د. فەرمان عوسمان بەرزنجی، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، وردەکارییەکانی نەخۆشینی پاقلە و ئەو مەترسیانە دەخاتە ڕوو کە ڕووبەڕووی تووشبووان دەبێتەوە.
ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
نەخۆشینی پاقلە (G6PD) تەنها حەزنەکردن نییە لە خواردنێکی دیاریکراو، بەڵکو تێکچوونێکی بۆماوەییە لە خوێندا؛ لەو نەخۆشینەدا جەستە بڕی پێویست لە ئەنزیمێکی گرنگ بەرهەم ناهێنێت. ئەم نەخۆشییە لە سەرانسەری جیهاندا بەربڵاوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاستدا؛ ڕەگەزی نێر زیاتر لە مێ تووشی دەبێت.
ئەنزیمی پارێزەر چییە؟
د. فەرمان ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارە سەرەکیەکەی نەخۆشییەکە کەمیی ئەنزیمی (G6PD)ـە. ئەرکی ئەم ئەنزیمە پاراستنی خڕۆکە سوورەکانی خوێنە لە تێکشکان و شیبوونەوەی پێشوەختە. کاتێک ئەم ئەنزیمە کەم دەبێت یان کاراییەکی تەواوی نابێت، خڕۆکە سوورەکان لە بەرانبەر هەندێک ماددەدا بێبەرگری دەبن و دەستبەجێ تێک دەشکێن.
نیشانەکان؛ کەی زەنگی مەترسی لێدەدرێت؟
زۆربەی تووشبووان لە دۆخی ئاساییدا هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام تەنها چەند خولەکێک یان کاتژمێرێک دوای خواردنی پاقلە، نیشانەکان بە توندی سەر هەڵدەدەن:
• بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و سەرئێشەی توند.
• زەردهەڵگەڕانی دەموچاو و سپیداگەڕانی ڕەنگی پێست.
• زیادبوونی لێدانی دڵ (دڵەکوتە).
• ئازاری کوتوپڕ لە ناوچەی سک و پشت.
• لە حاڵەتە قورسەکاندا، نیشانەکانی زەردوویی بە ڕوونی دەردەکەون.
دەستنیشانکردنی پزیشکی
بۆ دڵنیابوونەوە لە نەخۆشییەکە، پزیشکان پەنا بۆ چەند پشکنینێکی تاقیگەیی دەبەن:
1. پشکنینی میز: بۆ بینینی پاشماوەی خوێنی تێکشکاو (Haemoglobinuria).
2. پشکنینی تەواوی خوێن (FBC): کە تێیدا کەمخوێنی و نیشانەی تێکچوونی خڕۆکە سوورەکان دەردەکەوێت.
3. پشکنینی بیلیڕوبین: ڕێژەکەی لە خوێندا بەرز دەبێتەوە، لە کاتێکدا پشکنینی کارای جگەر (LFT) بە ئاسایی دەمێنێتەوە.
چارەسەر و خۆپارێزی؛ دوورکەوتنەوە تەنها ڕێگەیە
لەبەر ئەوەی نەخۆشییەکە بۆماوەییە، چارەسەرێکی بنبڕی نییە، بەڵام دەکرێت بە ڕێکاری سادە ژیانێکی ئاسایی بەسەر ببرێت. د. فەرمان جەخت لەم خاڵانە دەکاتەوە:
گرنگترین ڕێکارەکان:
• دەمپارێزی لە پاقلە: دوورکەوتنەوەی تەواو لە خواردنی پاقلە.
• خۆپاراستن لە ژینگەی پاقلاوی: کەسی گیرۆدە، نابێ بچێتە ناو کێڵگەی پاقلە، چونکە تەنانەت هەڵمژینی دەنکەهەڵاڵەی پاقلەش کاری تێ دەکات.
• ئاگاداری دەرمان بن: هەندێک دەرمانی وەک (ئەسپرین، دەرمانی مەلاریا، دەرمانی سەلفا و هەندێک ئازارشکێن) دەبنە هۆی تێکشکانی خوێنی نەخۆشەکە، بۆیە پێویستە پێش وەرگرتنی هەر دەرمانێک پزیشک ئاگادار بکرێتەوە.

