رۆژنامەی ھەولێر

مەترسییەکانی بەڕۆژووبوون بۆ نەخۆشانی “قوڕگ و لووت و گوێ”

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

مانگی ڕەمەزان گۆڕانکاری بەسەر سیستەمی خۆراک و خواردنەوەی مرۆڤدا دەهێنێت، ئەمەش بۆ هەندێک جۆری نەخۆشی دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ. د. زانا حەمەباقی، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ، تیشک دەخاتە سەر ئەو کێشە تەندروستییانەی لەم مانگەدا ڕووبەڕووی نەخۆشەکان دەبێتەوە.

وشکبوونەوە؛ دژمنی سەرەکی قوڕگ
د. زانا ڕوونیدەکاتەوە کە بەڕۆژووبوون دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەردانی لیک، ئەمەش وشکبوونەوەی دەم و قوڕگی لێ دەکەوێتەوە. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی:
• زیاتربوونی ئەگەری هەوکردنی قوڕگ.
• هەستکردن بە ئازار و قورسی لە کاتی قووتدانی خۆراک لە ژەمی بەربانگدا.
• تێکچوونی باری تەندروستی ئەو کەسانەی هەوکردنی توندی کۆئەندامی هەناسە و جیوبەکانیان هەیە.

هەوکردنی گوێ و پێویستی بە شلەمەنی
سەبارەت بە نەخۆشییەکانی گوێ، پزیشکەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەوکردنی توندی گوێی ناوەوە و دەرەوە پێویستی بە بەکارهێنانی بەردەوامی دەرمانی دژە بەکتریا (ئەنتی بایۆتیک) و هەستیاری هەیە. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ئەم نەخۆشانە دەبێت بڕێکی زۆر ئاو و شلەمەنی بخۆنەوە بۆ ئەوەی جەستەیان تووشی وشکبوونەوە نەبێت، ئەمەش وادەکات لە هەندێک بارودۆخدا نەخۆشەکە نەتوانێت بەڕۆژوو بێت.

ئاستەنگی وەرگرتنی چارەسەر
یەکێکی تر لە کێشەکان، پرسی دەرمان و سپراکانی لووتە. د. زانا حەمە باقی دەڵێت: “نەخۆشانی لووت لە کاتی بەڕۆژووبووندا پێویستیان بە بەکارهێنانی سپرا و دەرمانی تایبەت هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردن، بەڵام بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە ناتوانن لە کاتی خۆیدا وەریبگرن، ئەمەش وا دەکات نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و ئازاری توند زیاتر بێت.”
ئەم پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هەر نەخۆشێکی قوڕگ و لووت و گوێ، پێش بڕیاردان لەسەر ڕۆژووگرتن یان گۆڕینی کاتی دەرمانەکانی، ڕاوێژ بە پزیشکی تایبەتی خۆی بکات. بەتایبەت ئەو کەسانەی پێویستیان بە خواردنەوەی بەردەوامی شلەمەنی گەرم هەیە بۆ سوککردنی هەوکردنی قوڕگیان.
تەندروستی لە پێش هەموو شتێکەوەیە، ئەگەر هەستت بە ئازارێکی توند یان وشکبوونەوەی زۆر کرد، ڕاوێژی پزیشکی فەرامۆش مەکە.