ئەكتەرە بەناوبانگەكەی توركیا و دۆستی كورد كەوتە نەخۆشخانە

پزیشك دەڵێت سەدا٨٠ی جەستەی ئیفلیج دەبێت

ئەكتەرێكی بەناوبانگی توركیا و جیهان، كە بە دۆستی كورد ناوی دەركردووە، بە هۆی جەڵتەی مێشكەوە كەوتە نەخۆشخانە و بڕیارە نەشتەرگەریی بۆ بكرێت.

قادر ئینانر، ئەكتەری بەناوبانگی توركیا، كە بەشداری دەیان فیلمی سینەمایی توركیای كردووە، بە هۆی دووچاربوونی بە جەڵتەی مێشك، گەیێندرایە نەخۆشخانەی شاری دەنیزلی لە توركیا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، ئینانر باری تەندروستیی باش نییە، پزیشك گوتوویەتی ئەگەر هەیە سەدا٨٠ی جەستەی ئیفلیج ببێت.
هەروەها پزیشكەكان ئاماژەیان داوە جارێ لە چاودێری چڕە و لە ماوەیەكی نزیكدا نەشتەرگەریی بۆ دەكرێت.
ئینانر، بەردەوام یەكێك بووە لەو هونەرمەندانەی پشتگیری تەواوی لە دۆزی كورد كردووە و چەندینجاریش لەسەر ئەو هەڵوێستانەی دووچاری رەخنە بووەتەو و بە خیانەتکاریان زانیوە.
ئەو یەكێك بووە لەو هونەرمەندانەی، ئەوكاتەی لە رێوڕەسمی پێدانی باشترین گۆرانیبێژی توركیا بە ئەحمەد كایا و كاتێك كایا گوتی گۆرانییەك بە كوردی دەچڕم و نەژادپەرستەكان بە چەتاڵ و پێڵاو پەلاماریان دا، ئینانر پشتگیری لە كایا كرد و خۆی دایە بەر پێڵاو و چەتاڵەكان.
قادر ئینار، لە ساڵی ١٩٤٩ لە شاری ئۆردو لە توركیا لەدایك بووە. هەروەها خاوەنی ٤٣ فیلمی سینەماییە و لە هەموو ئەو فیلمانەشدا رۆڵی سەرەكیی هەبووە

ھەواڵی زیاتر