گرووپێکی ھونەری گەنج دەیان بەرھەمی جیهانیوەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی

هاوسەر عەبدولسەمەد: هیچ کەناڵێک ئامادە نییە پشتیوانی لە کارە ھونەرییەکانمان بکات.

گرووپێکی ھونەری گەنج لەژێر ناوی (KURDING)، کە پێکھاتووە لە ٥٠ کەس، بەوپەڕی جوانیەوە بەبێ بوونی ئۆفیس بۆ گرووپە ھونەرییەکەیان لە ماوەی تەنیا ٢ ساڵدا توانیوویانە دەیان بەرھەمی بیانی وەرگێڕنە سەر زمانی شیرینی کوردی، بەتایبەت ئەو فیلمە کۆلێکشنانەی کە ئەمڕۆ لە ھۆڵیوودا نمایش دەکرێن، ئەوان بە پڕۆفیشناڵترین شێوە دەیخەنة بەردیدی عاشقانی بواری فیلمسازی و بە وشەی شیرینی کوردی چێژێکی دیکە بەو بەرھەمانە دەبەخشن.

وەک ئەوەی لەو دیمانەیەدا (ھاوسەر عەبدولسەمەد عومەر)ـی سەرپەرشتیاری گرووپەکە دەڵێت: “وێڕای ھەموو ئاستەنگەکانمان لە پاڵپشتی نەکرد و نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ کارە ھونەرییەکانمان ھێشتا ھەر سوورین لەسەر بەردەوامیدان بە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و بینەری فیلمە جیھانییەکان، ئەگەرچی کارەکانمان گشتگیرە و ھیچ کەناڵێکی ئاسمانی و لۆکاڵی ئامادە نیە سەپۆرتی بەرھەمەکانمان بکات، بەڵام بڕیارمانداوە ھەر بەردەوام بین و تا دەگەین بەوەی دەرگا داخراوەکان بکەینەوە.
٭ ئێوە کە خاوەن گرووپێکی هونەرین بۆ کاری دۆبلێری ئەزموونی کارەکانتان بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
ئێمە وەک گرووپێکی دۆبلاژ ماوەی ٢ساڵە لەم بوارەدا کار دەکەین.
٭ سەرەتا ئەو بیرۆکەیەکە چۆن چەکەرەی کرد لە نێو ئێوەدا؟
ئێمە وەک کۆمەڵێک گەنج ھەستمان کرد، کە توانامان ھەیە ئەم بۆشاییەی کە لە فیلمەکانی ھۆڵیووددا ھەیە بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵ بیگەینینە بەر دیدی بینەران بە زمانی شیرینی کوردی.
٭ بۆچی زیاتر کار لەسەر کۆلێکشنە ئەمریکیەکان دەکەن؟
بەھۆی ئەوەی لە کوردستان زیاتر کار لەسەر دراما و فیلمە (تورکی و فارسیەکان) دەکرێت وە کارەکەی ئێمە تەنیا پەیوەست نیە بە فیلم و دراما ئەمریکیەکان، بەڵکو زیاتر شێوەیەکی گشتگیر و نوێیە بۆ ھەموو ئەو فیلمانەی ھۆڵیوود کە جێگای خواستی بینەرانی فیلمە.
٭ خواست لەسەر بەرهەمەکانت تا چ ڕاددەیەکە؟
خواست لەسەری بە ڕێژەیەکی بەرچاو زۆرە، بەڵام بەھۆی کێشەی ماددی و نەبوونی لایەنێک بۆ ھاوکاری بڵاوکردنەوەمان بەشێوەیەکی گشتگیر ناگات بە خەڵک.
٭ کێ سپۆنسەر و پاڵپشتی کارەکانتانە؟
ھیچ پاڵپشتی و لایەنێک نیە بۆ ھاوکاری کردنمان تەنیا لەسەر بژێوی خۆمان کارەکانمان ڕایی دەکەین.
٭ جیاوازیتان لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەوە چیە؟
جیاوازی ئێمە ئەوەیە کە دەتوانم بڵێم یەکەم گرووپی دۆبلاژین کە کارەکانمان تایبەتە بە فیلم و زنجیرە بیانییەکان و بەندە لەسەر داواکاری بینەرەکانمان و ھیچ زێدەڕۆیی لە فیلمەکان ناکەین پەیامی فیلمەکە بە شێوەی خۆی دەخەین بەر دیدی بینەران.
٭ گرووپەکەی ئێوە چەند گەنج لەخۆوە دەگرێت و چ ناوێکتان هەڵبژاردووه بۆ گرووپەکەتان؟
گرووپەکەمان پێکھاتووە لە ٥٠ گەنجی چالاک، جگە لە ستافی بەڕێوەبردنی گرووپەکە.
٭ کارکردن لەو بوارەدا تووشی چ ئاستەنگێکی کردوونەتەوە؟
بەھۆی ئەوەی دۆبلاژکردنی فیلم بە بەراورد بە ژێرنووس، کە کاری دۆبلاژ کاتێکی زۆر زیاتری دەوێ و تێچووی زۆر زیاترە لە لایەنی ماددی و لایەنی بڵاو کردنەوە و کێشەی سەرەکیمان نەبوونی شوێنی گونجاو و نەبوونی کەلوپەلی پێویستە کە ستۆدیۆکەمان لە قەزای بنەسڵاوەیە، لە نێو ماڵی خۆماندایە، ئەمەش ئاستەنگێکی زۆری بۆ دروست کردووین.
٭ ئامانجی ئێوە بە گشتی لە نیشاندانی فیلمی بیانی دۆبلاژکراو چیە؟
ئامانجمان تەنیا گەیاندنی فیلمە بیانیەکانە بە زمانی شیرنی کوردی بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ بۆ بینەرەکانی فیلم لە کوردستان، کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو خواستی لەسەرە.
٭ بۆچی بەرهەمەکان تەنیا لە ڕێی ماڵپەڕەکەتانەوە بڵاودەکەنەوە؟
بەھۆی نەبوونی توانای ماددی، کە کەناڵێك تایبەت بە کارەکانمان دابنێین، تا ئێستا ھیچ لایەنێک پشتگیری نەکردووین.
٭ هەوڵدراوە کەناڵە ئاسمانیەکان بەرهەمەکانتان پەخش بکەن یان گرێبەست لەگەڵ کارەکانتان بکەن؟
ھەوڵمان داوە، بەڵام سەرئەنجام بە بەروارد بە کارەکانمان وا ھەست دەکەین، کە لە لایەن کەناڵەکانەوە شایستەی تەواوی کارەکانمان نادەن، بۆیە وامان پێباشتر بوە کارەکانمان ھەرزان فرۆش نەکەین ھیچ نەبێت بڕێک بێت شایەنی ماندوو بوونمان بێت .

ھەواڵی زیاتر