رۆژنامەی ھەولێر

خەواڵوویی و بێهێزییەکەی دوای بەربانگ

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

دیاردەی خەواڵوویی، بێهێزی و تەمەڵی ڕاستەوخۆ دوای بەربانگکردنەوە، یەکێکە لەو کێشە باوانەی کۆمەڵێکی زۆر لە ڕۆژووگران پێوەی دەناڵێنن. پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەکەنەوە کە ئەم بێهێزییە نیشانەیە بۆ چەند هەڵەیەکی خۆراکی و جەستەیی کە پێویستە چارەسەر بکرێن.

هۆکارە سەرەکییەکانی بێهێزی دوای بەربانگ
دکتۆر کامەران ڕەسول ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراک، ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵێک هۆکار دەبنە سەرچاوەی ئەم حاڵەتە، لەوانە:
• خۆراکی ناتەندروست: خواردنی بڕێکی زۆر لە چەوری و شیرینی بە خێرایی لە کاتی بەربانگدا.
• کۆئەندامی هەرس: دابەزینی فشاری خوێن بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر خوێن بەرەو گەدە دەچێت بۆ پرۆسەی هەرس.
•تێکچوونی شەکری خوێن: بەرزبوونەوەی کتوپڕی گلوکۆز و پاشان دابەزینی بەهۆی ڕشتنی بڕێکی زۆر لە ئەنسۆلین.
• وشکبوونەوە: نەخواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو و شلەمەنی تەندروست لە نێوان بەربانگ و پارشێودا.
• کەمیی جوڵە: دانیشتن و پاڵکەوتنی زۆر و ئەنجام نەدانی چاڵاکیی وەرزشی.
• هۆکارە دەروونی و جەستەییەکان: فشار، دڵەڕاوکێ، کەمیی ڤیتامینەکان، یان بەکارهێنانی هەڵەی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەکان.
نیشانە باوەکانی بێهێزی و خەواڵوویی
بە گوتەی دکتۆر کامەران، ئەو کەسانەی دوای بەربانگ تووشی ئەم حاڵەتە دەبن، ئەم نیشانانەیان تێدا دەردەکەوێت:
1. هەستکردن بە بێتاقەتییەکی زۆر و تەمەڵی بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک.
2. سەرئێشە، گێژی و باوێشکدانی بەردەوام.
3. لەرزین، ئارەقەکردنی زۆر و دڵەپەکێ (خێرا لێدانی دڵ).
4. زوو گەڕانەوەی هەستی برسیەتی بە شێوەیەکی کتوپڕ.
5. دڵتەنگی و تووڕەیی بەبێ هۆکار.
چۆن خۆمان دەپارێزین؟
دکتۆر کامەران ژاژڵەیی جەخت دەکاتەوە کە بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشانە، پێویستە ڕۆژگەوان پەیڕەوی ڕێنماییە گشتییەکانی خۆراکی تەندروست بکەن. هەروەها دەستنیشانکردنی پێشوەختەی هەر کێشەیەکی تەندروستی (وەک کەمخوێنی یان تێکچوونی هۆرمۆن) گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی مانگی ڕەمەزان بە تەندروستییەکی باشەوە بەڕێ بکەن.
تێبینی: ئەگەر بێهێزییەکەت بەردەوام بوو و بووە ڕێگر لە کارە ئاساییەکانت، باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت بۆ پشکنینی ئاستی ڤیتامین و هۆرمۆنەکانت.