کەیفی زیرەك کەمال*
ئەڵقەی نۆزدەم
لەم ساڵانەی ڕابردوودا، دیاردەیەكی نوێ بەرۆكی كۆمەڵگەی كوردی گرتووە، ئەویش کردنی نەشتەرگەریی لێبڕینی گەدە (*Gastric Sleeve)ـیە. ئەم نەشتەرگەریە كە پێشتر تەنها بۆ حاڵەتە زۆر مەترسیدارەكانی قەڵەویدا دەکرا، ئێستا وای لێ هاتووە زۆر كەس وەك “كلیلی سیحراوی” بۆ دابەزاندنی كێش لێی دەڕوانن.
بێگومان هیچ دەستكارییەك لە جەستەی مرۆڤدا بەبێ باج تێپەڕ نابێت، ئەم نەشتەرگەرییە كۆمەڵێك لێكەوتەی مەترسیداری هەیە كە نابێت بە هەند وەرنەگیرێن، لەوانە:
١. خوێنەچۆڕە (نەزیفبوون): كە مەترسییەكی كوشندەیە لە كاتی نەشتەرگەری و دوای نەشتەرگەریش.
٢. لێچوون (Leaking): دزەكردنی شلەمەنی گەدە بۆ ناو سك، كە دەكرێت ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیان.
٣. كەمی ماددە خۆراكییەكان: بەهۆی ئەوەی بڕی خواردن كەم دەبێتەوە و پرۆسەی هەرسكردن و هەڵمژینی گۆڕانكاری بەسەردا دێت، كەسەكە تووشی كەمی ڤیتامین و كانزا گرنگەكان دەبێت، بۆیە پێویستە تا ماوەیەكی درێژ (هەندێك جاریش تاهەتا) پشت بە حەب و تەواوكەرە خۆراكییەكان ببەستێت.
٤. كێشەی دیكە: وەك هێڵنج و ڕشانەوەی بەردەوام و دڵەكزێ و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە (GERD).
٥. كاریگەرییە لاوەكییەكانی بەنجلێدان و مەترسیی هەوكردنی برینەكان.
كێشەكە لە گەدەیە یان لە مێشك؟
پێویستە هەمووان ئەو ڕاستییە زانستییە بزانن كاتێك كەسێك ئەم نەشتەرگەریەی بۆ دەکرێ و كێشی دادەبەزێت، هۆكاری سەرەكی دابەزینی كێش خودی نەشتەرگەریەكە نییە، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە قەبارەی گەدە بچووك بووەتەوە و كەسەكە ناچار دەبێت كە بڕێكی كەمتر خۆراك بخوات.
بە واتایەكی دیكە، ئەگەر كەسێكی قەڵەو هەمان ئەو بڕە خۆراكە كەمە بخوات كە ناچارە دوای نەشتەرگەری بیخوات، بەبێ ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكەش كێشی دادەبەزێت، هەروەك دەگوترێ “گرێی بەر دەستانە، دەیدەینە بەر ددان!”
خاڵێكی جێسەرنجی دی، ئەوەیە ئەوانەی ئەم نەشتەرگەریە دەكەن پێویستە دواتر شێوازی ژیانیان بگۆڕن و لە شەكر و شیرینی و خواردنی ناتەندروست دوور بكەونەوە، چونكە توێژینەوەكان دەریانخستووە كە دوای تێپەڕینی چەند ساڵێك (٣ ساڵ و زیاتر) لە نەشتەرگەریەكە، گەدە دەست دەكاتەوە بە كشان (Stretching)، بەمەش كەسەكە توانای خواردنی زیاد دەكاتەوە و كێشی زیاد دەبێتەوە ئەگەر سیستەمە خۆراكێکی تەندروست پەیڕەو نەكات، زۆر نموونەشمان هەن کە دوای نەشتەرگەریی لێبڕینی بەشێکی گەدە، کەسەکە کێشی گەڕاوەتەوە هەمان کێشی بەر لە نەشتەرگەری، بگرە هەندێك جار زیاتریش! كەواتە لە كۆتاییدا هەر دەبێت بێیتەوە سەر ڕێگا ڕاستەكە، كە ئەویش “خۆراكی تەندروست”ـە.
لەوانەیە بپرسن، سەرەڕای ئەو مەترسیانە و لە كاتێكدا كلیلی چارەسەر (خۆراكی تەندروست) لە گیرفانی خۆیاندایە، بۆچی خەڵكی هێشتا ڕیز دەگرن بۆ ئەم نەشتەرگەرییە؟ وەڵامەكە ڕەنگە بە دڵی زۆرێك نەبێت، بەڵام هۆکارەکەی نەبوونی ئیرادەیە. بۆیە لای من وایە، قەڵەوی نەخۆشییەكە سەرچاوەكەی “خۆراك و شێوازی ژیانە”. چارەسەرەکەشی نە حەبە، نە دەرزییە، نە باڵۆنە و نە بڕینی بەشێكە لە جەستە، بەڵکو چارەسەر تەنها ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ خۆراكی تەندروستدا.
*ئەم بیروڕایە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی خۆراك (Gastric Bypass)یش نەگۆڕن.
پزیشکی گشتی*

