رۆژنامەی ھەولێر

چــــــــاوکــــــــزی، دوای تەمەنی ١٠ ساڵان چارەسەر ناکرێت

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

تەندروستیی چاوی منداڵان یەکێکە لەو بابەتە هەستیارانەی کە زۆرجار بەهۆی “ڕواڵەتی ئاسایی” چاوەوە لەلایەن دایکان و باوکانەوە پشتگوێ دەخرێت. پزیشکانی پسپۆڕ هۆشداری دەدەن کە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەن، وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ گەشەی سیستەمی بینین و هەر دواکەوتنێک لە دەستنیشانکردنی کێشەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی “تەمبەڵبوونی هەمیشەیی” چاو.

پێنج ساڵی یەکەم؛ قۆناغی زێڕینی بینین
د. بێستون عومەر ساڵح، پزیشک و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو، ڕوونی دەکاتەوە کە منداڵ کاتێک لەدایک دەبێت، کۆئەندامی بینینی هێشتا پێنەگەیشتووە. ئەو دەڵێت: “لەگەڵ یەکەم بەرکەوتنی ڕووناکی، مێشک دەست دەکات بە فێربوونی وەرگرتنی وێنە. هەر هۆکارێک ڕێگر بێت لە گەیشتنی وێنەیەکی ڕوون بۆ سەر تۆڕی چاو، دەبێتە هۆی ئەوەی مێشکی منداڵەکە لەو گەشە سروشتییە بێبەش بێت.”
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات کە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەن زۆر هەستیارە. ئەگەر منداڵێک کێشەی خێلی، ئاوی سپی، یان کزیی هەبێت و وێنەیەکی تەڵخ بۆ مێشک بنێرێت، مێشک وێنە تەڵخەکە فەرامۆش دەکات و تەنها پشت بە چاوە باشەکە دەبەستێت، ئەمەش سەرەتای دروستبوونی “تەمبەڵبینی”یە.

هۆشداری: دوای تەمەنی ١٠ ساڵان کار لە کار دەترازێت
یەکێک لە مەترسیدارترین لێکەوتەکانی کزیی چاو، تێپەڕینی تەمەنی گەشەیە؛ د. بێستون جەخت دەکاتەوە: “ئەگەر منداڵ تەمەنی ١٠ ساڵانی تێپەڕ کرد، تەنانەت ئەگەر دواتر کێشەی چاوەکەش چاک بکرێتەوە، مێشک ناتوانێت وێنەکە ڕاست بکاتەوە، چونکە مێشک لە تەمەنی گەشەکردن و فێربوونی بینین دەرچووە.”
نیشانەکان و ئەرکی دایکان و باوکان
زۆرجار تەمبەڵبینی لە ڕواڵەتدا دیار نییە، بۆیە دایکان و باوکان پێویستە ورد بن لە سەرنجدانی منداڵەکانیان. پزیشکان ئامۆژگاری دەکەن کە لەم کاتانەدا سەردانی پزیشک بکرێت:
• هەر جۆرە خێلی و لارییەک لە چاودا.
• گومان لەوەی منداڵەکە شتەکان بە ڕوونی نابینێت.
• نزیکبینی یان دووربینییەکی زۆر.
تەنانەت ئەگەر منداڵ هیچ نیشانەیەکی دیاریشی نەبێت، پسپۆڕان بە پێویستی دەزانن لە تەمەنی ٤ بۆ ٥ ساڵان (پێش چوونە قوتابخانە) پشکنینێکی گشتیی بۆ بکرێت.

چارەسەر چییە؟
خۆشبەختانە چارەسەری تەمبەڵبینی لە تەمەنی منداڵیدا سادەیە بە مەرجێک زوو دەست پێ بکرێت. چارەسەرەکە بریتییە لە:
1. داخستنی چاوە باشەکە: بە گوێرەی خشتەیەکی ڕۆژانە کە پزیشک دیاری دەکات، چاوە باشەکە دادەخرێت تا مێشک ناچار بێت وێنە لە چاوە کزەکەوە وەربگرێت.
2. هاندانی مێشک: ئەم پرۆسەیە مێشک چالاک دەکاتەوە بۆ بینین و وەرگرتنی ڕەنگەکان لەو چاوەی کە تەمبەڵ بووە.
تەمەنی منداڵ چەند بچووکتر بێت، ئەنجامی چارەسەرەکە باشتر و خێراتر دەبێت. چاوەڕێ مەکە تا منداڵەکەت سکاڵا بکات، چونکە منداڵ نازانێت “بینینی ئاسایی” چۆنە؛ ئەوە ئەرکی ئێوەیە پێش تەمەنی قوتابخانە لە تەندروستیی چاوی دڵنیا ببنەوە.