ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
زۆرێک لە ئێمە وەک گرفتێکی کاتی و سادەی کۆئەندامی هەرس سەیری “قەبزی” دەکەین، بەڵام پسپۆڕانی بواری نەشتەرگەری هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەم حاڵەتە هەمیشە تەنها ناڕەحەتییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو هەندێک جار دەبێتە نیشانەیەک بۆ کێشەیەکی گەورەتر لەناو جەستەدا.
د. دالیا تارق عەزیز، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، تیشک دەخاتە سەر ئەو خاڵە وەرچەرخانانەی کە قەبزی لە حاڵەتێکی ئاساییەوە دەگۆڕن بۆ بارودۆخێکی مەترسیدار کە پێویستی بە دەستێوەردانی پزیشکیی خێرا هەیە.
نیشانە سوورەکان؛ کەی نیگەران بین؟
بەپێی ڕێنماییەکانی د. دالیا، ئەگەر قەبزییەکە لەگەڵ یەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەدا بوو، نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت:
1. گۆڕانی لەناکاوی فەرمانی ڕیخۆڵە؛ ئەگەر کەسەکە پێشتر کێشەی نەبووە و لەناکاو تووشی قەبزییەکی توند بووە کە زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوامە، تەنانەت بە گۆڕینی سیستەمی خۆراکیش باشتر نەبووە، ئەمە پێویستی بە بەدواداچوونە.
2. ئازاری توندی سک؛ هەستکردن بە ئازار و گرژداگەڕانی هێندە توند کە ڕێگری لە کاری ڕۆژانە بکات، ئاماژەیە بۆ ناڕێکییەکی جدی.
3. بینینی خوێن لەگەڵ پیسایی؛ دانانی خوێن، کاڵ بێ یان تیر، نیشانەیەکی هۆشدارکەرەوەی بەهێزە و، دەبێت سەرچاوەکەی لە ڕێگەی پشکنینی وردەوە دیاری بکرێت.
4. دابەزینی کێش بەبێ هۆکار؛ کەمکردنی کێشی جەستە بە شێوەیەکی بەرچاو بەبێ ئەوەی کەسەکە دەمپارێزی (ڕێجیم) بکات، لەگەڵ قەبزی، یەکێکە لە مەترسیدارترین نیشانەکان.
5. تا و ڕشانەوە و، دڵتێکهەڵاتن؛ دکتۆر دالیا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر قەبزییەکە گەیشتە ئاستی ڕشانەوە یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە، ئەوا ئەگەری “گیرانی ڕیخۆڵە” هەیە کە ئەمەش حاڵەتێکی کوتوپڕی پزیشکییە.
قەبزی تەنها گرفتێکی تێپەڕ نییە کاتێک لەگەڵ نیشانەی تری جەستەییدا دەردەکەوێت. وەک د. دالیا تارق عەزیز جەختی لێ دەکاتەوە، ناسینەوەی ئەم نیشانانە و سەردانی پزیشک لە کاتی گونجاودا، دەبێتە هۆی ڕێگریگرتن لە ئاڵۆزییە گەورەکانی وەک گیرانی ڕیخۆڵە یان نەخۆشییە درێژخایەنەکانی تری کۆئەندامی هەرس.

