كاتێك سەردانی هونەرمەندمان كرد بۆ سازدانی ئەم دیمانەیە، لە نزیك شوێنی كارەكەی لەگەڵ دوو گەنجی دیكەدا سەرقاڵی قۆناغەكانی دروستكردنی پەیكەری ئەحمەد موختار جاف بوو، وردەوردە بە گەچ ئاسنی پەیكەرەكەی دادەپۆشی؛ دوایی پێمان وت “دروستکردنی پەیكەر ئاوها زەحمەتە؟” لە وەڵامدا وتی “پەیكەرسازی كرێكارییە، بەڵام لەژێر ناوی هونەردا”.
هونەرمەندی پەیكەرساز چێنەر نزار، ساڵانێكی زۆرە سەرقاڵی پەیكەرسازییە و بە وتەی خۆی تائێستا 37 پەیكەری دەستکردی وی لە شاری سلێمانی دانراون و 7 پەیكەری دیكەشی ئامادەن بۆ دانان، بەڵام هێشتا پێی وایە لە شاری سلێمانی پەیكەر زۆر نییە و دەڵێت، لە هۆڵەندا 21 پەیكەر بۆ ڤانكۆخ گەورە هونەرمەندی هۆڵەندی دانراوە، ئەی بۆچی ئەو ژمارەیە زۆر نییە؟
چێنەر نزار ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی پەیكەری ئەحمەد موختار بەگی جافە بۆ كۆمپانیای هەڵەبجە بۆ ئەوەی لە یادی هەڵەبجە لە مانگی سێی ساڵی داهاتوو دابنرێت، چێنەر بەم شێوەیە باسی دروستكردنی پەیكەری كرد “لە سەرەتادا ئارمێچەری بۆ دروست دەكەم دواتر بە تەلی هارب دەیبەستم، پاشان بە گەچ دایدەپۆشم و هەروەها بە قوڕ كاری تێدا دەكەم ئەوەش 10%ی ئیشەكەیە، دواتر دەڕۆمە نێو وردەكاری كەسایەتییەكە و كارەكانی دیكە، هەر بۆیە كاتێك رەخنە لە پەیكەرسازی دەگیرێت زۆر گوێی پێ نادەم، چونكە ئیشێكە ئاسان نییە”.
وەك چێنەر باسی كرد، پەیكەرسازی هونەرێكە وەك هونەرەكانی دیکە مێشك و جەستە ماندوو دەكات، بەڵام قورسترین هونەرە، بۆیە ئەگەر كەسێك زۆر حەزی لێ نەبێت ناتوانێت بیكات.
زۆربەی ئەو پەیكەرانەی تائێستا ئەم هونەرمەندە كردوویەتی لەسەر داواكاری لایەنی بەرامبەر بووە، بەڵام ئێستا خۆیشی چەند بیرۆكەیەكی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانیدا گفتوگۆیان كردووە.
چێنەر وتی “لەگەڵ پارێزگای سلێمانی باسی چەند پڕۆژەیەكمان كردووە كە ئەویش پێی باش بوو بەتایبەتی ئیشی مێژوویی، لەوانە خۆم حەزم لێیە چەند پەیكەرێکی ئەبستراکت لەسەر ژنكوژی و كۆڕەو دروست بكەم”.
بە وتەی ئەم پەیكەرسازە لەڕووی داراییەوە پەیكەرێكی باش نزیكەی 20هەزار دۆلاری تێدەچێت ئەوەش بەپێی ماددەكان و قەبارەی پەیكەرەكە و وتی “بەداخەوە ئێستا هەندێك لە پەیكەرەكان لە دەرەوەی وڵات دروست دەكرێن لەكاتێكدا ئەوە هەڵەیە و باشترە ئەو كارە بۆ گەنجی كورد بێت، چونكە ئەو كەسەی لە دەرەوە ئەو پەیكەرە دروست دەكات وەك گەنجێكی كورد هەستی نەتەوایەتیی نییە”.
چێنەر پێی باشە لە كوردستان كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردنی پێداویستییەكانی پەیكەر دابنرێت و وتی “ئەگەر لە كوردستان كارگە دابنێین دەتوانین لە زۆر رووەوە سوودی لێ وەربگرین، لەكاتێكدا خۆمان پێداویستییەكان لە دەرەوە دەهێنین، بەڵام بەداخەوە تائێستا هونەری پەیكەرسازی نەبووەتە كولتوور، بۆیە ئەو كەموكووڕیانەمان هەیە”.
ئێستا لە زۆر شوێنی شاری سلێمانی پەیكەر دانراون و تاڕادەیەكیش دەوترێت پەیكەر زۆرە، بەڵام ئەم پەیكەرسازە نەك هەر پەیكەرەكانی بەلاوە زۆر نین، بەڵكو هێشتا بەلاشیەوە كەمە.
چێنەر نزار وتی “لەسلێمانی پەیكەر زۆر نییە، راستە شەقامی سالم چەند دانەیەكی لێیە، لە ولاتێكی وەك هۆڵەندا 21 پەیكەر بۆ ڤانكۆخ كراوە ئەی بۆچی بەو ژمارەیە ناڵێن زۆرە؟، لە سلێمانی خۆم 37 پەیكەرم داناوە لە زۆربەی شوێنی گشتی و داخراوەكان، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین گرنگە بۆ میوانانی دەرەوە پەیكەرمان زۆر بێت”.
ئیستا چێنەر 7 پەیكەری دیكەی ئامادەیە بۆ دانان، بەڵام گرفتی دانانی شوێنی هەیە و ئاماژەی بەوە كرد، پەیكەرەكانی جەنەراڵی پایز، كەمالی، ئەحمەد كایا، ئەنوەر شێخە، كەریم ئەحمەد ئامادەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنەوە دانەنراون.
لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە پەیكەرساز هەن، بەڵام وەك چێنەر روونی كردەوە “نێوانی پەیكەرسازەكانیش باش نییە ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتدان وا قسە دەكەن ئەوانەی لە كوردستاندان وێرانن، بەڵام ئەگەر پێداویستی ئەوان لە بەردەستماندا بێت، لەئەوان باشتر نەبین، خراپتر نین”.
زۆربەی هونەرەكان بە گروپ دەكرێن، بەڵام هونەری پەیكەرسازی جیاوازە و تەنها یەك كەس دەتوانێت پەیكەرێك دروست بكات، چێنەر دەڵێت “لە هونەری پەیكەرسازیدا دەبێت یەك كەس پەیكەرێك بكات، چونكە ئەوە هەستێكی تایبەتە و لەڕووی تەكنیكیشەوە هەستی ئەو دوو كەسە جیاوازە”.
چێنەر نزار لەنێو كارگەی جگەرەی سلێمانی ستۆدیۆی شێوەكاری داناوە كە ناوەندێكە بۆ نمایشكردن و فرۆشتنی پەیكەر و تابلۆی شێوەكاری، لەو رووەوە وتی “ئێمە فرۆشی تابلۆمان كەمە، تابلۆیەكی چینی لە كوردی زیاتر دەفرۆشرێت، لەبەرئەوەی چینییەكە هەرزانترە و كەمتری تێچووە و چاپكراوە، ئەوەی خۆمان هەر یەك تابلۆیە”.