دەرهێنەری بواری سینەما و گۆرانیبێژی ناسراوی بە ڕەچەڵەک کورد، (مەحسون قرمزگول)، دوای ١٦ ساڵ دوورکەوتنەوەی لە گۆرانیچڕین بە ئەلبومێکی ١٦ تراکیەوە دەگەڕێتەوە و دەڵێت:
بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەم ساتە بووم تا بڵێم “سڵاو”. بەپێی زانیارییەکان وابڕیارە لە شەوی سەری ساڵی ٢٠٢٢ ئەلبومە نوێیەکەی بڵاو بکاتەوە لە تەواوی جیهان لە ژێر ناونیشای ” Hoş Geldin” واتە بەخێر بێیت، کە لە چەندین میوزیک و ئاواز و گۆرانی جیاواز پێک هاتووە، ماوەی دوو ساڵە پێوەی سەرقاڵە و بەوپەڕی خۆڕاگریەوە کاری بۆ کردووە. مەحسون لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٤ خەڵکی شاری دیاربەکرە و سەر بە خێزانێکی کوردی زازایە و ناوی ڕاستەقینەی “عەبدوڵا یوزانشیرە”، هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ خێزانەکەی دەچێتە ئیستەنبوڵ و لەوێ نیشتەجێ دەبن بەشی میوزیک لە زانکۆی ئیستەنبوڵ تەواو دەکات، جگە لەکاری گۆرانی وتن دەبێتە ئەکتەر لەهەمانکاتدا لە نووسینی سیناریۆ و دەرهێناندا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و کاری ئاواز دانانیش دەکات، ساڵی ١٩٨٤ ناوبراو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی یەکەم ئەلبومی بە ناوی Yürek Yarası ناوبانگێکی زۆر لەسەر ئاستی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست دەهێنێت، بەم شێوەیەش بەردەوام دەبێت و چەندین خەڵاتی گەورەی پێ دەبەخشرێت. تا ئێستا ١٨ ئەلبومی لێ بڵاو بووەتەوە.