ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
دووگیانی قۆناغێکی هەستیارە و دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ئاستی هۆرمۆنەکانی جەستەدا، ئەم گۆڕانکاریانەش ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەیان لەسەر تەندروستی و جوانیی پێست دەبێت. د. کەژان کاوە تەها، دکتۆرا لە نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا وردەکاریی ئەو گۆڕانکاریانە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیان دەخاتە ڕوو.
دیارترین کاریگەرییەکانی دووگیانی لەسەر پێست
د. کەژان ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی ئەم نیشانانە کاتین و دوای منداڵبوون بەرەو باشتربوون دەچن، گرنگترینیان بریتین لە:
• تیرداگەڕانی ڕەنگی پێست (Melasma): ئەم دیاردەیە کە بە “ماسکی دووگیانی” ناسراوە، لە 90%ی خانماندا دەردەکەوێت. بە هۆی زیادبوونی ماددەی “میلانین”ـەوە، پەڵەی قاوەیی لەسەر دەموچاو و هێڵێکی تیر (تۆخ) لە ناوەڕاستی سکدا (linea nigra) دروست دەبێت.
• زیپکە و پێستی چەور: بەهۆی زیادبوونی هۆرمۆنی “ئیسترۆجین”، ڕژێنە چەورییەکان چالاکتر دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپکە و خاڵی ڕەش.
• کشانی پێست و وشکبوونەوە: بەهۆی گەورەبوونی قەبارەی جەستە، پێستی ناوچەکانی (سک، مەمک و ڕان) تووشی کشان و خوران دەبن.
• زیادبوونی موو: هەندێک لە خانمان لەم قۆناغەدا هەست بە زیادبوونی گەشەی مووی دەموچاو و جەستەیان دەکەن.
٤ ڕێنمایی زێڕین بۆ پاراستنی پێست
بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەریانە، د. کەژان کاوە ئەم ئامۆژگاریانە ئاراستەی خانمانی دووگیان دەکات:
1. دژەخۆر فەرامۆش مەکە: بۆ ڕێگری لە تۆخبوونی پەڵەکان، پێویستە ڕۆژانە دژەخۆر بەکار بهێنرێت.
2. شێدارکردنەوەی بەردەوام: بەکارهێنانی کرێمی شێدارکەرەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خوران و نیشانەکانی کشانی پێست.
3. وریایی لە بەکارهێنانی دەرمان: پێش بەکارهێنانی هەر بەرهەمێک کە ماددەی “ڕێتینۆید” یان چارەسەری توندی زیپکەی تێدایە، دەبێت ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت، چونکە هەندێکیان بۆ کۆرپەلە مەترسیدارن.
4. پشوودرێژی و ئارامگرتن: زۆربەی ئەم گۆڕانکاریانە دوای زایین (منداڵبوون) و زەیسانی، لەگەڵ ئاساییبوونەوەی هۆرمۆنەکاندا، وردەوردە نامێنن.

