یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوە چوو

ڕۆڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامدا بەهەند وەردەگیرێت

تەمەنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەنها چەند هەفتەیەکه، بەڵام کاروچالاکیان زۆر لەو تەمەنه،‌ مەزن و گەورەترە؛ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ هەموو سێکتەر و بوارەکانی ژیان بە پڕۆژەوە هاتۆتە مەیدان، (هەڵگورد شێخ نەجیب) ئەو گەنجەی کە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانە، لەخۆبوردوانە، گەنجانە، ڕۆشنبیرانە و هونەرمەندانە هاتۆتە مەیدان و جێدەستی لە کاروانی هونەری سنووری ئیدارەکەیدا بە گەشی دیارە و هاندەر و هاوکار و پشتیوانی یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بووە، لە سۆران- ڕواندز.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر- بەشی ڕۆشنبیری و هونەری سۆران.
بە چاودێری هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی‌ سەربەخۆی سۆران، بەشی رۆشنبیری و هونەری سۆران، بە دروشمی (شانۆی شەقام، گەڕانەوەی ژیانە بۆ مرۆڤایەتی) یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە سۆران – ڕواندوز ئەنجام دا. لە ڕۆژانی (28-29-30/10/2021)
بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە ئەمانجیان گەڕانەوەی دووبارە جووڵەی هونەرییە بۆ دەڤەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هاوکات پتەوکردنی پەیوەندی هونەرمەندانی کوردستانە بە یەکتر، لە پێناوی ئاشتبونەوەی جەماوەری شانۆیی.
لە دەستپێکدا جگە لە چەندین ووتار، چەندین چالاکی هونەری سەرنجڕاکیش پێشکەشکران، لەوانە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی ڕواندز گەشتێکی گۆرانی و موزیکی پێشکەشکرد، گروپی سەمای لەیزین لە سلێمانیەوە میوانی فێستیڤاڵ بوون و چەندین تابلۆی سەماو بالێیان بە سەرپەرشتیی مامۆستا رووبار ئەحمەد لە ڕۆژانی فێستیڤاڵدا لە چەندین شوێنی جیاواز نمایش کرد.

لەو فێستیڤاڵەدا چەندین گروپ و تیپی شانۆی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، میوانی سۆران و ڕواندز بوون و، بە دیداری بێخاڵ و جوانیەکانی خەرەند و گەلی و سروشتی جوان و دڵڕفێنی ئەو ناوچەیە بوون.
شاد
گروپە بەشدارەکانی یەکەمین فێستیڤاڵ:
تیپی شانۆی پیرەمەگرون، شانۆی تابووت.
گروپی شانۆ بۆ شانۆی شەقام- کۆیه، شانۆی نامەکانی دەریا.
گروپی شانۆی ئایندەی کەرکووک، شانۆی هەوای ڕەش.
بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری دەربەندیخان- تیپی شانۆی دەربەندیخان، شانۆی بێبار.
بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی دەهۆک، شانۆی کی دێمریت؟
سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان- هەولێر، شانۆی تاوانباری بێتاوان
گروپی شانۆی سۆران، شانۆی بە تۆ چی؟
گروپی شانۆی دیالۆگ – کەرکووک، تێی هەڵدە شەق!
لەناو فێستیڤاڵدا پانێلێک لە لایەن (د. کەیفی ئەحمەد، هونەر تاهیر) پیشکەش کرا، لەژێر ناوی (بینەر لە شانۆی شەقا‌م، بیرۆکە لە شانۆی شەقام و هەوای کراوە)دا.
پێشکەشکردنی سیمیناریک لە لایەن (حەمەسوار عەزیز) لەژێر ناوی (دیدگەیەکی جیاواز بۆ شانۆی شەقام)
هەر لەو فێستیڤاڵەدا هەشتەمین پیشانگای فۆتۆگرافی هونەرمەند (سەعید ئەسعەد عەلی) کە تایبەت بوو بە سرووشتی ڕواندز نمایش کرا.
لە رۆژی سێەم و کۆتایی فێستیڤاڵدا بەچەندین چالاکی هونەری دوای پێدانی خەڵات و ڕێزلێنان، گروپ و تیپەکان بە ڕێزەوە بەڕێ کرانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
بەڕێوەبەری بەشی ڕۆشنبیری و هونەری سۆران (یوسف عومەر یوسف) سەبارەت بە تێچووی فێستیڤاڵەکە و هاوکاری و پشتیوانیکردنیان بەو جۆرە بۆ ڕۆژنامەی هەولێر دوا:
لەو فێستیڤاڵەدا (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر بڕی (پینج ملیۆن دینار)ی بۆ دابین کردین؛ بە ھاوکاری و پاڵپشتیی (ھەڵگۆرد شێخ نەجیب) سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھەموو تێچووکەی تری فێستیڤاڵ دابین کراوە؛ (مەسعود باتێلی) بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دەروازەی سنووری حاجیئۆمەران، بە بڕی (ملیۆنێک‌و٥٠٠هەزار دینار) هاوکار و پشتیوانی فێستیڤاڵ بووە.
شایانی باسە زۆربەی دامودەزگاکانی حکوومەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ھاوکاری فێستیڤاڵ بوون بە تایبەت ئاسایش و پۆلیس.
سوپاس بۆ هەموو لایەکیان، سوپاس بۆ گروپ و تیپە بەشدارەکان، هیوادارین ساڵی دابێ بە پشتیوانیی هەموو لایەک فێستیڤاڵ بکەینە فێستیڤاڵیکی نێودەوڵەتی.

ھەواڵی زیاتر