.
٭ پێشوتر زیاتر کارت لەسەر ئەو بەرهەمانە دەکرد کە گوترابوونەوەیانیش گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان، ئەمەی کردووتە تەنها حەز بووە یانیش
تێکست و میلۆدی باشت پێ شک نەهاتووە؟
ـ ئێستایش ئامانجی هەرە گەورەم لە کاری هونەریدا تازەکردنەوەوناساندنی گۆرانییە فۆلکلۆرییە ڕەسەنەکانە، چونکە بەشێکی گەورەیە لە هونەر و کلتوری میللەتەکەم، کە شانازی پێوە دەکەم و لە پاڵیدا کاری هونەری نوێ و بەرهەمی نوێ پێشکەش دەکەم، ئەرکی سەر شانمە هونەری فۆلکلۆری میلەتەکەم نوێ بکەمەوە و بیدەمەوە بە گوێی نەوەی
ئێستادا کە بە داخەوە زۆربەیان شارەزای هونەری نەتەوەکەیان نین.
٭ دەربارەی خانمە گۆرانیبێژی ناسراو “دڵنیا قەرەداخی” خوشکت، دەپرسم، دەمەوێ بزانین ئەو بەیەکجاری وازی لە کاری هونەری هێناوە، ئەگەر پێچەوانەیە بۆچی ئەو بزرنییە لە ڕووی میدیاییەوە، بەڵام هیچ بەرهەمێکیشی نابینین؟
ـ هیچ زانیارییەکەم لەو بارەیەوە نییە، وابزانم لە خودی خۆی بپرسن لەوانەیە وەڵامێکتان دەست بکەوێ
٭ هونەرمەندی پرۆفیشناڵ بە بۆچونی تۆ ئەکادیمیا دروستی دەکات یان شارەزایی خۆڕسکانە؟
ـ کاری نوێ و ستایلی نوێ پێویستە لە ناو هونەری هەر میللەتێکدا و دەبێتە هۆی پێشکەوتن و ئەفراندن، بەڵام پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێک بکرێ کە
نەبێتە هۆی لاوازبوون و پووکانەوەی هونەر و فەرهەنگی میللەتێک، هەروەها ڕەچاوی داب و نەریتی کۆمەڵگە بکرێت و لەسەر حسابی
شێواندنی ئاواز و میلۆدییە کوردیەکان نەبێ. بەبۆچوونی من هونەربەهرەیەکی خۆڕسکانەیە و خوای گەورە دەیبەخشێتە مرۆڤەکان، بەڵام گەر
لە لایەنە هونەری و ئەکادیمییەکەیشەوە کاری لەسەر بکرێ دەبێتە فاکتەرێکی باش بۆ بەرەو پێشچوونی هونەرمەندەکە و زیاتر شارەزای کارەکەی دەبێ.
٭ گۆرانی شاییە زەماوەندە کاتێک تۆ دووبارە گوتتەوە خەڵکێکی زۆربایەخی زیاتریان گۆرانییەکەدا و زۆریش دەنگدانەوەی هەبوو، چ شتێک وایکرد ئەم گۆرانییە دووبارە بکەیتەوەو بەشێوازێکی تایبەتی خۆت بیڵێیتەوە؟ پێمخۆشە ئەوەیش بزانم کام لەو هونەرمەندانەی پێش تۆ وتویانە، وای لە تۆ کرد حەزی زۆرت بۆ بەرهەمەکە هەبێت؟
ـ گۆرانی شاییە زەماوەندە لە سەردەمێکدا تۆمار کرا خەڵک بە پەرۆشبوون بۆ کاری کوردی ڕەسەن و کلیپی کوردی، چونکە ئەو سەردەمە زۆر لە هونەرمەندان ڕوویان دەکردە وڵاتانی دراوسێ بۆ کاری کلیپ، هەر ئەوەیش بووە هۆکاری سەرکەوتنی ئەو گۆرانییە لە ناو خەڵکدا، بێگومان جگە لەوەی گۆرانییەکی زۆر جوان و ڕەسەنی کوردییە لە
خۆشەویستی دەنگ و ئەدای مامۆستا خالقی و مامۆستا بیژەنی کامکارئەو گۆرانیەمان هەڵبژارد و نوێمان کردەوە.
٭ پرۆژەی نوێت چییە و نیازی ئەوەت نییە بە بەرهەمێکی نوێ، یان ئەلبومێک ئاشنامان بکەیت؟
ـ نوێترین کارم بە ناوی ماڵئاواییـە لە ئاوازی خۆم و هۆنراوەی برام کاک مازیار فایەق و ئەرێنج و ڕیکۆرد و میکس و ماسترینگی “شادمیهر نامۆ” کاری کلیپی تەواو بووە و هیوادارم لە ئایندەیەکی
نزیکدا بڵاوی بکەمەوە، وەک ئەلبووم بە داخەوە کە ناتوانم، چونکە تێچوویەکی زۆری تێ دەچێ. پێمخۆشە کاری نوێم لە ڕێی سۆشیاڵ میدیا و
سەرجەم کەناڵەکانەوە بڵاوببێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین بینەر پێی ئاشنابن.

ھەواڵی زیاتر