میلاد یوسف، ئەكتەری ناوداری سووریا گەیشتە شاری هەولێر، بە مەبەستی بەشداریكردن لە درامایەكی تەلەفزیۆنی؛ لەم بارەیەوە میلاد یوسف، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ كەناڵە عەرەبیزمانەکەی (rt online) دەڵێت: “لێرەداین لە شاری هەولێر، بە مەبەستی بەشداریكردن لە درامایەكی تەلەفیزیۆنیدا بە ناوی (لیلة سقوط) كە ناوەرۆكەكەی باس لەو وەختانە دەكات كە رێكخراوی داعش شاری موسڵی داگیر كرد”.
میلاد دەڵێت: “دراماكە كارێكی زۆر گەورەیە و ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندە بەناوبانگە عێراقی و میسری و سورییەكان بەشدارییان تێدا كردووە.”
سەبارەت بە رۆڵی خۆیشی لە دراماكەدا هونەرمەند رایگەیاند: “من لەو درامایەدا رۆڵی كوڕێك دەگێڕم بە ناوی (سەمیر) كە پێش هاتنی داعش هیوا و ئارەزووی زۆری هەیە، بەڵام لەگەڵ داگیركرانی شاری مووسڵ ئەو خەونانەی لەناو دەچن”.