رۆژنامەی ھەولێر

کێ دەتوانێت بەڕۆژوو بێت؟

ماكوان عیزەت -هەولێر

د. بێستوون ئەحمەد شێخانی، پسپۆڕی بەرگریی جەستە، لەبارەی کاریگەرییەکانی بەڕۆژووبوون لەسەر ئەو کەسانەی کێشەی کەمخوێنییان هەیە، چەند ڕێنماییەکی گرنی هەیە و ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی کەمخوێنی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە؛ هەندێک نەخۆش دەتوانن بەبێ کێشە بەڕۆژوو بن، بەڵام بۆ هەندێکی تر مەترسی تەندروستی دروست دەکات.

بە گوتەی د. بێستوون، زۆربەی حاڵەتەکانی کەمخوێنی پەیوەندییان بە بەدخۆراکی و کەمیی ڕێژەی ئاسنەوە هەیە. بۆ ئەوەی ئەم کەسانە مانگێکی تەندروست بەڕێ بکەن.
یەکەم: کاتەکانی ژەمەکان ڕێک بخە
پێویستە نەخۆش کە بانگ درا، بەربانگ بکاتەوە و تا دەتوانێت ژەمی پارشێو دوا بخات، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی ماوەی برسیەتی و تێنوویەتی. باشترین دەسپێک بۆ دەمکردنەوە خورمایە، چونکە جگە لە ئاسن، شەکری سروشتیی تێدایە و خێرا وزە بە جەستە دەبەخشێت.
دووەم: جەختکردنەوە لەسەر جۆری خۆراک
بۆ پڕکردنەوەی ئەو ماددانەی جەستە لەدەستی دەدات، پێویستە ئەم جۆرە خۆراکانە لەسەر سفرەی بەربانگکردنەوە و پارشێو هەبن:
• خۆراکی پڕ ئاسن: گۆشتی سوور، ماسی، جگەر، سپێناخ و جەرجیر.
• بنیاتنەرانی خڕۆکە سوورەکان: ئەو خۆراکانەی ڤیتامین و فۆلیک‌ ئەسیدیان تێدایە وەک هێلکە و سەوزەوات.
• میوەکان: شووتی، هەنجیر، مۆز و سێو کە سەرچاوەی گرنگی ئاسنن.
• چەرەزات و ڕەگەکێڵەکان: گوێز، بادەم، شێلم و چەوەندەر، چونکە یارمەتی هەڵمژرانی ئاسن دەدەن.
سێیەم: ئاگاداریی خووە خراپەکان بە
• دوورکەوتنەوە لە وشکبوونەوە: خواردنەوەی بڕێکی زۆر شلەمەنی (ئاو و شەربەتی سروشتی) زۆر گرنگە، چونکە وشکبوونەوەی جەستە بۆ کەسی کەمخوێن مەترسیدارە.
• خواردنی قەدەغەکراوە: چا، قاوە و خواردنەوە گازییەکان ڕێگرن لە هەڵمژرانی ئاسن، بۆیە پێویستە لێیان دوور بکەونەوە.
چوارەم: دەرمان و پشوو
د. بێستوون جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک خشتەی خواردنی دەرمانەکان تێک بچێت و پێویستە بەپێی ڕێنمایی پزیشک لە نێوان دەمکردنەوە و پارشێودا دابەش بکرێن. هەروەها، پێویستە نەخۆش لە کاتی بەڕۆژووبووندا پشووی تەواو بدات و خۆی لە کاری تاقەتپڕووکێن بەدوور بگرێت.
ئەگەر لە کاتی بەڕۆژووبووندا هەستت بە بێهێزییەکی زۆر و ماندوێتی نائاسایی کرد، ئەوا جەستەت ئاماژەی سوورت بۆ دەنێرێت. لەو حاڵەتەدا پێویستە ڕۆژووەکەت بشکێنیت، ژەمێکی تەواو و شلەمەنی بخۆیت و دەستبەجێ ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکەیت.