ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان، بەشێکی زۆری ڕۆژووهوانان تووشی حاڵەتی خەواڵوویی و بێهێزی دەبن لە کاتی کارکردنی ڕۆژانەیاندا. پسپۆڕان هۆکاری ئەمە بۆ تێکچوونی کاتەکانی خەو و شێوازی نادروستی خۆراک دەگەرێننەوە.
کلیلەکە لە “خەوی شەوانە”دایە
د. سەفوەت عەبدولكەریم خۆشناو، پزیشكی شارەزای فریاكەوتن، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێکخستنی خەوی شەوان گرنگییەکی یەکجاری هەیە. ئەو ڕوونیدەکاتەوە کە خەوی ڕێکخراو دەبێتە هۆی چالاککردنی دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆیین، کە ئەم هۆرمۆنە لە کاتی خەوی ڕۆژدا دروست نابێت. بۆیە زوو خەوتن لە شەواندا دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە ڕۆژ چالاک بێت و بتوانێت بەسەر خەواڵووییدا زاڵ بێت.
پارشێو؛ ژەمێکی فەرامۆشنەکراو
د. سەفوەت ئامۆژگاری ڕۆژووهوانان دەكات كە نابێت بە هیچ بیانویەک ژەمی پارشێو فەرامۆش بکەن. بۆ دوورکەوتنەوە لە تینوویەتی و برسیەتی، ئەم خاڵانەی خوارەوە بە پێویست دەزانێت:
• بۆ ڕێگری لە تینوویەتی: خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ (وەک: گوێز، بادەم، سێو، قەڕنابیت، پەتاتە، چەوەندەر، هەرمێ، مۆز و برۆکلی)، چونکە ئاو بۆ ماوەیەکی درێژ لە جەستەدا دەهێڵنەوە.
• بۆ ڕێگری لە برسیەتی: خواردنی ئەو خۆراکانەی پڕۆتینیان تێدایە (وەک: نۆک، نیسک، پاقلە، لۆبیا، هێلکە، ماسی و شیری سروشتی).
• دوورکەوتنەوە لە: خواردنی چەور و سوێر لە کاتی پارشێودا.
ڕێنماییەکانی کاتی بەربانگ و دوای ئەوە
پزیشکەکە جەخت دەکاتەوە کە باشترین ڕێگە بۆ شکاندنی ڕۆژوو بەکارهێنانی خورما و ئاوە، ئەمەش بۆ ئەوەی جەستە بە خێرایی شەکر و ئاوی پێ بگات و ڕێگری بکرێت لە دابەزینی شەکری خوێن.
هەروەها چەند ڕێنماییەکی دیکەی تەندروستیی خستە ڕوو:
1. بڕی ئاو: لە نێوان بەربانگ تا پارشێو، پێویستە (١٠ بۆ ١٥) پەرداخ ئاو بخورێتەوە.
2. خەوتنەوەی دوای پارشێو: نابێت ڕاستەوخۆ دوای پارشێو بخەویت؛ پێویستە لانیکەم (٣٠ خولەک) چاوەڕێ بکەیت بۆ پاراستنی تەندروستیی گەدە.
3. دوورکەوتنەوە لە شیرینی: بۆ پاراستنی گورچیلە و دوورکەوتنەوە لە مەترسیی شێرپەنجە، پێویستە دەمپارێزی بکەن لە خواردنی سوورەوەکراو، پاقلاوە، شیرینی و شەربەتی دەستکرد و ڕەنگاوڕەنگ.
دەرفەتێک بۆ جگەرەکێشان
لە کۆتاییدا، د. سەفوەت خۆشناو داوا لە جگەرەکێشان دەکات ئەم مانگە بکەنە دەرفەتێک بۆ وازهێنان لە جگەرە، نێرگەلە و ماددە کحولییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ماددانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر دەمارەکانی دڵ هەیە و دەبنە هۆی تەسکبوونەوەی دەمارەکان و مەترسی وەستانی لەناکاوی گورچیلەکان.
تێبینی: ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، پێویستە تەنها بە ڕێنمایی و چاودێری پزیشکی پسپۆڕ بڕیاری بەڕۆژووبوون بدەن.

