ماكوان عیزەت -هەولێر
زۆرێک لە ڕۆژووهوانان مانگی ڕەمەزان وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ ڕێکخستنەوەی کێشی لەشیان، بەڵام زۆرجار ئەنجامەکە پێچەوانە دەبێتەوە و تووشی زیادبوونی کێش دەبن؛ د. بینایی کامەران، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک، تیشک دەخاتە سەر هەڵە باوەکانی خواردن و وەرزش و چەند ڕێنماییەکی زێڕین بۆ کێشێکی تەندروست پێشکەش دەکات.
وەرزش لە ڕەمەزاندا؛ کەی و چۆن؟
د. بینایی ئاماژە بەوە دەکات کە جوڵە و وەرزش لەم مانگەدا پێویستی بە وریایی هەیە. ئەو دەڵێت “باش نییە لە کاتی بەڕۆژووبووندا وەرزشی قورس بکرێت کە ببێتە هۆی ئارەقەکردن و ماندووبوونی دڵ، چونکە جەستە ئاوی پێویستی نابێت و مرۆڤ تووشی سەرئێشە دەکات.”
پزیشکەکە دوو کاتی گونجاو بۆ وەرزش دیاری دەکات:
• پێش بەربانگ: تەنها یەک کاتژمێر پێش ڕۆژووشکاندن (وەرزشی سوک وەک پیاسەی خێرا یان پاسکیلسواری).
• دوای بەربانگ: دوو کاتژمێر دوای نانخواردن، کە باشترین کاتە بۆ ڕاکردن و وەرزشی چالاک.
تێبینی پزیشک: دروستکردنی ماسولکە لە ڕەمەزاندا زەحمەتە، چونکە جەستە بەدەست کەمیی پڕۆتینەوە دەناڵێنێت.
نەخشەی بەربانگێکی تەندروست
بۆ ئەوەی گەدە تووشی شۆک نەبێت، د. بینایی پێشنیاری ئەم هەنگاوانە دەکات:
1. دەستپێک: یەک پەرداخ ئاو و تەنها یەک دەنک خورما (زیادەڕۆیی لە خورما دەبێتە هۆی قەڵەوی).
2. تێکەڵەی سوودبەخش: باشترە ئاوەکە کەمێک سرکەی سێو، ئاوی لیمۆ و دارچینی تێدابێت بۆ سووتاندنی چەوری.
3. شۆربا: خواردنی شۆربا پێش ژەمی سەرەکی زۆر گرنگە بۆ ئامادەکردنی کۆئەندامی هەرس.
4. پشوو: دوای شۆربا، پێویستە ١٠ خولەک پشوو بدرێت یان نوێژ بکرێت، ئینجا دەست بە ژەمی سەرەکی بکرێت.
هۆشدارییە مەترسیدارەکان: جگەرە و چا
پزیشکی پسپۆڕی خۆراک هۆشداری توند دەداتە ئەوانەی ڕاستەوخۆ دوای بەربانگ پەنا بۆ جگەرەکێشان دەبەن، چونکە زیانێکی گەورە بە جەستە دەگەیەنێت.
هەروەها سەبارەت بە نەریتی چا خواردنەوە دەڵێت: “خواردنەوەی چا و کافاین ڕاستەوخۆ دوای نانخواردن هەڵەیەکی گەورەیە. چا ڕێگری دەکات لە مژینی ڤیتامین و کانزاکان، بەتایبەت ئاسن.” د. بینایی ئامۆژگاری دەکات کە لانیکەم ٤٥ خولەک دوای نانخواردن چا بخورێتەوە تاوەکو جەستە سوود لە پێکهاتە خۆراکییەکان وەربگرێت.

