پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی ژیان و بەرهەمەکانی هونەرمەندی كۆچكردوو حەمەجەزا

ئەم پەرتووكە بەشێوەیەكی گشتی باس لە بیۆگرافیای (حەمەجەزا) دەكات لە هەموو روویەكەوە، بێگومان ئەوەی بینیویانە و بیستویانە باوكیان كەسایەتییەكی خۆشەویستی نێو هەموو چینەكانی كۆمەڵانی خەڵك بوو

خانەوادەی هونەرمەندی گەورە، رەحمەتی حەمەجەزا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ نووسینی كتێبێك لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی ئەو هونەرمەندە و داواش دەكەن هەر كەسێك بەڵگەنامەی لەسەر ئەو هونەرمەندە لایە بۆیانی رەوانە بكات.

هونەرمەند حەمەجەزا زیاتر لە ٤٠ ساڵ خزمەتی هونەری كوردیی كرد و لە شاخیشدا وەك پێشمەرگە خەباتی بۆ گەلی كوردستان دەكرد. ئەو هونەرمەندە ڕۆژی ١/١٠/٢٠١٠ لە شاری سلێمانیدا كۆچی دوایی كرد. خانەوادەكەی بەنیازن لە دووتوێی كتێبێكدا باسی ژیان و بەرهەمەکانی بکەن.
هونەر حەمەجەزا بە “هەولێر”ـی راگەیاند: “ئەوان داوایان لەو كەسانە كردووە كە هەر بەڵگەیەكیان لەسەر ژیان و بەرهەمی ئەو هونەرمەندەیان لا هەیە بۆیان رەوانە بكات. تائێستایش چەند دۆست و ناسیاو و خۆشەویست و ئازیز و هەوادارێکی (حەمەجەزا) كەم تا زۆر پەیوەندییان كردووە و نووسراو یان یادگاری و وێنەیان بۆیان ناردووە”.
کاک هونەری کوڕی هونەرمەند دەڵێت “زۆر سوپاسیان دەكەین و پێزانینمان هەیە بۆ دەوڵەمەندكردنی ناوەرۆک و سەرچاوەكانی ئەم پەرتووكە، دووبارە داوا دەكەین كە هەر كەس هەر بەڵگەیەكی لەلایە دەتوانێت لەرێگەی پەڕەی خۆم لە پێگەی فەیسبووکەوە بۆمانی بنێرێت:
www.facebook.com/HunerHemeJezzq
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، لەڕاستیدا ماوەی ساڵێکمان داناوە بۆ كۆكردنەوە و رێكخستن و نووسینەوەی ئەم پەرتووكە لەگەڵ برایانی ئامادەكار (رێبوار حەمەتۆفیق و شادمان محەمەد) كە دەبێت پێش كۆتایی ساڵی ئایندە بێت، بەڵام مەبەستیانە ناوەرۆكێكی سەنگین و بەپێز بێت و شایانی رۆحە نەمرەکەی باوكیان بێت.
هونەرمەند حەمەجەزا زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەمری خوای كردوە، سەبارەت بەوەی بۆچی ئەم چەند ساڵەی رابردوو هەوڵیان نەدا بۆ ئامادەكردنی كتێبێك لەسەر باوكیان، هونەر وتی “بێگومان پرسیارێكە لە جێگەی خۆی، بەڵام لەدەستدانی (حەمەجەزا)ی باوك و هونەرمەند بۆ ئێمە و زۆرێك لەكەسانی تر زۆر سەخت بوو، بەو ئەندازەیەی باوەڕمان بە خۆمان نەدەهێنا كە لەناوماندا نەماوە، بەڵكو رۆح و وزە و خۆشەویستیی باوكمان تائێستاش هەر لەناوماندا وەك خۆی ماوە، هەر بۆیە ئەم كارەمان نەكردووە، بەڵام بێگومان لەگەڵ چەند هاوڕێ و كەسێكی دڵسۆز بەردەوام بیرمان لە چەند كار و پڕۆژەیەكی هونەری تایبەت بە (حەمەجەزا) كردووەتەوە و ئومێد دەكەین لە ئایندەدا جێبەجێی بكەین”.
هونەرمەند حەمەجەزا جیا لەوەی هونەرمەند و پێشمەرگە بوو، هەم خۆی و هەم بنەماڵەكەشیان بەیەكێك لە بنەماڵە ناسراوەكانی شاری سلێمانی دادەنرێن، هونەر روونی كردەوە، ئەم پەرتووكە بەشێوەیەكی گشتی باس لە بیۆگرافیای (حەمەجەزا) دەكات لە هەموو روویەكەوە، بێگومان ئەوەی بینیویانە و بیستویانە باوكیان كەسایەتییەكی خۆشەویستی نێو هەموو چینەكانی كۆمەڵانی خەڵك بوو.
ئەمساڵ لە یادی ١١ ساڵەی كۆچی دوایی حەمەجەزا، جیاواز لە ساڵانی رابردوو هیچ مەراسیمێك بۆ ساڵیادی ئەو هونەرمەندە نەكرا، لەو بارەیەوە هونەر وتی “چەند هۆكارێك هەبوون لەوانە پەتای كۆرۆنا، هەروەها مەرگی ناوەختەی مامە قایەر و هەروەها دووریی بنەماڵەكەشمان لە كوردستان كە بووە هۆی نەكردنەوەی ئەم یادە، بەڵام هەموو ساڵێك لەم یادەدا بەشێك لە خانەوادەكەمان ئامادە دەبن لەسەر گۆڕی باوكمان و پێشوازی لە ئامادەبووان دەكەین، هەرچەندە زۆر لایەن و ناوەندی هونەری و دەزگا راگەیەندنەكان لەلای خۆیانەوە ئەم یادە بەرز رادەگرن و ئێمەش پێزانینمان هەیە”.
ماوەی چەند ساڵێكە ئەو هونەرمەند و كەسایەتیانەی كۆچی دوایی دەكەن پەیكەریان بۆ دروست دەكرێت و لە شوێنێكی شیاو دادەنرێن، بەڵام تائێستا پەیكەر بۆ ئەو هونەرمەندە دروست نەكراوە.
كوڕەکەی حەمەجەزا ئاشكرای كرد، لەڕاستیدا هەر لە زووەوە چەند جارێك لەلایەن برادەرانی پەیكەرساز و هەوادارانی (حەمەجەزا)وە ئەم پێشنیارەیان بۆ كراوە و بگرە كارەكەشیان كردووە كە جێگەی رێز و تەقدیری زۆریان بووە، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك جێبەجێ نەكراوە، بێگومان دانانی پەیكەر و مۆنۆمێنت نەریتێكی جوانە و پەیامێكی گرنگیشە بۆ نەوەی داهاتوو كە ئەو كەسانە وەك نموونەیەك لە كار و خەبات و هونەر و ئەدەب چاو لێ بکەن. بێگومان بیریان لە دروستكردنی پەیكەرێك كردووەتەوە، بەڵام دەبێت لەڕووی هونەرییەوە ئاستباڵا بێت و لە كەرەستەیەكی سەردەمیانە و قایم دروست بكرێت و گرنگە لە شوێنێكی شیاو دابنرێت كە نەبێتەهۆی تێكدانی سروشت و دیمەنی شار و باخچەكان.