رۆژنامەی ھەولێر

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار: جۆری خواردن ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ورووژاندنی سەرئێشەی سەراسێ و لاسەرە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

جگە لە هۆکارە باوەکانی وەک کەمخەوی، فشاری دەروونی و برسییەتی، توێژینەوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جۆری خۆراک ڕۆڵێكی سەرەکی دەگێڕێت لە زیادبوون یان کەمکردنەوەی هێرشەکانی ژانی لاسەرە (شەقیقە).

د. ڕەوەز عەبدولکەریم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، ڕێنمایی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە دەکات کە چاودێری سیستمی خواردنیان بکەن و لەو خۆراکانە دووربکەونەوە کە دەبنە هۆی ورووژاندنی کۆئەندامی دەمار.
بەپێی وتەی پسپۆڕان، کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوە هەن کە باشترە تووشبووانی شەقیقە خۆیان لێ بەدوور بگرن، لەوانە:
• بەرهەمە شیرەمەنییەکان: بەتایبەت شیر و پەنیری چێدەر.
• سەرچاوەکانی کافاین: وەک چوکلێت و قاوە.
• خواردەمەنییە دەستکردەکان: گۆشتی لەقوتونراو و ئەو خواردنەوانەی ماددەی “ئەسپەرتام” (شیرینکەری دەستکرد)یان تێدایە.
• خواردنەوە کحوولییەکان.
لە بەرامبەردا، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە هەندێک جۆری خۆراک وەک هێورکەرەوە کاردەکەن و ئەگەری سەرئێشە کەمدەکەنەوە، وەک:
1. سەوزەواتە گەڵادارەکان (سپێناخ و کەلەرم).
2. پاقلەمەنییەکان و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمیگا سێ.
3. پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی کیتۆ و کەمکردنەوەی خوێ و چەورییە زیانبەخشەکان.
تێبینی پزیشکی: “ئەزموونی هەر تووشبوویەک بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت؛ باشترین ڕێگە بۆ خۆپاراستن ئەوەیە کەسی تووشبوو تێبینی ئەو خواردنانە بکات کە پێشتر سەرئێشەکەیان لێ ورووژاندووە، تا لە داهاتوودا بە تەواوی لێیان دووربکەوێتەوە.”