ماكوان عێزەت – ههولێر
کێشەی باوبژ (غازات)ـی ناو ڕێڕەوی هەرس و ئاوسانی سک، یەکێکە لەو گرفتە باوانەی کە بەشێکی زۆری خەڵک بەدەستیەوە دەناڵێنن. زۆرجار نەخۆش بە گوزارشتی جیاواز وەک (قوڕقێنە، قەبزی، یان ئازاری ناوسک) باس لەم کێشەیە دەکات، بەڵام ئایا هەموو ئاوسانێکی سک تەنها کۆبوونەوەی باوبژە؟
پێناسەی باوبژ و نیشانەکان
دکتۆر هیوا ئەبوبکر حسێن، پزیشکی ڕاوێژکاری وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر، ڕوونی دەکاتەوە کە نابێت هەموو جۆرە ئازار و ئاوسانێک تەنها بە کۆبوونەوەی باوبژ دابنرێت. ئەو دەڵێت: “کاتێک باوبژی زیادە پەیدا دەبێت، هۆکارەکەی یان زۆر قووتدانی هەوایە، یان زیادبوونی خواردنی باش هەرسنەکراو لە ڕیخۆڵەکاندا، یانیش کەمبوونەوەی هەڵمژینی باوبژە بەهۆی گیرانی ڕیخۆڵەوە.”
هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی باوبژ
بە گوتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، چەندین هۆکاری جەستەیی و دەروونی لە پشت ئەم گرفتەوەن، لەوانە:
• تێکچوونی جووڵەی ڕیخۆڵە: وەک ئەوەی لە نەخۆشی شەکرە یان بەکارهێنانی هەندێک دەرماندا ڕوودەدات.
• کۆڵۆنی دەماری (IBS): کە یەکێکە لە هۆکارە باوەکان.
• پێنەکەوتن و هەرسپێنەکران: وەک لاکتۆز (شەکری شیر)؛ هەندێ کەس شیریان پێ ناکەوێ و، پێیان هەرس ناکرێ.
• هۆکاری دەروونی: دڵەڕاوکێ (قەلەقی) و فشاری دەروونی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کۆئەندامی هەرس هەیە.
• بەکتریا: گەشەی زیادەی بەکتریا لە ڕیخۆڵەکاندا.
ڕێنماییەکان بۆ چارەسەر و خۆپارێزی
دکتۆر هیوا چەند ڕێگەیەکی کاریگەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی باوبژ دەخاتە ڕوو:
1. ئەگەر باوبژ بە شێوەی قوڕقێنە بوو: پێویستە کەسەکە دەمپارێزی بکات لە خواردنەوەی غازی؛ بنێشتجاوین کەم بکاتەوە و، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی فشاری ڕۆژانەی بدات.
2. ئەگەر بووەتە هۆی ئاوسانی سک: لێرەدا دەستکاریکردنی سیستەمی خواردن گرنگە، بەتایبەت دەمپارێزی لەو جۆرە شەکرانەی هەرسکردنیان قورسە؛ وەک: لاکتۆز، فرۆکتۆز و، سۆربیتۆڵ.
3. ئەگەر هۆکارەکەی بەکتریا بوو: پێویستە پشکنینی ورد بکرێت و لەژێر چاودێری پزیشکدا چارەسەری پێویست وەربگیرێت.
کەی باوبژ دەبێتە مەترسی؟
ئەم پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەرس هۆشداری دەدات کە لە هەندێک حاڵەتدا نابێ کێشەکە پشتگوێ بخرێت. ئەگەر باوبژەکە “لەپڕ” سەری هەڵدا و ئەم نیشانانەی لەگەڵدا بوو، دەبێت دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت:
• دابەزینی کێشی لەش بەبێ هۆکار.
• توندی و سروشتی ئازاری ناوسک.
• نەمانی تۆح (حەزی خواردن) و سکچوونی بەردەوام.
بۆ دیاریکردنی چارەسەری ڕاست، پێویستە سەرەتا مێژووی کێشەکە بە وردی لای پزیشک باس بکرێت تا بزانرێت ئایا ئەمە تەنها “هەستێکە” یان گرفتێکی ڕاستەقینەی ناو ڕێڕەوی هەرسە کە پێویستی بە وەرگرتنی دەرمان هەیە.

