پرۆژەیەكی هونەری كوردی دەچێتە ئەمریكا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

فیلمی (بێنیشتمان) سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەماكاری كورد توورج ئەسڵانی لە یەكەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە 33یەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سینەكۆئێست لە وڵاتی ئەمریكا و باوەڕپێكراوی ئاكادیمیای ئۆسكار دەچێتە سەر پەردە.

فیلمی (بێنیشتمان) لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماكاری كورد توورج ئەسڵانییە، بەرهەمی كۆمپانیای سینەمایی ماد مووڤی و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی ڕەز هەڵكەوت ڕەشید لە هەرێمی كوردستان، لە یەكەمین نمایشی جیهانیدا لە بەشی ئاسۆی سینەمای جیهان لە 33یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سینەكۆئێست لە وڵاتی ئەمریكا دەچێتە سەر پەردەی سینەماكان.
لە (بێنیشتمان)دا كۆمەڵێك لە ئەكتەرە ناودارەكانی وڵاتانی توركیا، سووریا، عێراق و هەرێمی كوردستان، بە چوار زمانی كوردی، توركی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ هانی موجتەهیدی، گۆرانیبێژی ناوداری كورد تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە، شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت كاسێر، ڕێكێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاكرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسك ڕەحیمزادە، هاكار عەبدولقادر محەمەد، تەها عەبدولكەرەم ئەبووبەكر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەكتەری دیكە.
ئەم ڕووداوە پڕبایەخە سینەماییە، یەكێكە لە گرینگترین فێستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆكانی دنیا و هەروەها فێستیڤاڵی باوەڕپێكراوی ئاكادیمیای ئۆسكارە.
ئەم فیستیڤاڵە بە شێوەی سەرهێڵ (ئۆنلاین) تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، لە سیلیكۆن وەلی لە شاری سەن‌خۆزە لە ویلایەتی كالیفۆرنیا لە وڵاتی ئەمریكا بەڕێوە دەچێت.