هونەرمەند ئەرسەلان هەورامی: لەبەر هەندێک ناهونەرمەند درەنگ دەستم بە کاری هونەری کرد!

“نامەوێت سپۆنسەری كۆمپانیاكان وەربگرین و ئەوانەشی سپۆنسەریان كردووین سوپاسیان دەكەین، چونكە ئەوە كاری ئەوان نییە، بەڵكو كاری حكومەتە و دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری ئەو كارە بکات”

چەند ساڵێكی كەمە دەستی بە كاری هونەری كردووە، بەڵام توانیویەتی گوێگرێكی باش بۆ خۆی پەیدا بکات، سێ هونەرمەندی گەورەی هەورامییش بە كۆڵەكەی سەرەكیی هونەر دەزانێت.

هونەرمەند ئەرسەلان هەورامی، خاوەنی دەنگێكی تایبەتە و چەند ساڵێكە سەرقاڵی كاری هونەرییە؛ ئەرسەلان هەورامی بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەو كاتەی دەستی بە كاری هونەری كرد دۆخەكە باش بووە، بەڵام کە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنای بەسەردا هات، ئیشەكە كەمی کرد و تائێستا هەر دوو كلیپی هەیە.
سەبارەت بەوەی بۆچی درەنگ دەستی بە كاری هونەری كردووە، ناوبراو وتی “كۆمەڵێك خەڵكم بینی هونەریان دەكرد لە سۆرانی و هەورامی، حەزم نەدەكرد لە هونەر نزیك ببمەوە، چونكە ئەگەر هونەرێك كوردی بێت گوێی بیسەر قبووڵی دەكات، ئێمە هێشتاش گوێگری حەفتا و هەشتاكانین، هەروەها سوپاسی زۆری هونەرمەند عادل هەورامی دەكەم كە وازی لێ نەهام تا هاتمە بواری هونەرەوە”.
لەنێو هونەری هەورامی چەندین رەمزی هونەری هەن كە بوونەتە كۆڵەكەی هونەر؛ ئەرسەلان ئاماژەی بەوە كرد، هونەری كوردی بە گشتی و هەورامییش بە تایبەتی زۆر دەوڵەمەندە؛ لەنێو هەورامیدا هونەرمەند سەباح هەورامی و هەروەها هونەرمەندی گەورە عوسمان كێمنەیی كە ئیمپراتۆر بووە، پاشان جەمیل نەوسوودی كە بەردەوام لەگەڵ مامۆستا عوسماندا گۆرانییان چڕیوە، كە هەمیشە پاڵشتییەكی بەهێزی مامۆستا عوسمان بووە، هەروەها عەلی گوڵپی خاڵی كە بەهەمانشێوە پاڵپشتی گەورەی عوسمان كێمنەیی بووە، كاریگەری زۆریان لەسەری هەبووە.
بەشێک لە بەرهەمەكانی ئەرسەلان هەورامی، شادن، لەو رووەوە دەڵێت: “لەهەموو ریتمەكان گۆرانیم وتووە، وەك خۆم حەزم لە گۆرانی [و دیلانە]ی خێرا نییە، بەڵام راستییەكەی من گۆرانی بۆ جەماوەر دەڵێم، بەشکەم تۆزێک لەو هەموو قەیرانە و خەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا دووریان خەمەوە و بە گۆرانییەکی شاد دڵیان خۆش بكەین.”1
ناوبراو گۆرانییەكی نوێی ئامادەیە و تەنها كاری كلیپی ماوە كە بڕیارە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی بۆی بكات، ئەویش بەرهەمێكی فۆلكلۆرە كە حەز دەكات ئەو بەرهەمانە نوێبكاتەوە.
ئەم هونەرمەندە رەخنە لەوە دەگرێت كە كۆمپانیاكان سپۆنسەری بەرهەمی هونەرمەندان بكەن، بەڵكو ئەو كارە بەئەركی حكومەتی هەرێم دەزانێت و وتی “نامەوێت سپۆنسەری كۆمپانیاكان وەربگرین و ئەوانەشی سپۆنسەریان كردووین سوپاسیان دەكەین، چونكە ئەوە كاری ئەوان نییە، بەڵكو كاری حكومەتە و دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری ئەو كارە بکات”.
سەبارەت بەوەشی كە زۆربەی هونەرمەندان دەڵێن ئەوە ئیشی حكومەت نییە، بەڵكو دەبێت هونەرمەند لەسەر ئەركی خۆی كار بكات، ئەم هونەرمەندە وتی “باشە كە حكوومەت نەتوانێت ئیش بۆ هونەرمەندان بكات با وەزارەتی رۆشنبیری دابخات، لە وڵاتانی دەرەوە بە یاسا مافی هونەرمەندان پارێزراوە، منیش حەزم دەكرد كۆنسێرتێك بكەم و خەڵکێکی زۆر بێن گوێ بگرن بەڵام چی بكەین كە هەندێک کەس پاڵەوانی شاشەن و هونەرمەندانیش پەراوێز دەخرێن”.