رۆژنامەی ھەولێر

کەی ڕۆژووگرتن دەبێتە مەترسی بۆ سەر گەشەی منداڵ؟

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

یەکێک لەو پرسیارە باوانەی لە مانگی ڕەمەزاندا ڕووبەڕووی خانمانی بەرمەمکانەوەبەر دەبێتەوە، پرسی کاریگەریی ڕۆژووگرتنە لەسەر پرۆسەی شیرپێدان. ئایا دایک دەتوانێت لە هەمان کاتدا هەم ڕۆژوو بگرێت و هەم بە بڕی پێویست شیر بداتە منداڵەکەی؟ د. کەژان کاوە، دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی، لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاریی و مەترسییەکانی ئەم بابەتە دەخاتە ڕوو.

منداڵی خوار ٦ مانگان؛ هێڵە سوورەکە
د. کەژان ئاماژە بەوە دەکات کە توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە ڕۆژووگرتن کاریگەریی نەرێنی لەسەر شیرپێدان دەبێت، بەتایبەت لە ڕووی کەمبوونەوەی بڕی شیرەوە.
ئەم پزیشکە هۆشداری دەدات کە: “کەمبوونەوەی بڕی شیر بەهۆی نەخواردنەوەی ئاوی پێویست، بۆ منداڵی خوار تەمەن ٦ مانگان زۆر مەترسیدارە. چونکە لەم قۆناغەدا تەنها سەرچاوەی خۆراک و گەشەی منداڵەکە شیری دایکە، هەر کەمبوونەوەیەکیش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی و گەشەی جەستەیی منداڵەکە دەبێت.”

کەی دایکی شیردەر دەتوانێت بەڕۆژوو بێت؟
بەپێی ڕێنماییەکانی د. کەژان کاوە، دایکان لەم دوو حاڵەتەدا دەتوانن بەبێ ترس ڕۆژوو بگرن:
• تەمەنی منداڵ: ئەگەر منداڵەکە تەمەنی سەروو ٦ مانگ بێت، چونکە لەو تەمەنەدا منداڵ دەتوانێت پەنا بۆ خواردنی تری وەک (شۆربا و خواردنی جێگرەوە) ببات لەپاڵ شیری دایکدا.
• تەندروستی دایک: پێویستە دایکەکە خۆی هیچ کێشەیەکی تەندروستی وەک (بەرزیی پەستانی خوێن یان شەکرە)ی نەبێت.

مەترسییەکان لەسەر تەندروستیی دایک
پزیشکەکە جەخت دەکاتەوە کە تەنها پرسی شیرەکە نییە، بەڵکو تەندروستی دایکەکەش گرنگە. ئەگەر دایکێک نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت، وەستاندنی ئاو و دەرمانەکان لە کاتی ڕۆژوودا کاریگەری خراپی لەسەر جەستەی دەبێت و مەترسی تێکچوونی باری تەندروستی لێ دەکرێت.

کورتەی ڕێنماییەکان:
پێویستە دایکان بەر لە بڕیاردان، ڕەچاوی تەمەنی منداڵەکەیان و توانای جەستەی خۆیان بکەن، تاوەکو فەریزەی ڕۆژوو نەبێتە هۆی پەککەوتنی گەشەی کۆرپەکانیان.