زریان کەریم بایز: ئەگەر بمەوێ تۆزقاڵێک ویژدانم ئاسوودە بکەم دەبێت دەنگم بۆ ئەبڕامز شکێنەکان بێت

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی عێراق و بەشداری هێز و لایەنە کوردییەکان، هونەرمەندان بە گڕوتینێکی زۆرەوە ئامادەیی خۆیان نیشاندەدەن بۆ ئەوەی بچنە سەر سەندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بەو لایانانە بدەن، کە ڕابردوویان پڕ بووە لە شکۆمەندی و تا بە ئەمڕۆش دەگات لە دۆزە ڕەواکەی کورد سڵیان نەکردووەتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا هونەرمەندێکی بواری شانۆ ڕایدەگەیەنێت، گەر بمەوێت تۆزقاڵێک ویژدانم ئاسوودە بکەم دەنگ بەو پارتە دەدەم، کە ئەبڕامزیان تێکشکاند بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت زەفەر بە ئاشتی و ئاوەدانی هەولێر و گشت کوردستان ببات.

(زریان کەریم بایز) وەک وێنەگرێکی دیار و شانۆکارێک لەسەر پرسی هەڵبژاردن بۆ (هەولێر) گوتی: “دوێنێ بوو پارتی دیموکراتی کوردستان داستانێکی نوێی لە پردێ تۆمار کرد و تێکشاندنی ئەبڕامزی کرد بە ناونیشانی داستانەکەی پردێ لە دژی ئەوانەی خەونیان وێرانکاریی بوو لە کوردستان و ٧٥ ساڵی تەمەنی ئەو هێزە کاریگەرە پڕ بووە لە شۆڕش و بەرخۆدان لە پێناو مانەوەی کورد و داکۆکیی کردن لە مافە ڕەواکانی ئەو گەلە، چ ویژدانێکە کە من ڕۆڵەی ئەو خاکە بم و هەموو ئەو ڕابردووە پڕ لە سەروەرییە لەبیر بکەم و لە ڕۆژی ١٠/١٠/٢٠٢١ پەنجە بۆ سەرکەوتنی پارتیەک مۆر نەکەم، کە هەموو عێراق ڕق ئەستوورە بەرامبەر سەنگی ئەو پارتییەی کە جیهان هەمووی بە شانازییەوە لە مێژووەکەی دەڕوانێت.
بۆیە بەوپەڕی شەرەفەوە ویژدانی خۆم ئاسوودە دەکەم و دەنگ بە کاندیدانی سەرۆک بارزانی دەدەم، چونکە دڵنیام ئەوان دەتوانن سەر سەختانە کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی خەونە ڕەواکانی گەلی کورد و ماددەی ١٤٠، کە هەرگیز پارتەکەمان لەو بابەتەدا سڵی نەکردووەتەوە و ئەمڕۆش بێت یان سبەی دەبێت پەرلەمانی عێراق دان بەوە دابنێ کە پێشمەرگە هێزێکی گەورەی خەباتگێڕ و کۆڵندەری نیشتمانیە و ئەو گەلەش لە پرسە نیشتمانیەکاندا لە سەرۆکەوە تا بچووکترین هاونیشتمانی پێشمەرگەیە.

شیڤان شێرزاد – هەولێر