هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بۆ یەكەمجار لە كوردستان فیستیڤاڵی شانۆیی (بێدەنگ) بەڕێوەچوو

بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان و لە شاری سلێمانی، فیستیڤاڵی شانۆی (بێدەنگ – پانتۆمیم) بەڕێوە چوو، هونەرمەندانیش بەبایەخەوە باس لە شانۆی بێدەنگ دەكەن كە پێویستە بینەری كوردیش پێی ئاشنا بێت.

تیپی شانۆی دیالە بە هاوبەشی كۆمەڵەی هونەرەجوانی كورد و ماڵی شانۆ لە یەكێتی گشتی نووسەران، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی (پانتۆمیم)یان رێكخست كە ماوەی سێ رۆژی خایاند لە 7 تا 9ی ئەم مانگە، شانۆییەكانیش لە هۆڵی كۆمەڵەی هونەرەجوانەكان و هۆڵی رۆشنبیری نمایشكران كە 10 بەرهەمی شانۆیی بوون لە هەرێمی كوردستان و هەندێك شاری عێراق، هەروەها وڵاتانی ئێران، تونس، لیبیا، ئوردن.
غەفور عەبدوڵا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی كورد بە (هەولێر)ی راگەیاند، دوای هێوربوونەوەی دۆخی كۆرۆنا بەباشیان زانیوە لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە ئەم فیستیڤاڵە ساز بكەن، شانۆی بێدەنگ یەكەمجارە لە كوردستان دەكرێت و دەتوانرێت بەبێ دەنگ، پەیامەكە بگەیەنرێت.
هونەرمەندی و مامۆستای شانۆ گەزیزە عومەر ئاماژەی بەوە كرد، ئەم فیستیڤاڵانە كاریگەری خۆیان هەیە بۆ پێشكەوتنی شانۆی كوردی، شانۆیی (بێدەنگ)یش هەنگاوێكی تازەیە و كورد زۆر پێویستی پێیەتی، پاشان بەهۆی دۆخی كۆرۆناشەوە و بۆ هێوركردنەوەی لایەنی دەروونی، ئەم شانۆیانە پێویستن.
لەلایەكی دیكەوە تریفە كەریمی، نووسەری شانۆی كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە رایگەیاند، لەدوای كۆرۆناوە زۆربەی فیستیڤاڵەكان داخران، بەڵام هیچ نەخۆشییەك ناتوانێت دەرگای هونەر دابخات، بۆیە زۆر خۆشحاڵن كە ئەمجارەش بەشداری ئەم فیستیڤاڵەیان كردووە، چونكە لەم شوێنانەدا بۆچوونەكان ئاڵوگۆڕ دەكرێن.
كەریمی روونیكردەوە، شانۆی بێدەنگ بۆ كوردستان نامۆیە، بەڵام دەبێت هونەرمەندی كورد خۆیان لەم شانۆیەدا ببیننەوە، چونكە لەم رووەوە لاوازین، بۆیە دەبێت ئەم جۆرە شانۆییەش تاقی بكرێنەوە.
لەدووەم رۆژی شانۆییەكەدا شانۆیی (هەرا) نمایشكرا كە بەرهەمی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی و كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی كورد بوو.
رەوەند ئەحمەد، دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی كە ئەكتەری سەرەكی شانۆییەكە بوو ئاماژەی بەوەكرد، شانۆییەكەیان باسی كەسایەتییەكی ئاژاوەڕگێری دەكرد كە دەچێتە ناو خێزانێكی بۆرژوازییەوە و دەیەوێت مەرامە سێكسی و كۆمەڵایەتییەكانی خێزانەكە بەدەست بهێنێت و پاشان لە ماڵەكە دەربچێت و ئاژاوە بنێتەوە.
ئەو ئەكتەرە پێیوایە شانۆ جگە لە نووسین و مەعریفە ئەزمونیشە و پێیوایە بەهەموو ستافەكەیان توانیان پەیامەكەیان بە بینەر بگەیەنن، بەڵام ئەم شانۆییە جوڵەیەكی جەستەیی باشی دەوێت.
شیروان محەمەد، وەك ئامادەبوویەكی ئەم شانۆییە روونیكردەوە، بەو پێیەی یەكەمجارە ئەم جۆرە شانۆییە پێشكەش دەكرێت كەمێك كاتی دەوێت تا بینەری كورد پێی را دێن، چونكە پێشتر هەر بە شانۆیی جددی یان كۆمیدی راهاتوون و وتی “ئەوەی راستی بێت، بەلامەوە سەرەتا هەستمكرد شانۆییەكە باسی دۆخی سیاسی كوردستان دەكات، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت چیرۆكێكی كۆمەڵایەتی لە پشت شانۆییەكەوەیە، بۆیە هیوادارین ئەم جۆرە شانۆییانە بەردەوام بن”.