ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
مانگی ڕەمەزان بۆ خانمانی دووگیان تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویستی بە چاودێرییەکی وردتر هەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی دایک و کۆرپەلە. لەم چوارچێوەیەدا، د. پۆیلە حەبیب زەنگەنە، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، کۆمەڵێک ئامۆژگاری و ڕێنمایی گرنگ ئاڕاستەی خانمانی دووگیان دەکات تا بە شێوەیەکی تەندروست ڕۆژووەکەیان بەڕێ بکەن.
سیستمی خۆراکی و شێوازی خواردنەوە
دکتۆرە پۆیلە جەخت لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی دەکاتەوە کە ڕێگر دەبن لە وشکبوونەوەی جەستە و تێکچوونی باری تەندروستی خانمەکە:
• بەرەنگاربوونەوەی وشکبوونەوە: پێویستە لە نێوان بەربانگ و پارشێودا بڕی ٨ تا ١٠ پەرداخ ئاو بخورێتەوە بۆ ئەوەی جەستە لە وشکبوونەوە بپارێزرێت.
• ژەمە سووکەکان: گرنگە لە نێوان دوو ژەمە سەرەکییەکەدا بایەخ بە خواردنی (سەوزەوات، میوە و گوێز) بدرێت.
• پارشێوێکی پڕ وزە: دکتۆرە ئامۆژگاری خانمان دەکات پارشێوەکانیان دەوڵەمەند بکەن بە پرۆتین و ڕیشاڵ (وەک: هێلکە، خورما، پاقلەمەنییەکان، ماست و مۆز) و باشتر وایە نیو کاتژمێر پێش بانگی بەیانی بخورێت بۆ دابینکردنی وزە لە درێژایی ڕۆژدا.
چەند قەدەغەکراوێکی گرنگ
بۆ دوورکەوتنەوە لە گرفتەکانی کۆئەندامی هەرس و تێکچوونی ئاستی شەکر، پێویستە خانمانی دووگیان لەمانە دوور بکەونەوە:
1. خوارنی چەور و حازربەدەست (فاست فوود): چونکە دەبنە هۆی دڵەکزێ و تێکچوونی گەدە.
2. شیرینییەکان: خواردنی شیرینی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی ئەنسۆلین و دواتر دابەزینی خێرا، ئەمەش هەستی برسییەتی و سەرگێژخواردن زیاد دەکات.
ڕێنماییە گشتییەکان و نیشانە مەترسیدارەکان
جگە لە لایەنی خۆراکی، دکتۆرە پۆیلە جەخت لەسەر لایەنی دەروونی و جەستەیی دەکاتەوە و دەڵێت:
“پێویستە خانمەکە لە ڕۆژدا ئارام بێت و دووربکەوێتەوە لە ماندووبوونی زۆر و کارکردنی زیادەڕۆ، هەروەها نابێت بە هیچ شێوەیەک خواردنی ئەو ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکیانە لەبیر بکات کە پزیشک بۆی نووسیوە.”
کەی پێویستە پەیوەندی بە پزیشکەوە بکرێت؟
خانمانی دووگیان دەبێت زۆر ورد بن، لە کاتی دەرکەوتنی هەر یەک لەم نیشانانەدا پێویستە دەستبەجێ ڕاوێژ بە پزیشک بکەن:
• هەستکردن بە سەرگێژخواردنی توند.
• ماندووبوونی بێ سنوور.
• کەمبوونەوەی جوڵەی کۆرپەلە.
ڕۆژووگرتن بۆ خانمانی دووگیان ئەگەر بەپێی ڕێنمایی پزیشکی بێت و سیستمی خۆراکی هاوسەنگ پەیڕەو بکرێت، دەکرێت بێ کێشە تێپەڕێت، بەڵام چاودێریکردنی وردی نیشانەکان وەک مەرجی سەرەکی دەمێنێتەوە.

