ماكوان عیزەت -هەولێر
زۆرێک لە ئێمە تەنها وەک ئەرکێکی ئایینی سەیری مانگی ڕەمەزان دەکەین، بەڵام توێژینەوە پزیشکییەکان و ڕێنماییە پسپۆڕییەکان دەریدەخەن کە ڕۆژووگرتن کاریگەریی ئەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر کۆئەندامی هەناسە هەیە. د. سامی ئیسماعیل عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، دڵ و سیپەلاک، باس لە سوودە زانستییەکانی ڕۆژوو دەکات بۆ سییەکان و ئەو ڕێوشوێنانەی پێویستە نەخۆشانی هەناسە پەیڕەوی بکەن.
ڕۆژوو چۆن دەبێتە چارەسەر؟
بە گوتەی د. سامی ئیسماعیل، ڕۆژووگرتن تەنها دەمپارێزی نییە لە خواردن، بەڵکو پرۆسەیەکی سروشتییە بۆ پاککردنەوەی جەستە، کە تێیدا جەستە لە ژەهر ڕزگار دەبێت و فشار لەسەر کۆئەندامی هەناسە کەم دەبێتەوە. گرنگترین سوودەکانی بریتین لە:
• باشترکردنی کاری سییەکان: ڕۆژوو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردنە گشتییەکانی جەستە، بەتایبەت هەوکردنی گیرفانەکانی لووت و ڕێڕەوە هەواییەکان.
• کەمکردنەوەی نۆرەی ڕەبۆ: لە ڕێگەی کەمکردنەوەی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ سورێنچک (کە هۆکارێکی توندبوونی ڕەبۆیە)، ڕۆژووگرتن دەبێتە هۆی ئارامکردنەوەی کۆئەندامی هەناسە.
• هەلێکی زێڕین بۆ جگەرەکێشەکان: مانگی ڕەمەزان دەرفەتێکی گونجاوە بۆ وازهێنان لە جگەرە، کە ئەمەش مەترسییەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان و بۆڕییەکانی هەناسە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
ڕێنماییە زێڕینەکان بۆ نەخۆشانی سینگ
سەرەڕای سوودەکانی، دکتۆر سامی ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە نەخۆشانی کۆئەندامی هەناسە وریا بن بۆ ئەوەی تووشی لێکەوتەی نەخوازراو نەبن، لەو پێناوەشدا ئەم ڕێنماییانە پێشنیار دەکات:
1. بەرەنگاربوونەوەی وشکبوونەوە: پێویستە نەخۆش لە نێوان ئیفتار و پارشێودا بڕێکی زۆر ئاو بخواتەوە، چونکە وشکبوونەوەی جەستە دەبێتە هۆی وشکبوونی قوڕگ و لووت، ئەمەش کۆبوونەوەی بەڵغەم و توندبوونی هەناسەی لێدەکەوێتەوە.
2. پارێزی لە جۆری خۆراک: دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی تیژن (Spicy) یان دەبنە هۆی زیادبوونی هەستیاری، چونکە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ڕێڕەوی هەناسە دەبێت.
3. چاوکراوەیی پزیشکی: لە کاتی هەبوونی هەر بارودۆخێکی کتوپڕ یان توندبوونی نائاسایی هەناسە، پێویستە بێ دوودڵی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.

