هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

بـڵاوکرانـەوەی (له‌نـجه‌ی یار)ەکەی موزیسیـان زۆزگ قـه‌ره‌داغـی

هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و ئاوازدانه‌رو موزیسیانی كورد زۆزگ قه‌ره‌داغی پارچه‌یه‌ك موزیكی به‌ شێوه‌ی ڤیدیۆكلیپ له‌ تۆڕی یوتیوبدا بڵاو كرده‌وه‌ به‌ ناوی (له‌نجه‌ی یار)، له‌و به‌رهه‌مه‌دا چه‌ندین دیمه‌ن و، وێنه‌ی سروشتی كوردستان مۆنتاژ كراوه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند (ئارام غەفوور) ئه‌ركی وێنه‌گرتن و ده‌رهێنانەکەی کێشاوە.‌ له‌نجه‌ی یار له‌سه‌ر ئه‌ركی (ئه‌حمه‌د قه‌ره‌داغی) باوكی هونه‌رمه‌ند زۆزگ قه‌ره‌داغی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

له‌نجه‌ی یار یه‌كه‌مین به‌رهه‌می ڤیدیۆكلیپی زۆزگ قه‌ره‌داغییە. یه‌كه‌مین تۆماری له‌نجه‌ی یار له‌ ساڵی 2012 له‌ وڵاتی ئۆكرانیا كراوه‌ و، هونه‌رمه‌ند (هه‌ردی مه‌جید) تۆماركردنەکەی سەرپەرشتی كردووه‌.
دووه‌مین تۆماری ته‌واوكاریی به‌رهه‌مه‌كه‌ له‌ ساڵی 2021 له‌ سلێمانی ته‌واو كراوه‌. له‌ لایه‌ن هونه‌رمه‌ند (د. ده‌روون سه‌عید) سه‌رپه‌رشتی كراوه‌ و كاری تۆماری بۆ كراوه‌.
زۆزگ قه‌ره‌داغی خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می دانراوی موزیكیه ‌و، ئه‌لبومێكی موزیكی بلاو كردۆته‌وه‌ و، چه‌ندین په‌رتووكی موزیكی پڕ بایه‌خی بڵاو كردۆته‌وه‌.
زۆزگ قه‌ره‌داغی یه‌كێك له‌ پڕ به‌رهه‌مترین هونه‌رمه‌نده‌كانی كورد و شاری سلێمانیه ‌و، ساڵانه‌ چه‌ندین به‌رهه‌می نووسین و ئاوازدانان و، ژه‌نین بڵاو ده‌كاته‌وه‌.