ئیدارەی سۆران لە فێستیڤاڵێكدا گروپە ناودارەكانی كوردستان كۆدەكاتەوە

رۆژی پێنجشەممە، فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە سۆران – رواندز لەژێر ناوی (گەڕانەوەی ژیان بۆ مرۆڤایەتی) دەستیپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامە..

ئەو فێستیڤاڵە بە بەشداری ھەشت گرووپی شانۆیی لە شارەكانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و شانۆگەرییەكان لەسەرشەقام و ناوچە جیاوازەكانی سۆران و رواندز نمایش دەكرێن.
یوسف عومەر، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری سۆران بە “هەولێر”ـی رایگەیاند: “چەند ساڵێكە بەهۆی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا، چالاكیی گەورەی هونەری لەم سنوورە ئەنجامنەدراون، بۆیە ئەم چالاكییە گرنگی خۆی هەیە”.
گوتیشی: “دەستپێكی فێستیڤاڵ لەناو هۆڵ بوو، بەڵام شانۆگەرییەكان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان نمایش دەكرێن”.
ھەر لە رۆژی یەكەمی فێستیڤاڵی سەرشەقام چەند شانۆگەریەك لەلایەن گرووپەكانی پیرەمەگرون – سلێمانی، گرووپی شانۆ بۆ شانۆی سەرشەقام-كۆیە، گرووپی شانۆی ئایندەی كەركووك نمایش كران.
گرووپە بەشداربووەكانی فێستیڤاڵ بریتین لە: تیپی شانۆی پیرەمەگرون-سلێمانی، گرووپی شانۆ بۆ شانۆی سەرشەقام – كۆیە، گرووپی شانۆی ئایندەی كەركووك، گرووپی شانۆی دەربەندیخان، گرووپی شانۆی شۆڕشڤان-دھۆك، گرووپی شانۆی ھەولێر، گرووپی سەمای لەیزین-سلێمانی، گرووپی شانۆی دیالۆگ-كەركووك.