دەرهێنەرێکی لێهاتوو لە بواری شانۆ، کە خۆی و خانەوادە هونەردۆستەکەی ساڵانێکی زۆرە خزمەت بواری شانۆ و کاری درامی دەکەن، بەوپێیەی کوڕی یەکێک لە هونەرمەندە هەره بەرچاوەکانی شانۆی کوردییە ئەویش مامۆستا “ئەحمەد سالار”ـە.
“هونەر ئەحمەد سالار” لە بارەی پرسی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق و بەشداری کورد و لایەنە کوردییەکان لەم هەڵبژاردنەوە بۆ “هەولێر” دەڵێت: پرۆسەی هەڵبژاردن گوازرشتە لە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسیەت و بەشداریکردن تێیدا مومارەسەکردنی مافێکی بنەڕەتی هاووڵاتی بوونە، یاخود دەتوانین بڵێین ئەو دەروو و دەروازەیەیە کە تێیدا هاووڵاتی گوزارشت لە خودی خۆی دەکات لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی کە شیاون بۆ نوێنەرایەتی کردنی، ئێمەی گەلی کوردیش بەشداریکردنمان لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەم گرنگە و پێویستە و لەهەمان کاتدا دەرئەنجامی پرۆسەکە چارەنووس سازە بۆمان، بەپشت بەستن بەو مەبدەئەی، کە ئێستا ئێمەی کورد هێشتا وەک لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقداین، بۆیە پێویستە نوێنەرمان لە بەغداد بن بۆ بەدەست هێناوەوی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلی کورد و چارەسەرکردنی کێشە هەڵبەستراوەکانی نێوانمان، بۆیە من بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەزانم، بەڵام پێویستە هەموویان بە ووریایی و داناییەوە بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی ئەو قەوارە و کاندیدانە بدەین کە نوێنەرایەتیمان دەکەن، بە سەرنجدانمان بۆ مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و سیاسەتی کارکردن و ئەدای قەوارە و هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، گومانی تێدا نییە بەر لە هەموویان بیر و هزرمان بۆ لای حزبێک دەچێت، کە هەم لە خەباتی چەکداری و شۆڕشگێری شاخ و هەم لە خزمەت و ئیدارەدان و پێکهێنانی قەوارە و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پشکی شێری بەر دەکەوێت و بەردەوام لە پرسە نەتەوەییەکاندا پێشەنگ بووە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و هەتا ئەمڕۆش نوێنەرانی پارتی لە بەغداد گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن، کە نوێنەری ڕاستەقینەی خەلکی کوردستان بوون و لەژێر ڕۆشنایی فەرمان و رێنماییەکانی رابەر و سەرۆک و پێشمەرگە سەرۆک بارزانیدا بوون بۆ داکۆکیکردن لە خاک و خەلکی کوردستان، بۆیە دەتوانین بڵێین مێژوو باشترین گەواهیدەرە بۆ دڵسۆزی پارتی و نوێنەرانی بۆ خزمەتکردنی نەتەوەکەمان و ڕابردووەکەی ئەو شاهێدییەمان بۆ دەدات، بۆیە بە ویژدانێکی ئاسوودەوە و بەوپەری شانازییەوە ڕۆژی ١٠/١٠ دەچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەین بە ڕێبازی کوردایەتی و پارتایەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان.
شیڤان شێرزاد – هەولێر